- ئاسۆ ئەسعەدی
شاری سەقز یەکێک لە مێژووییترین شارەکانی کوردستان و جیهانە کە کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گەورە، ئەم شارە دێرینە سەردەمانێک لانکی مێژوو و کولتوور بووە و بە تێپەڕبوونی سەردەم ئەم دوو لایەنە زیاتر خۆیان لە دڵی شارەکەدا نیشان داوە. بە شێوەیەک کە لە ئەمڕۆدا نازناوی "گەوهەری مێژووی کوردستان"، بووە بە نیشانی ئەو شارە.
سەقز چوار ناوچەی سەرەکیی بە ناوەکانی "ناوەند، زێویە، ئیمام و سەرشیو"ی هەیە کە ئەوانیش خۆیان بریتین لە چەندین ناوچەی بچووکتر و گوند و گوندستان.
ڕێژەی دانیشتوانی شاری سەقز بەپێی دوایین سەرژمێری کە لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینی ئەنجام دراوە، نزیک بە ١٨٢ هەزار کەسە و سەرجەم دانیشتوانی ئەو ناوچەش دەگاتە نزیک بە ٢٣٧ هەزار کەس، کە بە زاراوەی سۆرانی قسە دەکەن و ئیسلامی سوننەش ئایینیانە.
هەڵکەوتنی سەقز لەسەر کۆمەڵێک تەپۆڵکە و بەرزایی و نزیکبوون لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و هەروەها بەرزایی ١٤٧٦ مەتر لە ئاستی دەریاوە بووەتە هۆی ئەوەی کە کەش و هەوایەکی سارد و کوێستانی و زستانی سارد و سەهۆڵبەندانی هەبێت و لەلایەکی دیکەوە لە هاویندا شەوانی فێنک بێت.
چۆمێک کە بەنێو شاردا تێدەپەڕێت و شار دەکاتە دوو لەت و دیمەنێکی تایبەت و دڵڕفێن دەداتە شار، لە شاخەکانی وەزەنە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسەوە سەرچاوە دەگرێت.
مێژینەی شاری سەقز دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار و پێنجسەد ساڵ پێش، هەرچەند کە هەندێک لە لێکۆڵەران و شوێنەوارناسان ئەو مێژووە تاکوو حەوت هەزار ساڵ لەمەوبەریش درێژ دەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا بەپێی ئەو ئاسەوارانەی وا لە سەقز و ناوچە جیاوازەکانی دۆزراونەتەوە، مێژووی زیاد لە سێ هەزار ساڵی ئەو شارە پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەم مێژووە درێژ و بەنرخەی سەقز کە لە چوارچێوەی ئاسەوار، قەڵا، بینا و گەڕەکە کۆنەکان لە ئەمڕۆدا ماونەتەوە و هاوکات لەگەڵ سروشت و دیمەنە جوانەکانی ئەو ناوچە، بووەتە هۆی سەردانی گەشتیاران و شوێنەوارناسان لە سەرانسەری جیهان.
دیارە کە هەر بەبۆنەی مێژوییبوونی ئەو شارە، زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکانی، شوێنگەلێکی کۆن و مێژوویین کە لەوانە "قەڵای زێویە، ئەشکەوتی کەرەفتوو، مزگەوتی دوو منارە، مزگەوتی شێخ مەزهەر، مزگەوتی تورجان، مزگەوتی شێخ حەسەنی مەولاناوا، حەمامی حاجی ساڵح و کاروانسەرای تاژەوانچی" بەشێکن لە گرینگترین ئاسەوار و شوێنە مێژووییەکانی سەقز.
لەم شوێنانە و دەیان شوێن و ناوچەی دیکەی سەر بە سەقز کۆمەڵە گەنجینە، ئاسەوار، کەلوپەل و کەرەستەی مێژوویی لە جۆری زێڕ، زێو، مەفرەغ و گۆزە و... هتد دۆزراوەتەوە کە لە مۆزەخانە بەناوبانگەکانی وڵاتانی جیهان کۆ کراونەتەوە و لەبەرچاوی گەشتیاراندایە.
هەروا کە لە ناوی سەقز دیارە، ئەم شارە پێتەختی سەکاکان بووە کە "سەکز" یان "ساکزیی" ناو بووە و لە ماوەی سەدان ساڵ پێتەختی ئەو هۆزە و هەروەها دواتریش پێتەختی مادەکان و پێشتریش مانناییەکان بووە.
