شاهیندێژ شارێکی دێرین لە پارێزگای ورمێ

 

شنۆ ڕەسووڵی

گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان، تەنیا تایبەت بە کوردستان نییە و لە هەمووی جوغرافیای ئێراندا ئەو کارە کراوە. لە نێو تورکەکان، فارسەکان، عەرەبەکان، بەلووچەکان، گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان هەیە. ئەوە سیاسەتێکی ڕێژیمە داگیرکەرەکان بووە بۆ یەکدەست کردن و سڕینەوەی شوناسی نەوەتەکانی ئێران. شاری شاهیندێژ لە پارێزگای ورمێ هەڵکەوتووە و ئاسەوارێکی زۆری مێژوویی لە سینگی خۆیدا شاردووەتەوە.

شاهیندێژ لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین بە "ئاوکانە" ناوی هاتووە. سەبارەت بە ناوی ساین قەڵا، بەپێی مێژوو، لە سەردەمی ساسانییەکان، خەڵکێکی زۆر نوێژیان بۆ پەرستگای ئاگری ئازەرگوشاسب دەکرد کە دەکەوێتە تەختی سلێمان. ئەو شوێنە ٣٠ کیلۆمەتر لە شاری ئێستای شاهیندێژ دوورە و زۆرێک لەوانە کەسانێکی بەناوبانگ و سوڵتانی ساسانی بوونە کە پێش ئەوەی بگەنە پەرستگەکە، قەڵایەکیان لەو شاهیندێژی ئێستا دروست کردبوو و ناویان نابوو سایندژ.

لە دوای هاتنی ئیسلام، سایندێژ، ناوی بۆ ساینقەڵا گۆڕدراوە، لە سەردەمی پەهلەوییشدا پێی دەگوترا "شاهیندێژ " و تا ئێستاش بە جۆرە ناوی دەهێنن. هەروەها شاهیندێژ بە "قەڵای هەڵۆ"ش ناوی هاتووە.

شاهیندێژ پێش ئیسلام کەوتبووە سەر ڕێگای پەرستگای ئاگری ئازەرگوشەسب و پیاوماقوڵانی زەردەشتی، دوای سەردانی ئەم شوێنە پیرۆزە، قەڵایەکیان بۆ پشوودانیان دروست کرد کە وردە وردە گەورەتر و گەورەتر بوو و لە کۆتاییدا بوو بە شارۆچکەیەکی بچووک.

 هەڵۆ وەک پاسەوانی ئەم قەڵایە دیاری کراوە کە ئێستاش لە باکووری ئەم شارە ڕەوەزەبەرد هەیە کە بە هێلانەی هەڵۆ ناسراوە. ئەو شارە ناوچەی هەوشار یا هەمان ئەفشاری هەیە کە لە دوو بەشی دیاریکراو پێکهاتووە کە دوو کەشوهەوای جیاوازیان هەیە و دەکەوێتە ئەوپەڕی باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ورمێ، لە نێوان بیجاڕی گەڕووس و سەقز لە پارێزگای سنە و خەمسەی زەنجان و سەراسکەندیی میانە لە ئازەربایجان و بۆکان و تیکاب لە پارێزگای ورمێ هەڵکەوتووە. ئەو ناوچەیەی کە ناوەندەکەی تیکاب بێت پێی دەوترێت مەحاڵی سەرەوە و ئەو ناوچەیەی تر کە ناوەندەکەی شاهیندێژی ئێستایە پێی دەوترێت مەحاڵی خوارەوە.

زۆربەی دانیشتووانی شاهیندێژ و گوندەکانی دەوروپشتی کوردن. خێڵەکانی چەرداوڕوو، موسڵانی، زاخۆرانی، حەشتروودی و شاهسەون کە کوردن لە شاهیندێژ دەژین.

