شەقڵاوە، هاوینەهەوارێکی دڵڕفێن بۆ گەشتیاران

هانی

 

قەزای شەقڵاوە یەکێکە لەو قەزایانەیە کە سەر بە پارێزگای هەولێرە و بە دووریی ٥١ کم لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ناوەندی هەولێرەوە هەڵکەوتووە و یەکێکە لە هاوینەهەوارە بەناوبانگەکانی باشووری کوردستان کە  بە لای باکورییەوە دەکەوێتە دامێنی چیای سەفین. ئەم شارە 966م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاو و هەوایەکی لەبار و فێنکی هەیە و لە وەرزی هاویناندا پلەکانی گەرما تیایدا دەگاتە 33 تا 35 پلە و زستانێکی سارد و باراناویی هەیە و بەفریشی لێ دەبارێت.

چیای "سۆرک"یش لە بەشی خۆرهەڵات و باکووری شەقڵاواوە هەڵکەوتووە، هەروەها سنووری قەزای شەقڵاوە چەندین شارۆچکە و شارەدێ، لەوانەش: هیران، باسرمە، هەریر، بالیسان، سەلاحەددین، کۆڕێ و .... و هەروەها ٢١٨ گوندیش لە خۆ دەگرێت.

لە ڕووی هەڵکەوتەی ئەرسترۆنۆمییەوە، ناوچەی شەقڵاوە دەکەوێتە نێوان هەردوو بازنەی پانی (١٧/٣٦) و (٤٠/٣٦)ی باکوور و نێوان هێڵی درێژی (٧٥/٤٣)و(٣٩/٤٤)ی ڕۆژهەڵاتی، بەم پێیە قەزای شەقڵاوە لە ناوەڕاستی هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە.

شەقڵاوە وەک پردێک دەناسرێت بۆ بەستنەوە و گرێدانی هەریەک لە ناوچە شاخاوییەکان کە پێکهاتووە لە ناوچەی چیا چەماوە ئاڵۆزەکان و چیا چەماوە سادەکان لە لایەک، ناوچەی دەشتایی کە بریتین لە دەشتە شەپۆلاوییەکان و دەشتە تەختانییەکان لە لایەکی تر.

لەگەڵ ئەوەشدا شەقڵاوە کەوتووەتە سەر ڕێگەی هامڵتن کە پێگەیەکی گرینگی لە ناوچەکەشدا هەیە و بووەتە نێوەندێک بۆ بەستنەوەی هەریەکە لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای دهۆک.

 ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە بە پێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٨ نزیک 160 هەزار کەسە. لە ساڵی ١٩٥٢دا بووەتە قەزا (شارستان) و یەکەم قایمەقامی قەزاکەش شاکر فەتاح بووە.

مێژووی شەقڵاوە:

کاتێک باس لە مێژووی دروستبوونی شەقڵاوە دەکرێت ناڕوونە و مێژووی دروستبوونەکەی دیار نییە. لەگەڵ ئەوەشدا شوێنەوار و کەلوپەلی کۆن و بەڵگەی ئاوەدانییەکی کۆن و بەردەوامیی ژیانی مرۆڤ لەم ناوچەیە دۆزراوەتەوە. هەروەک لە گرد و دۆڵەکانی چیای سەفین دەیان نمونەی دیار و زیندوو هەن، ئاماژە بەوەش دەکرێت مێژووی ئەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی پێش زایین. سەرەڕای ئەوە، ناوچەی شەقڵاوە پێگەیەكی سەركیی پێكەوە ژیانی ئایینە جیاجیاكان بووە.

ناوی شەقڵاوە :

زانایانی مێژوو و زمانناسان ڕای جیاییان لەسەر واتای ناوی شەقڵاوە هەیە. لە دوای سەدەی ١٢ـی زایینی ناوی شەقڵاوە بە چەند شێوەیەکی جیاواز لە چەند کتێب و سەرچاوەیەکی هەمەجۆردا باس کراوە. لە کتێبی "معجم البلدان"ـی یاقووتی حەمەوی ناوەکە بە "شەقلاباد" هاتووە و بە گوندێکی دڵگیر و سەوز و فراوان وێنای کردووە و بە جۆرێک باسی کردووە کە شوێنەکە لە هەولێرەوە نزیک بووە و خاوەن باخ و بێستان و میوەی زۆر بووە.

هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوی شەقڵاوە لە شەقبوون وەرگیراوە کە ناوچەکە لە شەقبوونی ئەو دۆڵە دروست بووە کە لە نێوان چیای سۆرک و چیای سەفینە.

 سەرچاوەیەکی تریش هەیە کە دەریدەخات وشەکە لە دوو بڕگە پێکهاتووە (شەقڵا) یان (شەقرا) کە بە زمانی کۆنی ناوچەکە واتای دارە لەگەڵ (ئاوا) کە واتای ئاوەدانی دەبەخشێت.

سروشتی شەقڵاوە و کەرتی گەشتیاری

بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای قەزای شەقڵاوە و دڵڕفێنیی ناوچەکە و گونجاویی ئاوهەواکەی ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە قەزاکە دەکەن. بەتایبەتیش لە وەرزی هاویناندا بەهۆی پلەی مامناوەندی گەرما و لەباربوونی کەشوهەواکەی، شوێنەکە لەلایەن زۆرێک لە گەشتیارانەوە بە تایبەتی گەشتیارانی نەتەوەی عەرەب لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە سەردانی دەکرێت.

شەقڵاوە ژمارەیەکی زۆر دووکان و بازارچە و شوێنی مانەوە و پارک و خواردنگەی تێدایە و بە چەند جۆرە شیرینیەک ناوبانگی هەیە. بەهۆی زۆربوونی گەشتیاران، دانیشتووانی قەزاکە لە باری ئابوورییەوە زیاتر پشت بە گەشتیاران دەبەستن.

 

 

 

 

KURDŞOP
960 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!