لە سەردەمی مانناکان ناوی شارەکە "ئیزیرتا" و پاش ئەوان "ئیسکیت"، بووە کە دواتر لەلایەن سەکاکانەوە گۆڕاوە و ئیتر لە پاش ئەوان گۆڕینێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.
دیارە ئەمەش هۆکاری ئەوە بووە کە سەکاکان لە پاش بە دەسەڵات گەیشتنی "هۆڤەخشترە"، گەورەترین پاشای مادەکان تێکەڵی ئەو فەرمانڕەواییە بوونە و لە شەڕکردن لەگەڵیاندا خۆیان بواردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا "ڕۆمان گێرشمان"، دیرۆکناس و شوێنەوارناسی بەناوبانگی فەڕەنسی- ئوکڕاینی دەڵێت: سەکاکان بەشێکیان لە کوردستان کردە پێتەختی خۆیان کە لە ئێستادا بە مێژوویەکی سێ هەزار ساڵە، یەکێکە لە بەتەمنترین شارەکانی جیهان.
لە دوای هاتنی ئیسلام و تێکشکانی ئیمپراتۆرییەتی ساسانی و دروستبوونی دەسەڵاتی ئاغایەتی لە کوردستاندا، "کڵۆڵ بەگ"، خانی بە ناوبانگی ئەردەڵان لە ساڵی ٦٢٠ی هەتاوی، دەستی بەسەر سەقزدا گرت و ئەو شارە کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەردەڵانەکان، هەرچەند دواتر سەقز کەمتر لە ژێر حوکمڕانیی ئەردەڵانەکان مایەوە. پاشان بەهۆی سنووری بوونی ئەو ناوچە لەنێوان ئیپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێران، هەر جارەو لەلایەن یەکێک لەو دوو حکوومەتە، حاکمی بۆ دانراوە. لە سەردەمی قاجاڕیشدا، ناسرەدین شای قاجاڕ کۆتایی بە حوکمڕانیی ئەردەڵانەکان لە سەقز هێنا، هەرچەند لە پاش ئەوەش هەندێک لە خانانی ئەردەڵان لە سەقز و ناوچەکانی حکوومەتیان دەکرد.
لە مێژووی هاوچەرخیشدا، خەڵکی شاری سەقز بەردەوام لە خەبات و شۆڕشە جیاوازەکانی گەلی کورد لە کوردستاندا چالاکیی بەرینیان بووە و تەنانەت قوربانیی زۆریشیان داوە. هەروەها شاری سەقز لە شۆڕشی مەزنی سمکۆی شکاک و خەباتی ڕزگاریخوازانەی ١٩٧٩ی زایینی بە دژ دەسەڵاتی پاشایەتی و هەروەها خەباتی ٤٠ ساڵی ڕابڕدوو لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.
هەروەها لەم دواییانەشدا شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا کە یەکێک بوو لە مەزنترین شۆڕشەکان لە ئاستی ئێراندا، لە شاری سەقزەوە هەڵگیرسا و هەموو ئێرانی گرتەوە و کاردانەوەی هەموو جیهانی لێکەوتەوە.
هەر بەم بۆنەوە یەكێک لە نوێترین نازناوەکانی شاری سەقز، شاری "ژن، ژیان، ئازادی"یە کە چووە پاڵ نازناوەکانی دیکەی ئەم شارە وەکوو، "شاری مێژوویی کوردستان، شاری گوڵان، شاری عیرفان و ئەدەب، شاری زۆرانبازی و پێتەختی شانۆی کوردی و... هتد".
ڕەنگە هەر ئەم هەستە شۆڕشگێڕانەی ئەم شارە وای کردبێت کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیش هەر وەک دەسەڵاتی پاشایەتی زۆر گرینگی بە گەشەی ئەم شارە نەدەن و یەکێک لە مێژووییترین شارەکانی جیهان تەنانەت مۆزەخانەیەکی لەنێو خۆیدا نەبێت، تاکوو سەرمایە و ئاسەوار و کەلوپەلە چەند هەزار ساڵەکانی ببن بە زینەتی مۆزەخانەکانی تاران و وڵاتانی جیهان.