ژینگەی باشووری کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە


 

- سیپان سۆفیزادە

 

جگە لەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە ساڵانە چەندین جار لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوبارە دەبێتەوە، فڕێدانی پاشەڕۆ و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان و بەکارهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ژینگەی سەرانسەری عێراقیان بە هەرێمی کورستانیشەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە کردووەتەوە.راپۆرتە پزیشکییەکان، سەرچاوەی بەشێکی زۆر لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان بۆ تێکچوونی ژینگە دەگەڕێننەوە.

ماوەی چەند ساڵێکە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین شەپۆلی خۆڵبارین دەبنەوە کە بەهۆیەوە سەدان هاووڵاتی ڕووبەڕووی کێشەی تەندورستی دەبنەوە و هاوکات کاریگەرییەکی خراپ لەسەر ژینگەی ناوچەکە بۆ ماوەیەکی زۆر دادەنێت.

دیاردەی "خۆڵبارین" بەشێکی زۆری پەیوەندیی بە قەتیسبوونی گەرماوە هەیە کە لە دەرئەنجامدا دەبێتە هۆی هاتنەکایەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا کە ئەمەش بەشێکی پەیوەندیی بەکەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین، پەرەسەندنی بە بیابانبوون، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو لەناوچەکە و هاوکات بەشێکی دیکەشی پەیوەندیی بە سووتانی دارستانەکان و بەشێوەیەکی گشتی تێکچوونی ژینگەی گۆی زەوییەوە هەیە.

جگە لە دیاردەی خۆڵبارین، فڕێدانی ڕۆژانە سەدان هەزار تۆن پاشەڕۆ لە شوێنە گشتییەکان، یاخود سوتاندن و بەکارنەهێنانەوەی بەشێوەیەکی زانستی، هۆکارێکی دیکەیە بۆ تێکچوونی ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی ئامارێکی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری تەکنیکیی وەزارەتی ژینگەی عێراق، ڕۆژانە نزیکەی "٢٠"هەزار تۆن پاشەڕۆ لەسەرانسەری وڵاتدا فڕێ دەدرێت و وەزارەتی ژینگەی عێراقیش بە پێویستی دەزانێت بەشێوەیەکی زانستییانە سوود لە پاشەڕۆکان وەربگرێتەوە.

عێراق و هەرێمی کوردستان پڕۆژەی سفر پاشماوە، یاخود ڕیسایکلینکردنەوەی پاشماوەکانیان نییە، ئەمەش وای کردووە کە ئەم پاشماوانە زۆرجار بە شێوەیەکی نازانستییانە بخرێتە ژێر خۆڵەوە یاخود بسوتێنرێت کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا زیانی تەندورستیی بۆ مرۆڤ زۆرە و هاوکات دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.

شارەزایان دەڵێن زبڵدان و زبڵخانەکان بوونەتە هۆی پیسکردنی ژینگە بەشێوەیەکی مەترسیدار و تا ئێستاش سەدان حاڵەتی خنکان بەهۆی سووتاندنی زبڵدانەکانەوە درووست بووە. ئەو دووکەڵ و بۆنەی بەهۆی بڵاوبوونەوە یاخود سوتانی پاشەڕۆوە دروست دەبێت، بۆ تەندرووستی مرۆڤ زۆر مەترسیدارە، هەروەها بەهۆی نەبوونی پڕۆژەی ڕیسایکلین، نەسووتاندنی دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی پاشماوەیەکی زۆر.

پەرەسەندنی نەخۆشییەکان بە هۆی قەیرانی ژینگەییەوە

بەگوێرەی ئامارەکان ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ و ڕەبۆ و جەڵتە ڕوو لە زیادبوونە، ئەمە جگە لە نەخۆشیە ترسناک و درێژخایەنەکانی دیکە کە بەشێکی زۆری هۆکارەکان بۆ پیسبوونی ژینگە دەگەڕێنرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ژینگەی عێراق ٪٩٠ی ڕووبارەکان بەهۆی ئاوەڕۆی قورسەوە پیس بوون. "عیسا فەیاز" بەڕێوەبەری گشتیی تەکنیکی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق ڕایگەیاندووە هەموو وێستگەکانی بارانبارین بوونەتە وێستگەی ئاوەڕۆ و ئاوی قورس دەخەنە ناو ڕووبارەکان و هەندێک جاریش وێستگەکانی بارانبارین نزیکە لە دەرچەیەکی ئاوی خواردنەوە. "بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی پیسبوونی ڕووبارەکان، چەندین کۆبوونەوە لە ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دراون و چارەسەری خێرا بۆ پیسبوونی ئاو و پاراستن و پەرەپێدانی وێستگەکانی پاککردنەوە خراونەتەڕوو، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە".

هاوشێوەی عێراق هەرێمی کوردستان ڕۆژانە خاوەنی زیاتر لە حەوت هەزار تۆن زبڵ و خاشاکە، بەبێ ئەوەی چارەسەرێکی پێویست هەبێت، (کە خۆی لە دانانی کارگەیەکی ڕیسایکلیندا دەبینێتەوە) تاکوو لەو ڕێگەیەوە بتوانرێت دووبارە سوود لەم کەلوپەل و زبڵ و خاشاکە وەربگیرێتەوە.

جگە کەمبوونەوەی بارانبارین، وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو، پەرەسەندنی بەبیابانبوون، پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و تێکەڵبوونی بە ئاوی قورس، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەکارهێنانی چەکی یۆرانیۆم، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر خراپبوونی ژینگەی عێراق داناوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی دەزگای "نۆڤۆستی ڕووسی" کە زانیارییەکانی لە "ئیگۆر کیریلۆف" فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی تیشک‌ و کیمیایی‌ و بایۆلۆجیی سوپای ڕووسیا وەرگرتووە، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا نزیکەی "٣٠٠" تۆن یۆرانیۆمی پیتێنراویان لە عێراق بەکارهێناوە.

بەگوتەی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی ژینگەی هەرێم، ئەگەر حکوومەت نییەتی هەبێت بە ئاسانی دەتوانرێت سوود لە پاشەڕۆکان وەربگیرێت و بە پێویستیشی دەزانێت بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی ژینگە، هەنگاوی خێرا بنرێت بەتایبەتی لە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و دارستان، کەمکردنەوەی ئۆتۆمبێل  و گرنگیدان بە گواستنەوەی گشتی.

KURDŞOP
603 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!