قەڵای مێژووییی هەولێر، کۆنترین شوێنی ژیانی مرۆڤ

قه‌ڵاى هه‌ولێر به‌ یه‌کێک له ‌کۆنترین قه‌ڵاکانی کوردستان و تەنانەت جیهانیش دادەنرێت. بەپێی سەرچاوە مێژوویییەکان، مێژووى ئه‌م قه‌ڵایه‌ بۆ هه‌زار ساڵ پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئەم قەڵایە له‌ سه‌رده‌مى سۆمه‌رییه‌کاندا پێى ده‌گوترا "ئه‌ربائیللۆ"، واته‌ "چوار‌خواوه‌ند"، چونکه‌ جێگاى په‌رستن بوو، هه‌روه‌ها په‌یکه‌رى خواوه‌ندێکى تێدا بووە‌.

شاری هەولێر

ھەولێر شارێکی دێرین و گەورەی باشووری کوردستانە و ناوەندی پارێزگای ھەولێر و پایتەختی ھەرێمی کوردستانە. شاری ھەولێر بە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی کوردستان و تەنانەت جیھانیش دادەنرێت کە مێژووی بنیاتنانی بۆ شەش هەزار ساڵی پێش زایین دەگەڕێتەوە.

هەڵکەوتەی شاری هەولێر زۆر گرینگ و ستراتیژیکە و ده‌که‌وێته‌ قه‌راخی زنجیرەی چیاکانی زاگرۆسەوە‌ و‌ له‌‌‌‌ ده‌شتاییدا هه‌ڵکه‌وتووه‌. ئەم شارە ده‌که‌وێته‌ نێوان‌ زێی‌ گه‌وره‌ و زێی‌ بچووکه‌وه، هەروەها دەکەوێتە ناوەڕاستی باشووری کوردستانەوە.

ھەولێر شارێکی زۆر دێرینە و ئەگەر بەپێی گێڕانەوەکان بێت، مێژووی نیشتەجێبوون تێیدا بۆ نزیکەی شەش هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە؛ ئەمەش بە لێکۆڵینەوە لەسەر قەڵای هەولێر و ئەشکەوتی شانەدەر دەرکەوتووە.

قەڵای هەولێر و هەڵکەوتە و پێکهاتەکەی

قەڵای مێژووییی هەولێر دەکەوێتە ناوەندی شاری هەولێرەوە. تەپۆڵکەیەکی بازنەیی ڕووتەختە و ڕووبەرەکەی ١٠٢,١٩٠ مەتری چوارگۆشەیە و ٤١٥ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و ٢٦ مەتر لە ئاستی ڕووی شاری ھەولێر بەرزە و خانووەکانی لە قوڕ دروست کراون.

لەسەر ئەم قەڵایە لێکۆڵینەوەی زۆر کراوە و بە دەیان ئاسەواری مێژووییی تێدا دۆزراوەتەوە، لەوانە: "کەلوپەل و پارچەی گڵێنە و پەیکەری گیانلەبەر و جلوبەرگی جۆراوجۆر". قەڵاکە له‌ تۆڕێكى ئاڵۆز و كۆڵانى ته‌نگه‌به‌ر و باریكى پیاده‌ڕۆ پێک هاتووه‌، هه‌روه‌ها خانووى كولتووریی تێدایە‌ كه‌ خاوه‌نى حه‌وشه‌ى كراوه‌ن. قه‌ڵاکە دیوه‌خان، ته‌كیه‌، خانووى كولتووری، باڵه‌خانه‌ی‌ گشتی، حه‌مام، مزگه‌وت و خانووى گه‌وره‌ی‌ تێیدایە؛ هەروەها‌ خاوه‌نى سێ گه‌ڕه‌كى فراوانه‌ کە ناویان "سه‌را و ته‌كیه‌ و تۆپخانه‌"یە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی ئەم قەڵایە دیوارەکەیەتی كه‌ له‌ ڕووى توندوتۆڵییه‌وه‌ زۆر پته‌و و بەهێزە. ئه‌م دیواره‌، به‌ شێوه‌یه‌كى بازنه‌یی‌ ده‌ورى قه‌ڵاکەی تەنیوە و دیمه‌نێكى جوانی بە شارەکەش بەخشیوە و ساڵانە بە هەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن و بیرەوەریی خۆیانیان لەلای تۆمار دەکەن.

قەڵای هەولێر له‌ كۆندا خاوه‌نى دوو ده‌روازه‌ى سه‌ره‌كى بووه‌ کە بریتی بوون لە ده‌روازه‌ى گه‌وره‌ى باشوور و ده‌روازه‌ى گه‌وره‌ى باکوور. 

ئەم قەڵا دێرینە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن ڕێکخراوەی یوونسکۆوە بە یەکێک لە گرینگترین ١٠٠ شوێنەواری جیھان دەستنیشان کرا کە پێویستە وەک کەلتوورێکی مرۆڤایەتی پارێزگاریی لێ بکرێت.

