گەناوی قوڕەگۆ لە شاری ڕانیە


 

- سیپان سۆفیزادە

 

گەناوی قوڕەگۆ یەکێکە لە دەریاچە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕانیە کە "٥" کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری ڕانیە دوورە و دەکەوێتە نێوان شاری ڕانیە و دەربەندی ڕانیە. ئەم دەریاچەیە لە باکوور لەگەڵ گوندی دووگۆمان و لە باشوور لەگەڵ بەنداوی دووکان و لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ گوندی چۆمەسووتاو و لە ڕۆژئاوا لەگەڵ گوندی بۆسکێن هاوسنوورە.

گەناوی "قوڕەگۆ" بۆیە بە ناوی گەناو ناودەبرێت چونکە ئاوەکەی بەردەوام وەستاوە و لەبەری ناڕوات و بە شوێنێک دەوترێ کە ئاوەکەی قەتیس بێت و بگەنێت؛ کاتێک تیشکی خۆر لێی دەدات بە هۆکاری ئەوەی ئاوەکەی وەستاوە بۆنێکی ناخۆشی لێ دێت.

دەریاچەکە شێوەبازنەیییە و تیرەکەی 370 مەترە و قووڵییەکەی دەگاتە "٢٧" مەتر. تەمەنی ئەم دەریاچەیە زیاتر لە "پێنج" هەزار ساڵ دەبێت، بەهۆی گۆڕانی سروشتی و ژینگەییەوە دوور لە دەستی مرۆڤ دروست بووە.

تایبەتمەندییەکانی گەناوی قوڕەگۆ

ئاوی گەناوەکە لە هەر چوار وەرزی ساڵدا لە یەک ئاستدایە و نە زیاد دەکات نە کەم دەکات و نە لەبەری دەڕوات، بۆیە بۆنێکی ناخۆشی لێ دێت کە وەکوو بۆنی هێلکەیە. بەڵام ئەم تایبەتمەندییە وای کردووە کە ئاو و لمە نیشتووەکەی ژێری، وەک چارەسەری نەخۆشی بەکار بێت و خەڵکێکی زۆر بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست و هەستیاری یان ئەو کەسانەی خورانیان هەیە، دێن بۆ سەردانی ئەم دەریاچەیە و مەلەی تێدا دەکەن یان بەشێک لە ئاوەکەی لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە. هەر لە کۆنەوە هاووڵاتیانی شاری ڕانیە و دەوروبەری و ناوچە دوورەکان، بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشییەکانی پێست، ڕوویان لەم گەناوە کردووە.

 

گەناوی قوڕەگۆ ڕەنگی مۆرە!

وەک ئاشکرایە ئاو نە بۆنی هەیە نە تامی هەیە و نە ڕەنگ، بەڵام ئاوی گەناوی قوڕەگۆ بۆنێکی ناخۆشی هەیە کە وەک بۆنی هێلکەیە و تامی سوێرە، بۆیەش بۆ خواردنەوە دەست نادات و ڕەنگیشی زۆر کات مۆر هەڵدەگەڕێت. لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمییەکەی، ڕەنگی ئاوەکەش لە نێوان شین و پەمەیی و مۆر و سپی دەگۆڕێت. بەڵام زۆربەی کات بە ڕەنگی مۆر دەردەکەوێت کە ئەمەش جیاوازیی بە دەریاچەکە و ناوچەکەش بەخشیووە. هەروەها لە دەریاچەکەدا کۆمەڵێک خشۆکی دەگمەن دەژین کە لە جیهاندا مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە وەک هەندێک جۆری ماسی و کرم و کیسەڵ کە لە دەریاچەکانی تردا نین. هۆکاری گۆڕانی ڕەنگی ئاوەکەش بۆ بەشێک لەم خشۆکانە و بەرزیی ئاستی خوێ و پلەی گەرمیی بەرز و هەندێک جۆری قەوزە و بەکتریا و بوونی توخمی کیمیایی وەک توخمی گۆگرد دەگەڕێتەوە. هەموو ئەو پێکهاتانە وایان کردووە لە وەرزی هاویندا بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما، چالاکیی پێکهاتەکان زیاتر بێت و بەمەش ڕەنگی دەریاچەکە مۆر هەڵدەگەڕێت.

گەناوی قوڕەگۆ بە هۆکاری بوونی ئەو تایبەتمەندییانەی لە پێکهاتە و ڕەنگی گەناوەکەدا هەیە، دەکرێ ببێتە شوێنێکی گرینگی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان، واتا کەرەستە خاوە سروشتییەکە هەیە بەڵام وەک لایەنی پەرەپێدانی مرۆیی لە لایەن حکوومەتەوە بە تەواوی پشتگوێ خراوە و نە لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گرینگی بە ناساندنی گەناوەکە دراوە و نە لە ڕووی ڕێگاوبانەوە کە ڕێگایەکی خۆڵی هەیە و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل بۆ ناوچەکە زەحمەتە.

 ئەگەر بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری هەم کەرتی گەشتیاری زیاتر پێش دەکەوێت و هەم دەبێتە هۆی دابینکردنی داهاتێک بۆ ناوچەکە.

KURDŞOP
739 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!