هەورامان، میراتی کوردستان بۆ مرۆڤایەتی

 

هانی

 

جوگرافیای هەورامان

هەورامان ناوچەیەکی شاخاوی و گەشتیاریی کوردستانە، کە لە نێوان پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێران و پارێزگای هەڵەبجە لە باشووری کوردستان هەڵکەوتووە و خاوەنی تایبەتمەندیی مێژوویی و کەلتووری و زمانیی خۆیەتی.

ناوچەی ھەورامان لە چەند بەش پێکھاتووە کە بریتین لە: ژاوەرۆ، گاوەرۆ، ڕەزاو و کەمەرە، لھۆن، دزڵی و هەورامانی تەخت.

هەرامان لە بواری فۆلکلۆرەوە زۆر دەوڵەمەندە و خاوەنی میوزیک و ئاواز و جلوبەرگی تایبەت بەخۆیەتی. زۆربەی خەڵکی هەورامان بە زمانی کوردی و شێوەزاری هەرامی قسەدەکەن. پاوە و نۆتشە (نۆدشە) و هەورامانی تەخت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەوێڵە و بیارە لە باشووری کوردستان ناوەندە شارییەکانی هەورامانن.

 هەورامان ناوچەیەکی کوردستانییە و لە ناو جەرگەی کوردستانە، پڕیەتی لە شاخ و داخ و چیا و دۆڵ و نشێو، دەشتایی و تەختاییی زۆر کەمە شاخ و چیاکانی هەورامان بەشێک لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسن. بەرزیی شاخەکانی لە نێوان ١٢٧٠-٣٣٩٠ مەتردان. سروشتی ناوچەکە وای کردووە، بە زەحمەت و ڕەنجێکی زۆر بتوانن لە و شاخ و داخە، زەویوزار بۆ کشتوکاڵ و باخ و باخات ڕێک بخەن، لەبەر ئەمەشە کە باخەکانیان لەلایان خۆشەویستن و خەڵکەکەشی بە زەحمەتکێشی بەناوبانگن.

هەورامان لە هەردوو بەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوری کوردستان نزیکەی ٧٠٠-٣٠٠٠ م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. و ڕووبەرەکەشی نزیکەی ٣٠٠٠-٣٥٠٠ کیلۆمەتری دووجایە .

هەورامان لە چوارچێوەی کوردستانی گەورەدا وەک هەرێمێکی بچوک وایە کە لە ڕووی جوگرافیایی لە بواری ڕۆشنبیری و ئابووری و کەلتوور و هونەردا خاوەنی مۆرکی خۆیەتی و پێشەنگە. ئەم ناوچەیە بەهۆی هەڵکەوتەکەی کە لە ناو چیا و ناوچەی سەخت دایە قاڵبێکی وەرگرتووە و لە توانایدا نیە زۆر فراوان و گەورە ببێتەوە و زیاتر لەوەی کە هەیە پەرە بستێنێ، هەر لەبەر ئەمەشە کە خەسڵەتێکی جوگرافیای تایبەت بە خۆی دروست کردووە. بەلام ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەورامان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی هەورامان کۆچیان کردووە و بە تایبەت لە شارەکانی مەریوان و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵەبجە و خورماڵ و سلێمانی لە باشووری کوردستان نشتەجێ بوون.

ئاو و هەوای هەورامان

١- لە وەرزی بەهاردا باراناوییەکی خۆشە و تەڕ و پاراوە سروشتێکی رازاوە و جوانی هەیە. خەڵکی هەورامان لە بەهاردا زۆر سەرقاڵن بە ئیش و کاری باخەکانیانەوە، بە تایبەت باخەوانەکانیان خەریکی تەلان چاک کردن و نەمام ناشتن و تۆو وەشاندنن.

٢- هەورامان لە وەرزی هاویندا کەشوهەوایەکی مامناوەند و فێنکی هەیە.

٣-  لە پاییزاندا پاییزەکەی دوور و درێژە بەهۆی گەڵا ڕێزانی باخەکانیەوە، کەشێکی دڵگیر و خەمناک دەدات بە ناوچەکە، لە سەرەتاکەیەوە خەڵکی ناوچەکە خەریکی کۆکردنەوەی بەروبووم و هێنانەوەن بۆ ماڵەکانیان.

٤-  لە زستانانیشدا بارانێکی زۆر دەبارێت و لە مانگی بەفرانبار و ڕێبەنداندا یەک پارچە ناوچەکە سپی دەکاتەوە بە بەفر، پلەی گەرماش هەندێکجار دادەبەزێت بۆ نزیک ١٠ پلەی ژێر سفر. خەڵکی گوندەکانی هەورامان، بەهۆی سەرما و بەفرەوە لە زستاندا ناتوانن ئیش و کار بکەن، بەڵکوو هەندێ جار هاتووچۆی نێوانیان دەبڕێت. هەروەها لەبەر ئەوەی بەهۆی بەفرەوە ناتوانن لەم وەرزەدا ئاژەڵەکانیان بێننە دەرەوە، هاوین دا دەبێت ئەوەندە گرزە و ئاڵف و ئالیک کۆبکەنەوە، بەشی ئەو ماوە زۆرەی ئاژەڵەکانیان بکات. بێگومان ئەمەش ئەرکێکی زۆر قورسە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ.