لەو شارەدا دوو گردی تێدایە دروستکراوی مرۆڤن کە لە سەردەمی دەسەڵاتی مەغۆلەکاندا دروست کراون بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هێرشی دوژمنان ببنەوە. لەو هەڵکۆڵینانەی لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی (2009ی زایینی) لەسەر یەکێک لەو گردانە بە ناوی"گردی قەپان" ئەنجام دراون، لە ڕووی تۆی خاکەکە دەرکەوتووە کە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ دەورەکانی ئیسلامی، ساسانی، مانایی، سەردەمی ئاسن، برۆنزی تەمەنی 3.2 و 1، کاڵکۆلیتیک (سەردەمی مس و بەرد)، نوێ، نێوەڕاست و کۆن، هەروەها سەردەمی نیۆلیتیک (نیۆلیتیک) کە  کۆنترین چینی نیشتەجێبوونی ئەم ناوچەیە پەیوەندیی بە سەردەمی نیۆلیتیکەوە هەیە، کە ئەمەش دەڵێن تەمەنی ٨٠٠٠ ساڵه.

لە هەڵکۆڵینەکانی ساڵی ١٣٨٥(2006ی زایینی)دا قاپی گڵیی زەڕینفام کە بۆ سەدەی ٣ و ٤ی کۆچی دەگەڕێتەوە، دۆزرایەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێگەی ئەم ناوچەیە وەک یەکێک لە ناوەندە گرینگەکانی بەرهەمهێنانی قاپی گڵیی زەڕینفام. لە یەکێک لەو قاپە گڵییەی کە لەم ناوچەیە دۆزرایەوە، وێنەی هەڵۆیەکی لێ کێشرابووەوە کە ئاسکێک ڕاو دەکات.  هەروەها بەردەنووسراوەیەک بە ڕێنووسی کووفی بە تەوەرەی هیوای تەندروستیی باش و نیعمەت بۆ خاوەن قاپەکە کە لەسەری هەڵکەندراوە دۆزرایەوە. حەمامە مێژووییەکەی قەپان سەر بە سەردەمی کۆتاییی قاجارە لەو شارە هەڵکەوتووە.

چۆمی جەغەتوو لە تەنیشت ئەو شارە تێدەپەڕێ کە یەکێکە لە درێژترین و پڕئاوەترین ڕووبارەکانی پارێزگای ورمێ کە ئەو ئاوە بووەتە هۆی ئەوەی زەوی و زارێكی زۆر لەبەریدا ببنە ئاویژە. چیای پیرمحەممەد، چێای قەرەداش و تاڤگەی قۆزلوو شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی ئەم شارەن. جێگای سەرنج ئەوەیە حکوومەتی ئێران ناوی ئەو تاڤگەیەی ناوە اوزان بەڵام خەڵکی شارە پێی دەڵێت: "شۆڕشۆڕی قۆزلوو".

کۆمەڵە بەردەکانی بی بی کەند بۆ هەزارەی پێنجەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەو کۆمەڵە بەردە سروشتی نییە و لەلایەن مرۆڤەوە هەڵکەندراوە و لە نزیک گوندی بی بی کەند دروست کراوە کە دەکەوێتە ١٦ کیلۆمیتریی شاری شاهیندێژ.

کۆمەڵە بەردەکانی بی بی کەند وەک چەندین ژوور هەڵکەندراون کە بە ڕێڕەوی پێچاوپێچ و تەسک بە یەکەوە بەستراونەتەوە. دەرگای چوونە ژوورەوەی لە شێوەی پەنجەرەیەکدایە، کە لە ڕابردوودا ئاوی کانیاوێک بە ڕێگایەکی تەسکدا ئاراستەی ژوورەکە کراوە.

نەقشەکانی سەر بەردەکانی گوندی عەقرەبلوو، یەکێکی دیکە لە ئاسەوارەکانی ئەو شارەیە. ئەو نەقشانە لەسەر بەردی ساف و لووس هەڵکەندراون. ئەو وێنانەی لەسەر بەردەکانن ئاژەڵ، مرۆڤ، نەخشی هەندەسی و کەرەستەی وەک ڕم، تیر و کەوان، گۆچان و شتی دیکە لەخۆ دەگرێت.

شوێنەوارناسەکان دەڵێن ئەو شارە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و ئاسەوارەکانی ئەو شارە ئەو ئیدیعایە دەسەلمێنن.

KURDŞOP
571 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!