بەهەشتی شاراوە: تاکۆران

مەم ئال

بەهەشتی شاراوە کە بە تاکۆران ناسراوە، ٤٣ کیلۆمەتر لە سێورەگەوە دوورە. ئەم بەهەشتە شاراوەیە کە لەسەر سنووری سێورەگ و سەمسوورە، نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر درێژە. وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، بەڕاستی بەهەشتێکی ناوازەیە. وەها ئارامییەک بە مرۆڤ دەبەخشێت، دەڵێی وێنەکێشێک بە فڵچەکانی خۆی یەک بە یەک سروشت و شاخەکانی کێشاوە، بە تایبەت لە مانگەکانی پاییز و بەهاردا، هەستێکی جیاواز بە مرۆڤ دەبەخشێت.

پاییز بە ڕەنگی زەردەوە وەک ئەوە وایە لە کتێبێکی شیعرەوە هاتبێتە دەرەوە و بەهار بە ڕەنگی سەوزەکەی و بە گوڵکردنی دارەکان و بۆنەکانیان کە بە دەوریدا بڵاو دەبنەوە، مرۆڤ سەرسام دەکات. ناوی ئەو شوێنە بە تاکۆران ناسراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر نەناسراوە، ناوی بەهەشتی شاراوەیان بۆ زیاد کردووە. لە ڕاستیدا ئەوێ دۆڵێکە کە ئاوی فەرێت تێی دەڕژێت.

دوای ئەوەی بەنداوێکی گەورە لە هەواگ دروست کرا، ئاوەکە زیادی کرد و وردەوردە دۆڵەکە بە تێپەڕبوونی کات گەشەی کرد، ئاوەکە زۆر زیادی کرد و خەڵک لە کەناری ڕووباری فەرێت گوندیان دروست کرد. زۆرینەی دانیشتووانی سێورەگ لەو گوندانە نیشتەجێ بوون. تەنانەت دەرهێنەری مەزن، یەڵماز گونەی، خەڵکی یەکێک لەو گوندانەیە. لە تەنیشت فەرێت گوندێکە بە ناوی دێسمان.

ئەم بەهەشتەی کە باسی دەکەین، هەموو وەرزێک بە دیمەنە ناوازەکانی خەڵک سەرسام دەکات. هەرچەند زۆر ناسراو نییە، بەڵام ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن.

ئەو گوندانەی ناومان بردن، چونکە لە دەمی ئاودان و شوێنەکەی شاخاوییە، دەرفەتی کارکردنی زۆر بە خەڵکی ئەوێ نادات. ئەو گوندنشینانەی لەو ناوچانە نیشتەجێن، بژێویی ژیانیان بە ماسیگرتن و مەڕداری پەیدا دەکەن، ئێستا پاپۆڕێکیشیان هێناوە و ئەو گەشتیارانەی دێنە ئەو شوێنانە بە پاپۆڕ گەشت دەکەن و خەڵکی ئەوێ بەو شێوەیەش بژێویی ژیانیان پەیدا دەکەن.

بەهۆی بارودۆخی هەرێمییەوە، ناتوانن هیچ کارێکی تر ئەنجام بدەن، جگە لە مەڕداری و ماسیگرتن. هەروەها هەنار و گوێزەکانیشیان زۆر بەناوبانگن. بەو پێیەی کە کشتوکاڵ لەو شاخانەدا ناکرێت، خەڵکی گوندەکەش بە داری هەنار و گوێز باخیان دروست کردووە. ساڵانە لە کاتی فرۆشتنی هەنار و گوێز، هاوڵاتییانی سێورەگ لە گۆڕەپانەکەدا چاوەڕێیان دەکەن بۆ ئەوەی دەستیان بکەوێت.

تاکۆران بەڕاستی بەهەشتی شاراوەیە و لەبەر ئەوەی ئەم ناوەی لەسەر نراوە کە شوێنێکی دڵڕفێنی نەناسراوە. سروشتەکەیشی تێک نەدراوە و دەستکاری نەکراوە و نەتەنیا سروشتەکەی وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵکوو ئەو کەسانەش لەوێ دەژین، لە ڕووی زمان و کولتوورەوە خۆیان پاراستووە. بەڵام بەداخەوە کەس هیچی بۆ ئەو شوێنە نەکردووە و کەس نەیناساندووە.

ئەم بەهەشتەی باسی دەکەین تەنیا شوێنی خۆشی و شادی نییە. شاهیدی زۆر شت بووە. هەندێک جار بووە بە خاکی سزادراوان، هەندێک جار بووە بە خاکی گاوان و شوانەکان، هەندێک جاریش ئەم ئاوە بووە بە گۆڕی مردووەکان. لە کاتی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکاندا، زۆرێک لە ئەرمەنییەکان، چ مردوو یان زیندوو، فڕێدرانە نێو ڕووباری فەرێتەوە.

تەنانەت هەندێک کەس دەڵێن کە لە بنی ئاوی فەرێتدا، کڵێسا و پردێکی زۆر هەیە کە ئەرمەنییەکان دروستیان کردووە و دوای زیادبوونی ئاوەکە هەموو شتێک کەوتووەتە بن ئاوەکەوە. نازانم هەنووکە بۆ کەس بەدواداچوون بۆ ئەو شوێنانە ناکات و لێکۆڵینەوەیان لەسەر ناکات! هەرچەند هەندێک کەس لە ڕۆمان و نووسینەکانیاندا باسی ئەو بابەتانەیان کردووە. بەڵام بەگشتی ئەم بابەتەش وەک ناوەکەی، بە شاراوەیی ماوەتەوە.

KURDŞOP
651 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!