"گۆمی بێکۆدیان" بەرزترین و جوانترین گۆمی باشووری کوردستان


 

- سیپان سۆفیزادە

 

"گۆمی بێکۆدیان" کە بەرزترین و جوانترین گۆمی باشووری کوردستانە، دەکەوێتە ناوچەی باڵەکایەتی لە سنووری قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر. ئەم گۆمە لە نێوان لووتکە چیاکانی پڕخێڵند و قەرەد لە زنجیرە چیای حەساری سەکران هەڵکەوتووە و  ٣٤ کیلۆمەتر لە هاوینەهەواری پرژێی سەر بە قەزای چۆمان دوورە.

رووبەری گۆمی بێکۆدیان نزیکەی ٣٠٠ مەتر دووجایە و ٣١٩٨ کیلۆمەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرچاوەی ئاوەکەی کانیاوی لێوارەکانی و توانەوەی بەفری ناوچەکەیە. ئەو ناوچەیە، ناوچەیەکی بەفراوییە و لە ناوەڕاستی مانگی گەلاوێژیشدا بەفر بەرۆکی بەر نادات.

کوێستانی بێکۆدیان دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر و ٢١٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر و کەمتر لە کیلۆمەترێک لە سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دوورە. بە هۆی نزیک بووونی ئەم گۆمە لە سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرجار شاخەوان و گەشتیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش سەردانی گۆمی بێکۆدیان دەکەن.

ناوی گۆمی بێکۆدیان

ناوی گۆمی بێکۆدیان لە ناوی "بنەماڵەی بێکۆدیان" لە  گوندی "ڕێزێنەی" ناحیەی سەرکەپکانی سەر بە قەزای ڕانیەوە هاتووە، کە پێشتر وەک هەوار نشین هاوینان بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانییان چوونەتە دەوروبەری ئەم گۆمە و لەبەر گونجاوی و کەشوهەوای لەباری ناوچەکە، زۆر لەوێ ماونەتەوە هەر بۆیەش بە ناوی ئەو بنەماڵەیەوە ناو نراوە.

که‌شوهه‌وای گۆمی بێکۆدیان

پلەی گەرمیی ناوچەکە لە چلەی هاوینیشدا لە ١٠ بۆ ١٥ پلەی سیلیزی تێپەڕ ناکات. ئەم ناوچەیە زستانی سارد و سەختە و هاوینی زۆر فێنکە. تا کۆتایی وەرزی هاوینیش بەفری لێ نابڕێت و کەوتۆتە زۆنی ناشناڵپارکی "هەڵگورد-سەکران".

گۆمی بێکۆدیان و گه‌شتیاران

بێکۆدیان بە ئاوە سارد و سازگارەکەی و دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی، هاووڵاتیان سەرسام دەکات. بە تایبەت لە وەرزی هاویندا هاووڵاتیان لەبەر فێنکیی کەشوهەوای ناوچەکە سەردانی دەکەن و چێژ لە دیمەنە ناوازەکەی وەردەگرن. ساڵانە گەشتیارێکی زۆر و شاخەوانانی کوردستان و عێراق و دەرەوەش ڕووی تێ دەکەن. هەندێکیش لە گەشتیارەکان  شەو لەوێ دەمێننەوە و لەناو بەفراوی بێکۆدیان مەلەوانی دەکەن و سترێس و نەخۆشی لەوێ فڕێ دەدەن. ئاوی گۆمەکە زۆر ساردە و کەس ناتوانێت ماوەیەکی زۆر خۆی لە ناو ئەو ئاوە ساردەدا ڕابگرێت. بەڵام زۆر کەسیش پێیان وایە مەلەکردن لە ناو ئەو بەفراوە ساردەدا  بۆ تەندروستی بەسوودە.

ڕێگاکانی گۆمی بێکۆدییان

گۆمی بێکۆدیان چەند ڕێگایەکی جیاوازی هەیە. بەشێک لەم ڕێگایانە نزیک و زۆر سەختن؛ هەندێکیشان ڕێگای ئاسان و دوورن. بەشێوەیەکی گشتی بۆ گەیشتن بەم گۆمە، دەبێ نزیکەی ٨ بۆ ١٠ کاتژمێر بەناو لووتکەچیا و دیمەنی سیحراوی و هاژەی تاڤگە بەفراوەکاندا بە پیادە ڕێگە ببڕی جا دەگەیتە گۆمی بێکۆدیان.  یەکێک لە ڕێگا نزیکەکانیش لە چۆمانەوە تا شوێنی پیادە ڕەوی نیو کاتژمێر دوورە. بۆ گەیشتن بە گۆمی بێکۆدیان، دەتوانرێت سوود لە ئاژەڵی باربەری وەک "ئەسپ"یش وەربگیرێت.

رێگای چوون و گەڕانەوەی بێکۆدیان پڕن لە تاڤگە و کانیاوی سازگار، بە دەیان جۆر باڵندەی دەنگخۆش دەبینیت و سەدان جۆر لە گوڵ و گوڵزار ژینگە و سروشتەکەیان ڕازاندووەتەوە.

KURDŞOP
935 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!