مێژووی قەڵای هەولێر

بەپێی داتاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٥دا قەڵای هەولێر یەک هەزار و ٦٣١ کەسی تێدا نیشتەجێ بووە و ٢٤٧ ماڵیشی تێدا بووە، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، قەڵاکە چۆڵ کراوە تاکوو ناسنامەی خۆی وەک شوێنەوارێکی دێرینی جیهان ون نەکات.

قه‌ڵاى هه‌ولێر به‌ یه‌کێک له ‌کۆنترین قه‌ڵاکانی کوردستان و تەنانەت جیهانیش ده‌ناسرێت. مێژووی قەڵای ھەولێر زۆر ڕوون نییە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکان مێژووەکەی دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان و ھەزاران ساڵ پێش زایین و باس لەوە دەکرێت کە ئەم قەڵایە لەلایەن جوولەکەکان و ئاشوورییەکانەوە بنیات نراوە.

ھەندێک بیروڕا ھەیە دەڵێت، قەڵای ھەولێر لەوەی ئێستا بەرزتر بووە، بەڵام لە ساڵی ٢١٦ی زایینی، ئیمپراتۆری ڕۆمانیا (کراکلا) لە کاتی ھێرشی بۆ سەر تیسفۆن بە ھەولێردا ڕۆیشتووە و تەپۆڵکەکەی قەڵای ڕووخاندووە کە گۆڕستانی پاشای فۆرسییەکان بووە و ئێسکوپروسکی مردووەکانی دەرھێناوە.

قەڵای هەولێر بە سەردەمی سۆمەرییەکان، ئاشوورییەکان، ساسانییەکان، مەغۆلەکان، کریستیانەکان و عوسمانییەکاندا تێپەڕیوە و لە سەرەتای دروستبوونییەوە پەرستگای جیاوازی جووەکان، مەسیحییەکان و موسوڵمانەکانی تێدا دروست کراوە. هەروەها ئەم قەڵایە له‌ سه‌رده‌مى سۆمه‌رییه‌کاندا پێى ده‌گوترا "ئه‌ربائیللۆ"، واته‌ "چوار‌خواوه‌ند"، چونکه‌ جێگاى په‌رستشی خوداکان بووە.

ساڵی ١١٩٠ زایینی، سوڵتان موزەفەرەدین بووەتە فەرمانڕەوای ھەولێر و لە ماوەی ٤٢ ساڵی فەرمانڕەوایەتیی ئەودا، ھەولێر زۆر گەشە دەکات و لەم ماوەیەدا بەشی خوارووی ھەولێر (دەرەوەی قەڵا) دروست دەکرێت. بەپێی نەخشەیەکی ساڵی ١٢٣٣ی زایینی، لە خوارووی قەڵاکە دوو قوتابخانە و دوو مزگەوت و بازاڕی قەیسەری و بەشێکی گەڕەکی خانەقا ھەبوو و ئەم ھەمووەش بە شورایەکی درێژ دەورە دراوە و ڕووبەری سێ کیلۆمەتری چوارگۆشە بووە.

"ناسا" قەڵای هەولێر بە کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەسەر زەوی دەناسێنێت

ساڵی ٢٠١٩، ئاژانسی "ناسا"ی ئەمریکا لە فەیسبووکی خۆی بابەتێکی لەسەر قەڵای هەولێر بە ناوی "مێژوو لەسەر تەپۆڵکەیەک" بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: قەڵای هەولێر شارستانییەتێکی هەرەکۆن و پێشکەوتووی میزۆپۆتامیایە."

ناسا نووسیبووی: "چەنگیزخان گەورەترین خاکی بۆ تەختی ئیمپراتۆرییەتی خۆی دروست کرد، عوسمانییەکان بۆ ماوەی ٦٠٠ ساڵ خاکی ئەورووپی و ئاسیاییەکانیان کەوتە ژێر دەست، هەر ئیمپراتۆرێک خاڵێکی هاوبەشی لەگەڵ ئەوەی دوای خۆی هەبوو، هەموویان حوکمیان لە پارچە خاکێکی بازنەیی دەکرد کە ئێستا قەڵای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە".

ناسا ئاماژەی بەوە کردبوو کە قەڵای هەولێر کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤە کە مێژووەکەی بۆ شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

شایانی باسە کە ئەو وێنەیەی ناسا دایناوە، مێژووەکەی بۆ ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ دەگەڕێتەوە. ناسا نەخشەی هەولێر بە تایەی عارەبانە دەچوێنێت و دەڵێت: "ڕەنگە مرۆڤەکان بەر لە سەردەمی دروست کردنی تایەش هەر لە هەولێر ژیابن.

KURDŞOP
661 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!