«سیروان» تەنها ناوی ڕووبارێک نیه!

هەورام ئەحمەدی

 

‌«سیروان» گرنگترین و بەناوبانگترین ڕووباری ناوچەی هەر دوو هەورامانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانه که ڕێگایەکی تاڕادەیەک درێژ و پێچاوپێچی هەیە. ئەم ڕووبارە لە بەشی «ڕەزاو» و «مەریوان» لە  ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوە دەگرێت و پاش یەکگرتنی دوو ڕووباری «قشڵاق» و «گاوەڕۆ»  بە باکووری ڕۆژئاوای «هەورامانی لهۆن» لە پارێزگای «کرماشان» تێدەپەڕێت و دوای گەیشتن بە دۆڵی «خورماڵ» دەچێتە ناو «باشووری کوردستان» و دەڕژێتە ناو دەریاچەی بەنداوی «دەربەندیخان»ەوە. لە عێراق ئەم ڕووبارە ناوی ڕووباری «دیالە»ی وەرگرتووە و لە باشووری بەغداوه دەڕژێتە ناو ڕووباری «دیجلە» و لە ڕووباری «فورات» نزیکی دەکاتەوە.

بەڵام بۆ خەڵکی ئەم دەڤەرە «سیروان» نەک هەر دیاردەیەکی سروشتی و ڕووبارێکە، بەڵکو لایەنێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسیشی هەیە. لەڕاستیدا، ئەم ڕووبارە لانکەی ژیار و فەرهەنگ لە هەورامان بووه و چەندین کولتوور و ڕێوڕەسم و نەریت لە دەوروبەری ئەم ڕووبارەدا پێکهاتووە. لە زۆر شوێنی ئەم ڕووبارەدا چەندین شوێنەواری مێژوویی و زمانەوانی دروست بوون. بۆ نموونە «کانیاوی بل» بە مەودایەکی کورت لە ڕووباری سیروانەوە هەڵکەوتووە، کە ڕەنگە ناوەکەی لە خوداوەندی ئاوی بابلی کۆن وەرگرتبێت کە ناوی «بێل» بووە. ئەم سەرچاوگەیە گرنگییەکی بەرچاوی کولتووری و مێژوویی بۆ خەڵکی دەڤەری هەورامان هەیە و چووەتە ناو زمان، ئەدەب، شیعر و ئایینی خەڵکی ناوچەکەوه.

تاو ئەو جێگەی پێوەندی بە مێژووی کۆن و چاخی پێش مێژوو هەیه، ئاسەواری زۆر هەن کە دەرخەری گرینگایەتی لێوارەکانی ڕووباری سیروان وەک یەکەم قوناخەکانی مێژووی نیشتەجێبوونه. بۆ نموونه، «مەڕەو کناچێ» (واته: ئەشکەوتی کچ) مێژوویەکی گەورەی لە پشتەوەیە کە ئاوسەوار و بەرهەمەکانی ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر لەوێ دۆزراونەتەوە. شوێنی  مێژوویی دیکه، ناوچەی «بەردە مار» لە گوندی «ڕوار»ە کە گۆڕێکی پێش مێژوویی لێ دۆزراوەتەوە.

لە بواری کولتووریەوه شایانی باسه که لە سەدەی چوارەمدا «ئایینی یارسان» (ئەهلی حەق) -کە لە سەدەی دووەمی کۆچیدا  دامەزرا- لە لایەن «شاخوشین» لە تەنیشت ڕووباری سیروان سەقامگر بووه و لە سەدەی هەشتەمیشدا «سوڵتان سۆحاک» گەشەی پێداوه و ئێستا مەزارگەی خۆی لەسەر بناری شاخێک لە نزیک ئەم ڕووبارە هەڵکەوتووه. هەروەها دەگوترێت لە کاتی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئێران، ڕووباری سیروان شوێنێک بووه که ژنانی ناوچەکه لە ترسی دەستدرێژیی سەربازانی ڕووسی خۆیان لە ئاودا خنکاندووه. لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا، «سیروان» وەبیرهێنەری مێژووی خەباتی پێشمەرگەکانی «گوردانی شوانی کۆمەڵەیە» کە لە ڕووباری سیرواندا خنکان و ئەمە خۆی لە گورانی و ئەدەبیاتی کوردیدا ڕەنگدانەوەی تایبەتی هەبووه .

