مێژوو و هەڵکەوتەی شاری کەرکووک

 

هانی موڕتەزا

 

 

کەرکووک یەکێکە لە شارەکانی باشووری کوردستان. شارێکە کە لە رووی دانیشتووان و مێژووەوە کوردستانییە و هەڵکەوتەشی دەکەوێتە باشووری کوردستان. دانیشتوانی شاری کەرکووک زۆرینەیان کوردن و کەمینەی نەتەوەکانی دیکەشی تێدا دەژین و هەر لە کۆنەوە بووەتە ناوچەی پێکەوە ژیانی هەموو نەتەوە جیاوازەکان، وەک تورکمان و عەرەب، ژمارەی دانیشتوانی شاری کەرکووک لە ساڵی ١٩٤٧ دا (٦٩٥٢٦) کەس بووە.

 

ژمارەی دانیشتوانی شارەکە لە پێکهاتەی نەتەوەیی لە ساڵی ١٩٥٧ بەم شێوەیە بووە.

١- کورد : (١٧٨٠٠٠) کەس بووە.

٢- عەرەب (٤٨٠٠٠) کەس بووە.

٣- تورکمان (٤٣٠٠٠) کەس بووە.

٤- ئاشوری و کلدان (١٠٠٠) کەس بووە.

لە ھەمان ساڵی (١٩٥٧)دا ژمارەی کرێکار و کاربەدەستانی کورد لە کۆمپانیای نەوتی کەرکووکدا لە سەدا ھەشتا (٨٠٪) بووە بەڵام بە پێی دوایین سەرژمێری، رێژەی کرێکاری کورد لە ساڵی (٢٠٠٣)دا لە سەدا بیست (٢٠٪) بووە. ئەم کەم بوونەوەیەش دەسەڵاتی داگیرکەری نیشان دەدات. ئەمەش ئەوە دەردەخات کەرکووک خاکی کوردستان و زۆرینەی کورد نشینە، لە ساڵی ٢٠١٧ ژمارەی دانیشتووانی شاری کەرکووک 1 ملیۆن 260 هەزار کەس بووە.

سەرژمێریی ساڵی١٩٥٧سەلماندی و خستییە ڕوو کە زۆرینەی دانیشتوانی کەرکووک کورد بوون و هەر ئەمەش بووە هۆکار کە لە سەدەی ڕابردوودا چەند گۆڕانکارییەکی گرنگی دیمۆگرافی لە ناوچەکە ڕووبدات. بەتایبەت لە دوای دۆزینەوەی نەوت لەسەر خاکەکەی، حکومەتی عێراقی درکی بە گرنگیی ناوچەکە لەڕووی ئابووری و سامانی سروشتییەکانەوە کرد؛ بۆیە بە چەندان قۆناغ و شێواز، بڕیاری بەعەرەبکردنی شارەکە، سەپاندنی کەلتوور و زمانی عەرەبی بە زەبری هێز، ڕاوەدوونان و شاربەدەرکردنی کوردان، جێگیرکردنی عەرەبی هاوردە لە خواروو و ناوەڕاستی عێڕاقەوە و ... هەربۆیە عەرەب زەوی و موڵکی زۆربەی کوردانی داگیرکرد. ئەم سیاسەتانە تا ئێستاش بەردەوامن.  

ئەمە بەڵگەی ئەوپەڕی شۆڤێنیست بوونی بەعس و دەوڵەتی عێراق دەردەخات کە چۆن ساڵ لەدوای ساڵ کوردیان نان بڕاو و دەربەدەر کردووە.

 

هەڵکەوتەی شارەکە

شاری کەرکووک دەکەوێتە باکووری عێراق و باشووری کوردستانەوە، لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ملیۆنێک کەسی تێپەڕاندووە. ڕووبەرەکەی نزیکەی هەزار کیلۆمەتر دووجایە. لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سامانە نەوتییەکانییەوە شارێکی بە بایەخە و کۆنترین شارە نەوت بەرهەم دەهێنێت و خاکەکەی زۆر دەوڵەمەندە. شاری کەرکووک لە رووی هەڵکەوتەی مێژووییەوە لە ڕێزبەندی کۆنترین ٢٠ شاری جیهاندا و لە پلەی ١٤یەمدا جێی گرتووە.

 

گرنگترین ئەو خزمەتگوزارییانەی لە مێژووی شاری کەرکووکدا دروست کراون

١- یەکەمین یاریگای گۆڵف لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ١٩٤٠ لە کەرکووک دروست کرا.

٢- یەکەمین پرد لە کەرکووک لە شاڵی ١٨٧٥ درووست کرا و ناوی لێ نرا پردی بەردین.

٣- لە ساڵی ١٩٢٢ یەکەمین هۆتێل لە شاری کەرکووک بە ناوی ڕێست هاوس دروست کرا.