خەڵکی هەورامان بە درێژاییی مێژوو لەو ناوچەیە جێگری و نشتەجێ بوون و خۆیان لەگەڵ ژیانی ناوچەکەیان ڕاهێناوە و هیچکات وەک هۆزەکانی دیکەی کوردستان گەرمیان و کوێستانیان نەکردووە.

هەورامان هەر لە سەرەتای دروست بوون و تەمەنی گەشە سەندنی، لە ڕووی پۆشاک و جلوبەرگیشەوە خاوەنی جلوبەرگی کوردی و ڕەسەنی کوردەواری تایبەت بە خۆیانن کە تەنانەت ئەرکی ڕۆژانەش هەر بە جلوبەرکی کوردی بەڕێوە دەبەن و خاوەنی کڵاشی کوردییە کە جۆرە پێڵاوێکی کاری دەستیە و هەم تایبەت بە ناوچەکەیە و هەم لەگەڵ جلوبەرگی کوردی گونجاوە.

لایەنی هونەری لە هەورامان

گەر لە لایەنی هونەری لە هەورامانی کوردان بروانین دەبینین خاوەن مووزیکی تایبەت بە خۆیانن کە تایبەتترینیان سیاچەمانەیە. خاوەن ڕایان پێیان وایە ئاواز و گۆرانیی هەورامان لە گڤەی باو باران و خوڕەی کانی و قرمە و ھاژەی چەم و ڕووبار و نەعرە و لوورەی بوونەوەرانەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕەنگە وەک مێژووی گەلی کورد گۆڕانکاری و ئاڵو گۆڕی زۆری بەسەردا ھاتبێ. پاشان مرۆڤی کورد بە لاسایی کردنەوەی ئەو دەنگانە، گونجانیکی لە نێوان داھێنانی خۆی و دیاردە سروشتییەکاندا دروست کردووە ئەم حاڵەتە وردە وردە لە خۆشی و ناخۆشییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.

کورتەیەک لە مێژووی هەورامان

هەر کەس بچێت بۆ هەورامان دەزانێ مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و جێگای شەڕ و کێشە و کێبەڕکێ بووە بەتایبەت لە دەورانی حاکمانی نێوخۆیی و دەسەڵاتی حکوومەتی بابانەکان، ئەردەڵانەکان، هێرشی قزڵباش، عوسمانی و سەفەوی، هەمیشە مەیدانی بەربەرەکانێ بووە. دەڵێن لەبەر چڕی و سەختیی ناوچەکە لە دەورانی هێرشی ئەسکەندەر مەقدوونی، هەورامان زیندانی ئەسیرانی شەڕ و تاوانبارانی بەردەستی شا بووە.

یەکێک لەو ناوچانەی بە شێوەی جۆراوجۆر بەشداریی لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا کرد و ئامادەیی و پشتیوانیی خۆی لە کۆماری کوردستان دەربڕی، ناوچەی هەورامان بوو.

ناوچەی هەورامان لە هیچ سەردەمێکدا بەو ئاسانییە ملکەچ و باوەش‌کراوە نەبووە بۆ هیچ هێژموونییەکی ڕامیاری، یان بیروباوەڕێکی ئایینی، کە مێژووش دانی بەو هەڵوێستەی خەڵکی هەوراماندا ناوە.

سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر و لە سەردەمی ئەشکانییەکان و ئەردەوانیی چوارەم تاوەکو گەیشتنی ئیسلام بە ناوچەکە، هەموو چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەردوو دیوی هەورامانی تەخت و سەخت ئەنجام دراوە. پەرلەمانەکەی هەورامان ناوی "ژیرلێ و مەرێ" بووە، بە واتای "ئەنجومەنی ژیران".

ناوی هەورامان

هێندێک لە خاوەن ڕایاندەڵێن وشەی هەورامان لە ئورامان ەوە هاتووە کە ئورا: بە واتای دیوار یان قەڵای سەخت و سەنگین دێت و مانیش بە واتای شوێن و ماڵ و نشینگە دێت. کەواتە هەورامان واتە نشینگەی سەخت  و ناوچەی نیشتەجێبوونی سەخت.

ڕایەکی تر هەیە لەسەر ئەوەی هەورامان لە "ئەهوورامان"ەوە هاتووە بە واتای شوێنی ئەهوورامەزدا کە خواوەندی ئایینی زەردەشتییە.

هێندێک کەسیش پێیان وایە هەورامان لە دوو وشەی لێکدراوی "هەوار + ئەمان یا ئامان" ەوە هاتووە، واتە: هەوارگەی ئەمن و ئارامی و ئاسایش.

تۆماری جیهانیی هەورامان

لە ٤٤ـەمین دانیشتنی کۆمیتەی میراتی جیهانیی "یونسکۆ"دا، ناوچەی "هەورامان"ی کوردستان وەکوو میراتێکی بە نرخی جیهانی تۆمار کرا. بۆ ئەوەی هەورامان لەلایەن "یونسکۆ"وە تۆمار بکرێت خەڵکی ناوچەکە بەڵگەی پێویستیان بۆ دانیشتنی کۆمیتەی میراتی کەلتووریی یونسکۆ کۆ کردبۆوە. ئەو دانیشتنە لە شاری "فۆجیۆ"ی وڵاتی چین بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چوو و هەورامان وەک  میراتێکی بەنرخ بۆ مرۆڤایەتی ناسێندرا.

 

 

KURDŞOP
534 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!