زنجیرەچیای زاگرۆس گەورەترین و بەرزترین زنجیرە چیای کوردستان

 

هانی مورتەزا

 

زنجیرەچیای زاگرۆس یەکێکە لە زنجیرەچیا بەرز و سەرکەشەکانی کوردستان کە لە گرێی بامیر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە دەست پێ دەکات. سەرەتای ئەم زنجیرە چیایە لە چیای سلێمان لە ڕۆژئاوای بەلووچستانەوە دەست پێ دەکات و بە پارێزگاکانی کرمان و هورموزگان و بووشەهری ئێرانێشدا تێدەپەڕێت و  دەگاتە لوڕستان و دواتر زنجیرە چیاکە بەرە و باکوری رۆژئاوا هەڵدەکشێ و تا ناوچەی وان لە باکووری کوردستان درێژ دەبێتەوە.

 زاگرۆس گەورەترین زنجیرەچیای کوردستانە کە بەدرێژایی خاکی کوردستان درێژ بووەتەوە و لە ناوچەی وان لە باکووری کوردستانەوە تا لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە 1400 کیلۆمەتر درێژە ومپاناییەکەشی لە نێوان 80 بۆ 125 کیلۆمەتردایە.

 بەرزترین لووتکەی چیاکانی زنجیرەچیای زاگرۆس بریتین لە:

دێنا: 4409 مەتر - لە ناوچەی بەختیاریی لوڕستان هەڵکەوتووە.

زەردکۆ: 4221 مەتر - لە ناوچەی بەختیاریی لوڕستان هەڵکەوتووە.

هەڵگورد: 3607 مەتر – لە نزیک چۆمان لە پارێزگای هەولێر هەڵکەوتووە.

حاجی ئیبراهیم: 3587 مەتر – لە نیوان پارێزگاکانی ورمێ و هەولێر هەڵکەوتووە.

قەندیلی گەورە (سیاکێو) 3442 مەتر – لە نیوان پارێزگاکانی ورمێ و هەولێر هەڵکەوتووە.

پڕاو: 3405 مەتر لە پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە

شاهۆ: 3390 مەتر: لە نێوان هەردوو پارێزگای سنە و کرماشان هەڵکەوتووە.

قەندیلی بچووک: 3250 مەتر - لە نیوان پارێزگاکانی ورمێ و هەولێر هەڵکەوتووە.

 

لەسەردەمی چاخی بەردینەوە مرۆڤ دەستی بەسەر ئەم ناوچەیەدا گرتووە و بە کۆنترین ھەواری مرۆڤایەتی لە جیھاندا دادەنرێت. کۆنترین پاشماوەی مرۆڤایەتی لە چیاکانی زاگرۆس دۆزراوەتەوە. ئەشکەوتی شانەدەر و ئەشکەوتی بێستوون و ئەشکەوتی وێزمە، سێ لە کۆنترین ئەشکەوتەکانی جیھانن کە کەوتوونەتە زنجیرەچیای زاگرۆس و سەلمێنەری مێژووی کۆنی ئەم ناوچەیە و چیای زاگرۆسن. ئەو پاشماوانەی لە شانەدەر دۆزراونەتەوە بۆ ٦٥٠٠٠–٣٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە.

ئاسەواری ژیانی ئەشکەوتنشینی لە زنجیرەچیای زاگرۆس دەگەڕێتەوە بۆ نزیک 100 هەزار ساڵ لەمەوبەر و پێشاندەری نشتەجێبوونی مرۆڤەکان لە سەردەمی بەردینی کۆنەوە (300 هەزار ساڵ لەمەوبەر) تا سەردەمی شارستانییەتی ئیلامە (30 هەزار ساڵ لەمەوبەر). هەروەها شوێنەواری دێرینی ژیانی کشتوکاڵی لە چیاکانی زاگرۆس کە لە بناری شاخەکاندا دۆزراونەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ٩٠٠٠ ساڵ پێش زایین. هەندێک لە کۆنترین بەڵگەکانی بەرهەمهێنانی شەراب لە چیاکاندا دۆزراونەتەوە و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نێوان ٣٥٠٠ بۆ ٥٤٠٠ پێش زایین.