٤- لە ساڵی ١٩٤٠ یەکەمین سینەما لە شارەکەدا کرایەوە بە ناوی سینەمای غازی.

٥- لە ساڵی ١٩٢٥ یەکەمین هێڵی شەمەندەفەر لە شارەکەدا کرایەوە.

٦- لە ساڵی ١٩٦٧ تەلەفیزیۆنی کەرکووک کرایەوە.

 

گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەکانی شاری کەرکووک

١- قەڵای کەرکووک: گرینگترین شوێنەواری مێژوویی لە کەرکووک قەڵای کەرکووکە کە ٨٠٠ ساڵ پێش زایین لە لایەن پاشای ئاشوریی ناسربالی دووەمەوە بنیات نراوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان وەکو بنکەی سەربازگە بەکارهێنراوە.

ئەو قەڵایە لەسەر شێوازی (٤) کۆرنەوە و بە بەرزایی (١٢٠) پێ لەسەر ئاستی دەریاوە دروست کراوە. گرنگترین بەشی ئەو قەڵایە بریتیی بوو لە بەشی خۆرئاوا کە بە (شاتر) ناسراوە و لەگەڵ بوونی مەزارگەی نێردراوی خودا (دانیال).

لەلایەکی دیکەوە مێژووی قەڵای کەرکوک بۆ سەردەمی (مسماری) دەگەڕێنرێتەوە و دەگوترێ لە بنەڕەتدا ناوی شاری (ئەربخا) بووە کە ویلایەتێکی سەربەخۆ بووە لە هەزارەی دووەمی پێش زایین. لەو سەردەمەدا قەڵای کەرکووک بەناوی (دیمتۆ کرخی شلواخۆ) واتە (قەڵای نەوەی شیلوا) ناسرابوو کە حاکمێکی ئەو سەردەمە بەناوی (شا شیلوا تیشوب) دروستی کردووە.

٢- بازاڕی قەیسەریی کەرکووک: نزیکە لە قەڵای کەرکووکەوە لە ساڵی ١٨٥٥ لەلایەن عوسمانییەکانەوە دروست کراوە. شێوازی بنیاتنانی چەند هێمایەکی تیایە بەڵگە و نیشانەیە بۆ کات، ٣٦٥ دووکان لەخۆ دەگرێت کە هێمای ڕۆژەکانی ساڵە، ٢٤ لق و بەشی هەیە هێمایە بۆ کاتژمێرەکانی ڕۆژ، لە بەشی سەرەوەی ١٢ ژووری بچووکی تێدایە هێمایە بۆ ژمارەی مانگەکانی ساڵ، ٧ دەرگای سەرەکیی هەیە هێمایە بۆ ڕۆژەکانی هەفتە.

٣- مزگەوت و مەزارگەی پێغمبەر دانیاڵ.

٤- مزگەوتی مەجیدیە تەکیەی تاڵەبانییەکان.

ئەم مزگەوتە مەزارگەی چەند کەسایەتییەکی شارەکەی تێدایە لەوانە:

١- شێخ ئەحمەد تاڵەبانی.

٢- شێخ مەحمود زەنگەنە.

٣- عەبدولڕەحمان خالید قادری.

لە ساڵی ١٩٢٧ یەکەمین کێڵگەی نەوتی لە ناوچەی بابەگوڕگوڕ لە کەرکووک دۆزرایەوە. هەر لەو کاتەوە دەست کرا بە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەم شارە. نەوتی کەرکووک چەند تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە لەوانە چڕیی نەوتەکەی زۆر کەمە و ئەمە تایبەتمەندییەکی زۆر بەپێزە بۆ بەها و جۆری نەوتەکە.

 

گرنگترین نەوتخانەکانی شاری کەرکووک

١- بابە گوڕگوڕ

٢- بای حەسەن

٣- چەمبوور

٤- ئاڤانە

٥- کێوەبۆر

 

هەندێک لە ناوداران و کەسایەتییەکانی شاری کەرکووک

 

١- مستەفا نەریمان

٢- فەلەکەدین کاکەیی

٣- مهاباد قەرەداغی

٤- فازیڵ جاف

٥- ستار شێخانی

٦- ئەحمەدی مەلا

٧- ئەدیب نادر

٨- لەتیف فاتیح فەرەج

٩- محەیدین زەنگەنە

١٠ عارف قوربانی

١١- هەڵمەت هۆشیار

 

هونەرمەندانی شاری کەرکووک:

 

١- حوسێن عەلی

٢- ساڵح داودە

٣- ڕزگار حەمەرەوف

٤- شکور خەیات

٥- عباس محمد

٦- خەندە کەرکووکی

٧- عەلی مەردان

٨- ئومێد شوانی

٩- چۆپی فەتاح

١٠- محمد عەباس بارام

 

 

KURDŞOP
827 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!