ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پاراستنی دارستانەکانی زاگرۆس خۆ بە گەرووی ئاگردا دەکەن

 

هاونیشتمانییان و کوردستانیانی ئازیز!

لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە دارستانەکانی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراونەتە سووتەمەنیی دوژمنانی سروشت و نەیارانی ژینگە و ناحەزانی کوردستان. تەنیا لە سنووری شاری مەریوان 120 جار ئاگر لە ژینگە و دارستانەکانی ئەم ناوچەیە بەردراوە.

وەک ژینگەپارێزانی ئەم ناوچەیە دەڵێن، ئەم ئاگرکەوتنەوانە هۆکاری سروشتییان نییە و زۆربەیان دەستی کەسانێکی گومانلێکراویان لە پشتە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئیران نەک بۆ ڕێگری لەم تاوانە هیچ هەوڵێکیان نەداوە، بەڵکوو ئەو ئاگرهەڵگیرسێنانەشیان سزا نەداوە کە لە لایەن ژینگەپارێزانەوە ناسراون و دەستبەسەرکراون.

لە دوو حەفتەی ڕابردوودا و لە بەرەبەری نزیک بوونەوە لە ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ئاگرتێپەردانی دارستانەکان لە ناوچەی مەریوانیش زۆر زیادی کردووە و تەنیا لە دوو جار لەم ئاگرتێبەردانانە، 428 هێکتار لە دارستانەکان سووتاون و لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 1000 هێکتار لەم دارستانانە لە ئاگردا سووتاون و هەزاران زیندەوەری ناو ئەم دارستانانە گیانیان لەدەست داوە.

لەم نێوەدا ئەوەی لە خەمی پاراستنی ئەم ژینگەیەدایە و هەوڵ بۆ ڕزگارکردنی دارستانەکان لە بڵێسەی ئاگر دەدات، هەر خەڵکی کوردستان و بە تایبەت ژینگەپارێزانی ناوچەکەن.

لە دوایین ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی مەریوان کە چوار ڕۆژ لەمەوبەر دارستانی گوندەکانی دەرەوان، كیلن، نەچێ، ھەنجیران، مڕانە، بایەوە، ئاسناوا و كۆلیتی گرتەوە. وەک هەمیشە، ژینگەپارێزانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکە، لە هەڵمەتێکی نیشتمانیدا بەرەنگاری ئاگرەکە بوونەوە و هەوڵی کوژاندنەوەیان دا.

بەڵام ئەمجارە ئاگرەکە بە ڕادەیەک بەربڵاو بوو کە کۆنترۆڵ کردنی لە تاقەتی ژینگەپارێزانی ناوچەکەدا نەبوو. لەم نێوەدا هەڵکردنی با، بووبوو بە هۆی زیاتر تەشەنە کردنی بڵێسەی ئاگرەکە و تەنانەت گڕ گرتنەوەی ئەو شوێنانەی پێشتر لە لایەن ژینگە پارێزانەوە کوژابوونەوە. هەر بۆیە "ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان" داوای هەڵمەتێکی نیشتمانیی هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە هاناوەچوونی ژینگەپارێزانی شارەکانی دیکەی کرد.

ئەمجارەش هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلماندیان بۆ پاراستنی کوردستان هەموو کات گیان لەسەر دەستن و ڕێبوارانی خۆبەخشی ڕێبازی شەهید شەریف باجوەر و شەهیدانی دیکەی ڕێگای پاراستنی ژینگەی کوردستانن و دروشمی "ئەندێشەی سەوزمان ڕێبەرە" بووەتە ڕێنوێنی ڕێگای ژیانیان. لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، تیمە خۆبەخشە ژینگەپارێزەکان ڕوویان لە مەریوان کرد و بە هانای ژینگەپارێزانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەوە چوون و حەماسەیەکی مایەی شانازییان لە یەکگرتوویی بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان پێشانی جیهان دا.

بە پشتیوانیی ژینگەپارێزانی ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەوڵی بێوچانی ژینگەپارێزانی مەریوان کە چەند کەسێکیان وەک "سالار ئازەری"، نزیک 72 کاتژمێر نەخەوتبوون و بە بەردەوامی خەریکی کوژاندنەوەی ئاگر بوون، ئەمجارەش ئاگری دارستانەکانی مەریوان لە بەرانبەر هەڵمەت و هیممەتی ژینگەپارێزانی کوردستاندا پاشەکشەی کرد.

پورترێتی ژینگەپارێز: سالار ئازەری
کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

ڕێکخراوی کوردشۆپ وەک دامەزراوەیەک کە هەوڵ بۆ پاراستنی هەموو جوانییەکانی کوردستان و میراتی مێژوویی و کەلەپووری و هونەری و سروشتیی خەڵکی کوردستان دەدات، هەوڵەکانی ئەم ژینگەپارێزانە و هەڵمەتی نیشتمانی و یەکگرتووانەیان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان بەرز دەنرخێنێ و پێمان وایە ئەم بزاڤە مەدەنییە بەهێزەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، مژدەی داهاتوویەکی گەشمان دەداتێ.

 

 

KURDŞOP
742 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!