 

جیۆلۆجیی خاکی زنجیرە چیای زاگرۆس

جوگرافیناسان دەڵێن زنجیرە چیای زاگرۆس پێکھاتەی زەوییەکەی لە ئەنجامی پێکگەیشتن و پێکەوەبەستانی توندی ھەردوو پلێتی عەرەبی و پلێتی ئۆراسیایی دروست بووە، ئەم بەریەککەوتنە لە چەرخی مەیۆسینی ڕوویداوە کە بووەتە ھۆی دروستبوونی تاوێری بەھێز لەئەنجامی داماڵینی چینی خەڵووزە کاربۆنییەکەی و مانەوەی مەیۆسینەکان بەرانبەر پلێتی ئێرانی بۆیە کەوتووەتە سەرھێلی جووڵەی پلێتەکان بەجۆرێک ئەم بەریەککەوتن و پاڵنانەی پلێتەکان دژبەیەک تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامە. پلێتی عەرەبی، بەتوندی پاڵ بە پلێتی ئۆراسیایییەوە دەنێت بۆیە بەردەوام چیاکانی زاگرۆس لەبەرزبونەوەی بەردەوامدان.

 

ناوی زاگرۆس

زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و تۆروس ماڵی باوباپیرانی ئەو کوردانە بوون کە یەکەم شارستانییەتی مرۆڤایەتییان لە مێژوودا دروست کرد. وشەی "زاگرۆس" وشەیەکی لێکدراوە، لە وشەی "زاگ"ی سۆمەری بە واتای "لەدایکبوون" و وشەی کوردیی "ڕۆژ" کە بە واتای خۆر دێت پێکهاتووە و بەم شێوەیە ناوی "زاگرۆس" بە واتای "لەدایکبوونی خۆر" دێت.

لەبەر ئەوەی کاتێک خۆر هەموو بەیانیەک لە پشت ئەم زنجیرە چیایەوە دەهاتە دەرەوە و لە ئاسمانی ناوچەکە هەڵدەهات، دانیشتووانی ناوچەکە پێیان وا بووە خۆر لەم زنجیرە چیایانە لەدایک دەبێت.

ڕایەکی دیکە هەیە لەسەر ناوی زاگرۆس کە دەوترێت وشەی زاگرۆس وشەی زمانی ئاوێستاییە کە یۆنانییەکان بە لکاندنی پیتی s بە کۆتاییەکەیەوە هێمای یۆنانییان پێ داوە.

ئاو و هەوا

بارانبارینی ساڵانە لە زنجیرە چیای زاگرۆسدا ٤٠٠ بۆ ٨٠٠ ملیمەترە (١٦بۆ ٣١ ئینج) و زیاتر لە وەرزەکانی زستان و بەهاردا لەم ناوچەیە باران دەبارێت. وەرزی زستان سەختە و پلەکانی گەرما زۆر نزمن و لە خوار -٢٥ پلەی سیلیزییەوەن (-١٣ پلەی فەرەنهایت).

زنجیرە چیای زاگرۆس بە درێژاییی ساڵ بەفری لێ دەمێنێتەوە و لە وەرزەکانی دیکەدا جوانییەکی تایبەت بە ناوچەکە دەبەخشێت.

چیای زاگرۆس بە دار و دەوەنی پڕ و چڕ ناوبانگی هەیە و ئەو جۆرە خاکەشی هەیەتی لە جۆری خاکی مامناوەندییە و زۆربەی کات ترس لە سووتانی دار و دەوەنەکانی هەیە. دارستانەکانی زاگرۆس بە 6 ملیۆن هێکتار ڕووبەر، زیاتر لە 40٪ کۆی دارستانەکانی ئێران پێکدێنن کە بەشی زۆری ئەم 6 ملیۆن هێکتارە لە خاکی کوردستاندا هەڵکەوتووە. زیاتر لە 70٪ی ئەم دارستانانە لە داری بەڕووی زاگرۆس پێکهاتوون.

 

 

 

 

KURDŞOP
803 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!