گرینگترین گرد و تەپۆڵکەکانی کوردستان

 

هانی موڕتەزا

 

کوردستان خاوەنی چەندین تەپۆڵکە و گردی گرنگە، بەهۆی نیشتەنی زۆر و تێپەڕ بوونی چەندین ساڵ و تەمەنی جیۆلۆجیی ناوچەکانی کوردستان، گردەکان بە شێوەی چەماوەیی و خواروخێچن ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەستانە جیاوازانەی لە ناخی زەوی و سەر ڕووی زەوی کاریگەریی لە سەریان هەبووە. ئەم گردانە بەراورد بە چیاکان بەرزییەکی وایان نییە، بەڵام ئەگەر لە نزیک و بناری چیاکاندا نەبوونایە دەکرا ئێستە هەریەکەیان چیایەک بووبا.

ئەم گردانە لە لایەک بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات سودیان لێ وەردەگیرێت و لە لایەکی دیکەوە بۆ چاندنی دەغڵودان بەکاردەهێنرێن.

 

 

گرنگترین گرد و تەپۆڵکەکانی کوردستان

١- چوارتا: ئەم گردە دەکەوێتە نێوان هەردوو دۆڵی قەڵاچوالان و سیوەیل. ئەم گردە دەکەوێتە سەر هێڵی پانیی (٣٥/٣٤) و ( ٣٦/٣٠)ی باکوور و دەکەوێتە سەر هێڵی درێژیی (٤٥/٢٣) و (٥٤/٥٣)ی ڕۆژهەڵات و (٣٥)کم دەکەوێتە سەرووی شاری سلێمانی و (١٥٨٩) م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

 

٢- کواندە: ئەم گردە دەکەوێتە باکووری پارێزگای دهۆک، تێکڕای بەرزیی لە ئاستی ڕووی دەریا لە نێوان ٢١٠٠-٢٤٣٠ مەتردایە. گردی کواندە بەردەڵانە و بە چیای بڵند و ڕێک دەورە دراوە کە لە وەرزی زستاندا بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت.

 

٣- بەرزنجە: گردی بەرزنجە دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی و لە بەری ڕۆژهەڵاتەوە چیاکانی هەورامان و لە باکووریشییەوە چەمی قەڵاچوالان و لە باشووریشەوە دەشتی شارەزوور لە تەنیشت گردی بەرزنجە هەڵکەوتوون. هەر لە تەنیشت ئەم گردە چەند چیایەکیش هەن کە بەرزاییی هەندێکیان لە ئاستی ڕووی دەریاوە خۆی لە ٢٢٠٠ م دەدات؛ وەک چیاکانی کالاکرە و کورەکاژاو.

 

٤- پشدەر: دۆڵی سیوەیل لە باشوورییەوە، ئاوی سیروان لە باکوورییەوە، قەڵاچوالان لە ڕۆژئاوایەوە هەڵکەوتوون. چەند چیایەک لە لای ئەم گردە بەرز بوونەتەوە، لە هەموویان گرنگتر، چیاکانی  سەرشۆ (٢١١٦ مەتر) و کەنێو(٢٣١٦ مەتر).

 

٥- بایەزید: بایەزید گردێکە نزیک لە سنووری تورکیا و ئێران لە خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەڵکەوتووە. لە بەشی باکووری ئەم گردە، چیاکانی ئاگریی گەورە و بچووک و لە باشووریشەوە چیاکانی تەندروک هەیە. لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بەرەو ماکۆ و خوێ درێژ دەبێتەوە، جادەی ئێران بەرەو تورکیا بە نێو ئەم گردانەدا تێپەڕ دەبێت.

 

٦- پێنجوێن: گردی پێنجوێن لە هەر چوار لاوە بە زنجیرە چیایەکی ئاڵۆز وەکوو چیاکانی قایەو هەرزەلە و یاسمال و... دەورە دراوە.  بەرزاییی ئەو چیایانە لە نێوان ١٥٠٠-٢٠٠٠مەترە. لە ڕووی ئابوورییەوە، گردی پێنجوێن بە زۆری بۆ لەوەڕگا بەکار دەهێنرێ و مەڕ و ماڵاتی لێ بەخێو دەکرێت.

