شاری پیرانشار یان خانێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لێکۆڵینه‌وه‌‌کان نیشان ده‌ده‌ن که‌ شارستانی پیرانشار هه‌شت هه‌زار ساڵ مێژووی شارنشینیی هه‌یه‌، هەروەها "خانێ" ناوی ڕاستەقینەی ئەو شارەیە. "ژاک دێمۆرگان"، گەریدەی فەڕانسەوی کە ساڵی ١٨٩٧ی زایینی لە ئێران بووە، ئەو بابەتە پشتڕاست دەکاتەوە.


 

جوغرافیای خانێ

شاری پیرانشار یان خانێ، لە باشووری ڕۆژاوای پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و بەشێکە لە ھەرێمی موکریان.

ئەم شارە ٤٧ کیلۆمەتر لە شنۆ، ٤٧ کیلۆمەتر لە نەغەدە، ٩٥ کیلۆمەتر لە سەردەشت و ٧٥ کیلۆمەتر لە مەهاباد دوورە و لەلای ڕۆژاوایەوە لەگەڵ باشووری کوردستان سنووری ھەیە.

شارستانی پیرانشار‎ لە ناوچەیەکی کوێستانیدا ھەڵکەوتووە و ھەرچەندی بۆ لای ڕۆژاواوە بڕۆین، بڵندایی زیاتر دەبێت. کێوەکانی قەندیل (٣٥٧٨ مەتر)، حاجی برایم (٣٥٥٠ ەیتر)، سوورەداڵ (٣٥٠٣ مەتر) و چل بزنە (٣٢٢٦ مەتر)، لە بەرزترین چیاکانی ئەو شارستانەن.

لە کوێستانەکانی پیرانشار‎ەوە چۆمی ھەمیشەیی و پڕ ئاو سەرچاوە دەگرن و چۆمەکانی سێڵوێ، لاوێن، بادیناوێ و گەدە تێکەڵاو دەبن و چۆمی بەناوبانگی زێی بچووک دروست دەکەن کە دوای تێپەڕبوون بە ناوچەی میراوە و سەردەشت، دەچێتە نێو باشووری کوردستان و دەڕژێتە نێو بەنداوی دووکان.

بە وەبەرچاوگرتنی سروشتی پیرانشار‎ و کوێستانیبوونی ناوچە و ڕۆڵی کێوەکان لە سازدانی بەرد، ئەم شارستانە‎ خاوەنی کانگاگەلی دەوڵەمەندی بەردە. زیاتر لە ٨٠ لەسەدی کانگەکانی پارێزگای ورمێ لە پیرانشارە. ئەو شارستانە بە ھەبوونی ٦٥ کانیی "گرانیت" و بەرھەمھێنانی ساڵانە ٣٠٠ ھەزار تۆن بەردی گرانیت، یەکێکە لە ناوچە گرینگەکانی کوردستان و  ئێران بۆ دەرھێنانی ئەو بەردە.

ئەم شارستانە خاوەن دەیان سەیرانگە و شوێنی گەشتیارییە و بەهۆی سروشتە تایبەتەکەیەوە، ساڵانە گشتیارگەلێکی زۆر لە ئێران، ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، سەردانی دەکەن.

 

خانێ شارێکی مێژووییە

لە ناوچەی پیرانشاردا، ١١٣ تەپۆڵکەی مێژوویی لەلایەن کارناسانی نوێنەرایەتیی میراتی کولتووریی ئەو شارستانە ناسراوە و تۆمار کراوە کە پیشاندەری مێژووییبوونی ناوچە و پێکھاتن و لەئارادابوونی شارستانییەتیگەلێکی بەھێز و پڕشنگدارە، وەک شارستانییەتی ماننایی، پارسوایی، ئۆرارتۆ، ماد، زاموا و ئیسلام.

هەروەها ھێندێک تەپۆڵکە ھەن کە بە ھەبوونی شوێنەواری مێژوویی زۆر دەبنە جێگای سەردانی لایەنگرانی مێژوو و کولتووری ئەو ناوچەیە کە دەتوانین ئاماژە بەم شوێنانە بکەین: قەڵای شیناوێ (ھەزارەی یەکەمی پێش زایین)، قەڵاتی موتاوێ (٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین)، قەڵاتی شای (١٥٠٠ ھەتا ٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین)، قەڵای جەڵدیان (٥٠٠٠ ھەتا ٥٥٠٠ ساڵ پێش زایین)، قەڵای پەسوێ (پێش مێژوو)، بەردەنوسی بەردەمافوورە (گوندی لکبن)، داشان قەڵا (٢٠٠٠ ھەتا ٣٥٠٠ ساڵ پێش زایین)، تەپکی گرداشەوان و گۆڕستانی زەرگەتەن.

شایانی باسە کە شوێنی مێژوویی زۆر لەو ناوچەیەدا ھەن، بەڵام بەھۆی کار لەسەر نەکردن، بێ ناو ماون و نەناسراون.

هەروەها شاری "کۆنه‌لاجان"، ‌له‌ شاره‌ مێژووییه‌کانی شارستانی پیرانشارە. مێژووی کۆنه‌لاجان بۆ پێش ئیسلام و ده‌ورانی ساسانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. هەندێک لە ئاسه‌واری دۆزراوه‌ له‌ کۆنه‌لاجان له‌ مۆزه‌خانەی ورمێدان. ئه‌م ئاسه‌وارانه‌ پەیوه‌ندیدار به‌ سەردەمی ساسانین و چه‌ندین کتێبیان له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌سه‌ر نووسراوه‌.

ناوی ئەم شارە لە "خانێ"وە بۆ پیرانشار

لێکۆڵینه‌وه‌‌کان نیشان ده‌ده‌ن که‌ شارستانی پیرانشار هه‌شت هه‌زار ساڵ مێژووی شارنشینیی هه‌یه‌، هەروەها "خانێ" ناوی ڕاستەقینەی ئەو شارەیە. "ژاک دمۆرگان"، گەریدەی فەڕانسەوی کە ساڵی ١٨٩٧ی زایینی لە ئێران بووە، ئەو بابەتە پشتڕاست دەکاتەوە.

خانێ لە ڕیشەی خان وەرگیراوە. لە فەرهەنگی مۆعین بە "خانە، سەرا، کاروانسەرا و دەسەڵاتداران" مانا کراوەتەوە. فەرهەنگی عەمیدیش "خان" بە دووکان، مەیخانە و کاروانسەرا، ڕەئیس و ئەمیر مانا دەکاتەوە.

مامۆستا هەژاریش لە هەنبانەبۆرینە کە ساڵی ۶٩ی هەتاوی لەچاپ دراوە، لە پێش خانێ نووسیویەتی: "شارێکە لە کوردستان"، دواتر "خان" بە نازناوی دەسەڵاتداران و کاروانسەرا مانا دەکاتەوە.

ساڵی ١٣١٥ی ھەتاوی (لە کاتی حکوومەتی ڕەزاشا) بە پێشنیاری سەعید نەفیسی، ناوی ئەو شارە گۆڕدرا و بوو بە "پیرانشار". هۆکاری دانانی ئەو ناوە لەسەر ئەو شارە‎ لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتی ئێران و سەعیدی نەفیسی، پیرانی شاھنامەی فیردەوسی بوو کە لە شاھنامەی فیردەوسیدا وەک فەرماندە و سپەھبۆدێکی ھۆشمەند و لێھاتوو دەور دەگێڕێت.

KURDŞOP
663 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!