درێژیی ئەم ڕووبارە و تەمەنی بووەتە هۆی دروستبوونی شێوازی ژیانی هاوبەش لە دەوروبەری ئەم ڕووبارە و یەکگرتوویییەکی تایبەتی کولتووری لە نێوان شار و گوندەکانی دەوروبەریدا دروست کردووە. بەو پێیەی ناوی سیروان بووەتە ناوێکی تایبەتی کوردی کە لە دەوروبەری شارەکانی سەقز، مەریوان، سنە تا کرماشان و ئیلام و شار و دێهاتەکانی باشوری کوردستان ڕەنگدانەوەی هەیه. هەروەها، چەندین مێتافۆری ئیکۆلۆژی-ژینگەیی لە کارلێکی نێوان ئەم ڕووبارە و دانیشتوانی ناوچەکەدا دروست بوون، کە هەموو ئەمانە پێکەوە زمانێکی تایبەتیان لە ڕووی ئیکۆلۆژی و بایۆ-ئابووری و کولتوورەوە لە هەورامانی ڕوژهەڵات و باشووری کوردستان پێکهێناوە. بۆ نموونه، ئەگەر کەسێک مەلەوانێکی لێهاتوو بێت، پێی دەوترێت: «ئەرخەوانی سوورەوه پڕۆه» (واته: لە ئەرخەوانی سوورەوه دەپەڕێتەوه).  ئەمه بەو مانایەیە که سەرەتای بەهار و پشکووتنی ئەرخەوانه سوورەکانی لێواری سیروان، ئاوەکە لە بەرزترین ئاست دایە.

هەروەها، بەشێکی زۆری بژێوی ژیانی خەڵکی هەر دووبەشی هەورامانی ڕۆژهەڵات و باشوور گرێدراوی ڕووباری سیروانه و بژێوییەکی تایبەتی بۆ دانیشتوانی دەوروبەری دروست کردووه. دەوروبەری ئەم ڕووبارە شوێنێکی گونجاوە بۆ گەشەکردنی جۆرە جیاوازەکانی ماسی و باڵندە و جوانییەکی تایبەتی بەم ڕووبارە بەخشیوە. وێڕای ئەمه، ڕووباری سیروان بۆته هۆی دروستبوونی شێوازی باخداری و ئابووریەکی تایبەتی ئەم ناوچەیه، وەکوو باخە هەنارەکانی هەورامان. جێی ئاماژەیه که هاوینە هەوارەکانی دەوروبەری ڕووبارەکە بۆ هەزاران ساڵ سەرچاوەی ژیان بووە.

بەداخەوە وێڕای هەموو ئەم میرات و کولتووره بەنرخەی هەورامان و دەڤەری سیروان، لە چەندین ساڵ لەمەوبەرەوە، بەهۆی پڕۆژەی بەرفراوانی دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕێڕەوی ڕووباری سیروان لەناو چووه یان لەحاڵی لەناوچوندایه. لەڕاسیدا، بەنداوەکانی داریان، ئازاد، قەشڵاق، گاوشان، سلێمان شا و... لەو بەنداوانەن کە لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ساڵدا لە دوو پارێزگای کوردستان و کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ڕووباری سیروان دروستکراون. دروستکردنی ئەم بەنداوانە وێڕای ژێرئاو کەوتنی ئاسەوارە میأووییەکانی لێواری سیروان، کاریگەریی درێژخایەنەکانی ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ خەڵکی ناوچەکه لێ کەوتووتەوه.

KURDŞOP
650 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!