 

٧- پاسینلەر: گردی پاسینلەر لە هەندێک لە سەرچاوە جوگرافیایەکاندا بەناوی گردی ئەرزەڕووم تۆمار کراوە. پاسنلەر دەکەوێتە نێوان زنجیرە چیایەکەوە. لە باکوورەوە بە چیاکانی کارگابازار و لە باشوورەوە بە چیای پالاندۆگین (٣١٢٤ مەتر) و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بە چیاکانی تالا (٣١٣٤مەتر)، چواردەوری دراوە. بەرزایی گردی پاسینلەر لەسەر ئاستی زەریاوە، دەگاتە ١٧٥٠مەتر. ئەم گردە بایەخی ئابووریی بۆ کوردستان زۆرە، بە تایبەتی لە بەشی بەرهەمهێنانی دە‌غڵوداندا، وەکوو گەنم و جۆ، ئەمەش دوای ئەوەی هێڵی ئاسنینی نێوان ئەرزەڕوم و ئەنقەرە ڕاکێشرا، بە تەواویی بایەخی ئابووریی ئەم گردە زیادی کرد.

 

٨- مووش: لە باکوورەوە پشتە چیاکانی بینگۆڵ (٣١١١ مەتر)، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە چیای نەمرود (٢٨٢٨ مەتر) هەڵکەوتووە. تێکڕای بەرزاییی گردی مووش١٤٠٠ مەترە. ڕووبەرەکەی ١٦٠٠ کیلۆمەتر دووجایە. لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا لە مەتیریاڵە نیشتووەکان پێک هاتووە، کە ئەستوراییەکەی لە نێوان ٨-١٠مەتردایە، خاکەکەی زۆر بەپیت و بەبڕشتە. لە ڕۆژهەڵاتی ئەم گردەدا، ناوچەیەکی زەلکاو هەیە، کە ڕووبەرەکەی ٦٠ کیلۆمەتری دووجا دەبێ.

 

٩- مەلاتیە: لە باشووری چیای بۆزەوە (٢٥٨١ مەتر) هەڵکەوتووە، زەوییەکەی بە زۆری لە قوڕ و زیخ پێک هاتووە. لە هەندێ شوێنیدا کشتوکاڵی لێ دەکرێت، بە تایبەتی گەنم و جۆ. هەندێ شوێنی دیکەش بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات زۆر باشە.

١٠- موسڵ: لە ڕۆژهەڵاتییەوە زێی گەورە و لە ڕۆژئاواوە چیاکانی شنگال، برایم و عەتەشانە بەرزاییەکەی لە نێوان ٣٠٠-٤٥٠ مەتردایە. ڕووبەرەکەی ناڕێکە و گەلێک چیا و گردی نزمی تێدایە. بەڵام بەرزاییەکانیان لە ٣٠٠ مەتر لەسەر ئاستی زەریاوە، زیاتر نین. جگە لە چیای مەقلوب ،کە بەرزاییەکەی ١٠٥٧ مەتر دەبێت.

 

١١- کەرکوک: گردی کەرکوک لە نزیک ڕووباری دیالەوە دەست پێ دەکات و بەرەو ڕۆژئاوا درێژ دەبێتەوە هەتا دەگاتە دەشتی هەولێر. بەرزاییەکەی لە ڕووی زەریاوە، لە نێوان ٦٠٠ -١٠٠٠  مەتردایە. ئەم گردە لای ڕۆژئاوای (٥٠٠ مەتر)، لە چاو ڕۆژهەڵاتیدا (٣٠٠ مەترە)، بەرزترە.

 

١٢- مەلازکیت: ئەم گردە بەرزاییەکەی ١٥٠٠مەتر لە ڕووی زەریاوە دەبێ، چیای بینگۆڵ (٣١١١ مەتر) دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای و چیای سیپان (٤٠٥٨ مەتر) لە باشووری ڕۆژهەڵاتییەوەیە. لە باشووری مەلازکیت، دوو گۆمی گچکە هەن، یەکەمیان پێی دەوترێ هاچلی (١٦ کچگ)، بەرزاییەکەی ١٥٨٣ مەترە و دووەمیشیان ناوی نازیکە کە بەرزاییەکەی ١٨١٢مەتر دەبێت. خاکەکەی لە مەتریاڵە نیشتووەکانی زەلکاوی بازیڵت پێک هاتووە.

 

گردەکان بە پێی هەڵکەوتەی جوگرافیایان و تێپەربوونی تەمەنی جیۆلۆجی، دەکرێت هەم بە هۆی هۆکارە ناوەکییەکان و هەم بە هۆی هۆکارە دەرەکییەکانەوە لە گۆڕانی بەردەوامدا بن و ئەم گۆڕانکارییانە و ئەو بەرز و نزمییانەی دروست دەبن لە تەمەنی مرۆڤدا تێبینی ناکرێن و دروست بوونیان چەندەها ساڵ دەخایەنێت.

 

 

 

 

 

KURDŞOP
947 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!