پارێزگا و شاری دهۆک لە باشووری کوردستان

دھۆک شارێکی گەورەی هەرێمی کوردستانە و ناوەندی پارێزگای دھۆکە و لە ناوچەی بادینان ھەڵکەوتووە. ساڵی ٢٠٢١ی زایینی، لە ڕێوڕەسمێکدا کە بە شێوەی ئۆنڵاین بەڕێوە چوو، هەردوو شاری دهۆک و "گاینسڤایڵ" لە ئەمریکا، بە دەستەخوشک ناسێندران.


 

پارێزگای دهۆک

پارێزگای دھۆک یەکێکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوەندەکەی شاری دهۆکە. ئەم پارێزگایە لەگەڵ پارێزگای حەسیچەی سووریە هاوسنوورە. دهۆک پێش ساڵی ١٩٦٩، بەشێک لە پارێزگای نەینەوا بوو کە ناوی پارێزگای مووسڵ بوو. ژمارەی دانیشتووانی لە ساڵی ٢٠١٨دا ١،٢٩٢،٥٣٥ کەس بووە.

زیاتری دانیشتووانی پارێزگای دھۆک کوردن و کەمینەیەکی عەرەب، ئاشووری و ئەرمەنیشی هەیە. گرووپە ئایینییە سەرەکییەکانی ئەم پارێزگایە بریتین لە ئیسلام، ئێزیدی و مەسیحی.

بەنداوی دهۆک، زاوێتە، سەرسەنگ، ئامێدی، ئاکرێ، زاخۆ و سۆلاڤ، لە گرینگترین شوێنەکانی پارێزگای دهۆکن کە گەشتیار بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن. هەروەها پاش هەوڵێکی ئەکادیمیکی گەورە، لە شوباتی ساڵی ٢٠١١، قەڵای ئامێدی خراوەتە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی یوونسکۆوە.

شاری دهۆک

دھۆک شارێکی گەورەی هەرێمی کوردستانە و ناوەندی پارێزگای دھۆکە و لە ناوچەی بادینان ھەڵکەوتووە. خەڵکەکەی بە کوردیی کورمانجی قسە دەکەن.

دهۆک بەهۆی شوێنە ستراتیژییەکەیەوە، لە بواری کەرتی بازرگانییەوە گەشەی کردووە و ئێستا وەک ناوەندێکی بازرگانیی گرینگ بۆ هەرێمی کوردستان دەناسرێت.

لەبارەی ناوی دھۆک بۆچوونی جیاواز ھەیە، بەڵام ئەوەی کە لە ھەموویان بەناوبانگترە ئەوەیە کە دھۆک بە واتای "دوو چیا یان دوو ھێلکە" دێت.

دهۆک کەشوهەوایەکی چواروەرزیی هەیە، هاوینی گەرمی دەریای ناوڕاستی هەیە کە گەرم و بێ بارانە، زستانانیشی سارد و پڕ بارانە.

دهۆک بە دیمەنە سروشتییە سەرنجڕاکێشەکانی ناسراوە، هەروەها یەکێکە لە سەنجڕاکيشترین ناوچەکان کە دانیشتووان و گەشتیاران دەتوانن هەست بە چوار وەرزی ساڵ بکەن.

ئەم شارە خاوەنی زیاتر لە ٤٢ شوێنەواری کۆنە وەک مزگەوتی گەورە، بازاڕی کۆن کە لە ناوەندی شارەکەیە، کەنیسەی سانت ئیت ئیلاها، ئەشکەوتەکانی شارۆخا، حەلامات و چارستین کە شوێنێکی مێژوویی گرینگە و بایەخێکی گەشتیاریی زۆری هەیە.

کەنیسەی مارت ئیت ئیلاها کە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆکە، کەنیسەیەکی کلدانییە و تایبەتە بە پەیڕەوانانی ئایینی مەسیحیی ناوچەکە و دەکەوێتە نزیک ڕێگای سەرەکیی دهۆک- زاخۆ. ئەم کەنیسەیە تەلارێکی گەورەی هەیە، دیزاین و شێوازی تەلارسازییەکەی کلاسیکە و لەسەر دیزاینی بابلی کۆن بنیات نراوە. کۆتایی بنمیچەکەی بە گومەزێک کۆتایی هاتووە کە خاچێکی مەزنی لەسەرە و بەشی ناوەوەی کەنیسەکە بە چەندین وێنە و نەخشی جۆراوجۆر نەخشێندراوە.

