زاخۆی دەلال، شارێکی دێرین و دەروازەیەکی گرینگی ئابووری بۆ کوردستان

 

جوگرافیای زاخۆ

 

شاری زاخۆ یەکێکە لە شارە ڕازاوە و جوانەکانی باشووری کوردستان. ئەم شارە یه‌کێکه‌ له‌ قه‌زاکانی‌ پارێزگای‌ دهۆکی هەرێمی کوردستان و له‌ چوار ناحییه‌ی‌ "ڕزگاری‌، زاخۆ، ده‌رکار و باتیفا" و ١٩٠ گوند پێکدێت. شاری‌ زاخۆ ده‌که‌وێته‌ خوار ڕۆژئاوای‌ ده‌شتی‌ سندی‌ که لە بواری کشتوکاڵەوە،‌ ده‌شتێکی‌ گرنگ و به‌ناوبانگی‌‌ ده‌ڤه‌ره‌کەیە و خاوه‌نی‌ که‌شوهه‌وایه‌کی‌ دڵڕفێنه ‌و ده‌که‌وێته‌ سه‌ر ڕووباری‌ "خابوور" که‌ به‌ نێو شاره‌که‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت و ده‌یکات به‌ دوو به‌شه‌وه‌. پردی‌ ده‌لالی‌ به‌ناوبانگی‌ زاخۆ که‌ مێژووه‌که‌ی‌ بۆ سه‌رده‌می‌ میرنشینی‌ بادینان ده‌گه‌ڕێته‌وه، دوو بەری ئەم ڕووبارە بە یەکەوە دەبەستێتەوە.

لە ڕێگەی دەروازەی "ئیبراهیم خەلیل"ـەوە کە 10 کیلۆمەتر لە زاخۆوە دوورە، لەگەڵ باکووری کوردستان هاوسنوورە. سنووری ئیبراهیم خەلیلی زاخۆ، گەورەترین ‌سنووری وشکانیی هەرێمی کوردستانە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زاخۆ پێگەیەکی زۆر گرینگی لە ئابووریی هەرێمی کوردستاندا هەبێت. زاخۆ لەگەڵ شاری مووسڵیش هاوسنوورە و بە دووریی ١١٤ کیلۆمەتر لە شارەکەوە هەڵکەوتووە. هەروەها ٢٥ کیلۆمەتر لە سنووری ڕۆژئاوای کوردستانەوە دوورە. ڕووباری خابوور لە ڕۆژئاواوە بە ناوچەکەدا تێپەڕ دەبێت، زاخۆ دووهەم گەورەترین شاری پارێزگای دهۆکە و نزیکەی ٧١ گەڕەک لەخۆدەگرێت.

شاری زاخۆ ٤٤٤ پێ لە ڕووی دەریاوە وە بەرزە و ژمارەی دانیشتووانی بە پێی نوێترین سەرژمێری  نزیکەی ٣٥٠٠٠ (سی و پێنج هەزار) کەسە و به ‌گشتی‌ ڕووبه‌ری‌ قه‌زای‌ زاخۆ زیاتر له‌ ١٠٣٥ کم چوارگۆشه‌یه‌. دانیشتووانی ئەم شارە کوردن و بە شێوەزاری بادینیی زاراوەی کرمانجیی سەروو قسە دەکەن. کۆی دانیشتوانی ناوچەکە بە زۆری بە کشتوکاڵ و پیشەی دەستی و دروونی چۆخە و ئاسنگەری و دارتاشییەوە  خەریکن.

 زۆرینەی دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و ژمارەیەک لە پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی و ئێزیدی و کاکەیی لە چەند گوند و ناوچەیەکی ئەو شارە دەژین.

 

مێژووی شارەکە

چەند بیری جیاواز لەسەر دروست بوونی شاری زاخۆ هەن به‌ڵام میر "جه‌لاده‌ت به‌درخان" ئاشکرای‌ کردووه‌ که‌ مێژووی‌ شاری‌ زاخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ "گۆتییه‌کان" و زۆرێک لە مێژووناسانیش  دەڵێن گوایە ئەم شارە سەرەتا وەک دوورگەیەک بووە لەسەر ڕۆخی ڕووباری خاپور. وەک باس دەگرێت مێژووی دروستبوونی شارەکە کۆنە و لە هەندێک لە نوسراوە کۆنەکانی ییۆنانیەکان ناوی شاری زاخۆ هاتووە. بەهۆی ناشتنی هەندێک کەسایەتیی مێژوویی و ئاینی لە ناوچەکەدا لە سەردەمانێکدا وای لێ هاتبوو، ئەم ناوچەیە بە ناوچەیەکی پیرۆز سەیر کراوە.

 

ناوی زاخۆ

زۆرێک لە شارەزایان و زمانناسان دەڵێن گوایە ڕەچەڵەکی ناوی زاخۆ دەگەڕێتەوە بۆ وشەی ئارامی-سریانیی  زاخۆسا/زاخوثا  کە بە واتای سەرکەوتنە.

هەندێکی تر پێیان وایە سەرکردەی زەینفۆن بە ناوی زاخاریۆس بەو ناوچەیەدا تێپەڕ بووە و بۆیە ئەو ناوچەیە ناونراوە "زاخا" بەپێی تێپەڕبوونی کات ناوەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و بووە بە  زاخۆ.

 هەندێک لە زمانناسان پیان وایە زاخۆ واتای هێز و تواناییە و بە ناوی "چیای زاخ"ـەوە ناو نراوە. هه‌روه‌ها ڕایه‌کی‌ دیکه‌ش هه‌یه‌ ده‌ڵێت، زاخۆ له‌ وشه‌ی‌ "زێ‌ خوێن"ه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، مه‌به‌ست لێی‌ ڕووباری‌ خوێنه و‌ له‌ پاش‌ ڕوداوێکی‌ گرنگ و خوێناوی‌ له‌و ناوچه‌یه‌، ئەم ناوە دانراوە؛ که‌ ڕه‌نگه‌ مه‌به‌ست لێی‌ شه‌ڕی‌ نێوان ڕۆمه‌کان و فارسه‌کان بوبێت، که‌ بووه‌ته‌ هۆی‌ ڕشتنی‌ خوێنێکی‌ زۆر.

ناوچە گەشتیارییەکانی شاری زاخۆ

 

قشڵەی زاخۆ:

دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری خابوورەوە، ئەم قشڵەیە ناوەندی میرنشینی بادینان بووە و لە ساڵی ١٩٢١ دووبارە بنیات نراوەتەوە.

پردی دەلال:

پردا دەلال کە ناسراوە بە پردی عەباسییەکان یاخود پردی مەزن، لە شوێنە دێرینەکانی زاخۆیە. بەپێی بەڵگە مێژووییەکان لە سەردەمی بیزەنتییەکان لە ساڵی ١٥٢٧ ئەم پردە لە بەردی هەڵکۆڵاو بنیات نراوە. پانییەکەی ٤.٧٠ مەترە و درێژییەکەی ١٤٠ مەترە، بە بەرزیی ١٦ مەتر لەسەر ڕووباری خابوور دروست کراوە و بووەتە شوێنێکی گەشتیاریی ناوداری زاخۆ.

تاڤگەی شرانش:

ئەم تاڤگەیە بە دووریی ٤٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی زاخۆ، تاڤگەیەکی دڵگیری ناوچەکەیە و لە وەرزی هاویندا پلەی گەرمیی ناوچەکە ٢٣ پلەی سەدی تێپەڕ ناکات، بۆیە بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری لە زاخۆ.

مزگەوتی گەورەی زاخۆ:

لە ساڵی٦٤١ـی زایینی لە دوای فەتحی ئیسلامی بۆ ناوچەکە ئەم مزگەوتە بنیات نراوە و بووەتە جێگای سەرنجی گەشتیاران.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری زاخۆ، لە شەش مانگی دەستپێکی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار چوونەتە سنووری پارێزگاکە. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ رایگەیەناندووە: بە بەمەبەستی بڕەودان بە کەرتی گەشتوگوزار و پێشوازیکردن لە گەشتیاران، دەستمان کردووە بە پلان دانان بۆ ٤٩ شوێنی گەشتیاری لە سنووری شارۆکەی زاخۆ دانانی ماستەرپلان بۆ ئەم شوێنانە و بە تەواوکردنی ئەو ماستەرپلانە کەرتەکە بەتەواوەتی دەبوژێتەوە.

 

KURDŞOP
654 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!