دهۆک شارێکی مێژووییە

دهۆک خاوەنی میراتی کۆن و مێژووییە کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانی ٦٨١-٧٠٥ی پێش زایین دەگەڕێنەوە.

بە درێژایی مێژوو تا ئێستا دهۆک پێگەیەکی ستراتیژیی لە بواری مێژوویی و جوغرافیاییەوە هەبوو. ئەوەی جێگای سەرنجە، دهۆک وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی بووە لەنێوان عێراق، تورکیا و سووریە و وەک دەروازەیەک بووە بۆ باشووری کوردستان، ئەمەش لە تۆمارە مێژووییەکان و ئەو پاشماوانەی کە لە شارەکەدا هەن دیارە.

ڕەچەڵەکی شارەکە بۆ سەردەمی چاخی بەردین دەگەڕێتەوە. دهۆک بووە بە بەشێک لە ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری و پاشان ئیمپراتۆرییەتی بابلی. پاش ڕووخانی بابل کەوتە ژير دەسەڵاتی دەوڵەتی هەخامەنشی، دواتر کەوتە ژێر دەسەڵاتی پاشا ئەلێکساندەری سێیەمی یۆنانی و دواتر کەوتە ژێر دەستی ئیمپراتۆریەتیی ڕۆم.

شاری دهۆک و "گاینسڤایڵ" لە ئەمریکا، دەستەخوشکی یەکن

ڕێکەوتی 2021/03/09 لە ڕێوڕەسمێکدا کە بە شێوەی ئۆنڵاین بەڕێوە چووبوو، هەردوو شاری دهۆک و گاینسڤایڵ لە ئەمەریکا بە دەستەخوشک ناسێندران.

ئەم ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و "لۆرین پۆ"، سەرۆکی شارەوانیی "گاینسڤایڵ" بەڕێوە چووبوو و گرێبەستی دەستەخوشکی لەنێوان هەردوو شارەکە واژۆ کرا.

لەو ڕێکەوتەدا د. عەلی تەتەر سەبارەت بە ئەو گرێبەستە بە میدیاکانی باشووری کوردستانی ڕاگەیاندبوو: "دەستەخوشکیی دهۆک لەگەڵ گاینسڤایڵ بۆ ئەوەیە کە هاوکاری و هاوئاهەنگی لە بوارەکانی ئابووری، گەشتیاری، ئەکادیمی، کەلتووری، کشتوکاڵی، پیشەسازی و چەندین بواری تر لەنێوان هەردوولا بەهێزتر بن".

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش دابوو: "زانکۆی فلۆریدا زانکۆیەکی بەناوبانگی ئەمەریکایە و ئێمە خۆشحاڵ دەبین کە زانکۆکانی دهۆک بتوانن هاوئاهەنگیی زانستی لەگەڵ ئەو زانکۆیە دروست بکەن و بەمجۆرە دەکرێت سوودی زیاتر لە گرێبەستەکە ببینین."

شاری گاینسڤایڵ Gainesville دەکەوێتە کەرتی ئیلاچێوا Alachua لە ویلایەتی فلۆریدا. هەروەها، زانکۆی فلۆریدا خاوەن پێنجەمین گەورەترین حەرەمی زانکۆیە لە ئەمریکا.

دهۆک، براوەی خەڵاتی جیهانیی ئاشتییە

ساڵی ٢٠١٩ی زایینی بوو کە لە وڵاتی ئەفریقای باشوور، شاری دهۆک خەڵاتی ئاشتیی شارەکانی جیهانی بەدەست هێنا.

ساڵانە ئەم خەڵاتە بە شارەکانی ئاشتی دەدرێت، بەتایبەت ئەو شارانەی کە گرینگی بە بواری پێکەوەژیان و ئاشتی دەدەن. دهۆکیش بەهۆی لەخۆگرتنی هەزاران ئاوارەی ئێزدی و مەسیحی و پێکهاتەکانی تر، توانی خەڵاتی یەکەم وەربگرێت.

دهۆک جگە لەوەی شارێکی پێکەوەژیانی ئایین و پێکهاتەکانە، توانیویەتی بە هەزاران ئاوارەی ئێزدی و مەسیحی و کوردانی ڕۆژاوا و چەندین پێکهاتەی تر لەخۆ بگرێت.

 

KURDŞOP
740 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!