ئەگەر ڕۆژێک بتانەوێت بۆ گەڕان و دۆزینەوە بچنە شاری وان، گرینگی بە سروشتەکەشی بدەن و سەردانی بکەن. کە سەردانی ناوچەی "ئەلباک"یشتان (باشکالە) کرد، سەردانی گوندی "تاخک"یش بکەن. گوندی تاخک لەسەر ڕێی وان- ئەلباکە و ٣٣ کیلۆمەتر لە ئەلباک دوورە.
نوران کۆیونجو
ئەگەر ڕۆژێک بتانەوێت بۆ گەڕان و دۆزینەوە بچنە شاری وان، گرینگی بە سروشتەکەشی بدەن و سەردانی بکەن. کە سەردانی ناوچەی "ئەلباک"یشتان (باشکالە) کرد، سەردانی گوندی "تاخک"یش بکەن. گوندی تاخک لەسەر ڕێی وان- ئەلباکە و ٣٣ کیلۆمەتر لە ئەلباک دوورە. ئەگەر کەسێک شەوانە بیبینێت، لێی دەترسێت، بەڵام ئەگەر بەڕۆژ بیبینێت، پێی سەرسام دەبێت. کۆفیراز جوانیی ئەو گوندەیە. پێشتر کەم گەشتیار ئەو شوێنەی ناسیوە. ئێستا بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ساڵانە بە سەدان گەشتیار سەردانی ئەوێ دەکەن و بە تایبەتمەندییەکانی سەرسام دەبن. ئەگەر لەوێ شوێن هەبووایەت، گەشتیاران لەوێ چەند ڕۆژێک دەمانەوە و گوندنشینەکان دەیانتوانی بەم شێوەیە بژێویی ژیانیان پەیدا بکەن. بەڵام هێشتا ئەو شوێنە ئەو خزمەتگوزارییەی نییە.
گوندنشینان و خەڵکی دەوروبەری، دوو ناویان لەسەر ئەو ناوچە سەرنجڕاکێشە ناوە. یەکێک لەوانە کەمێک سەیرە، چونکە وەک دووکەڵ وایە کە لە زەوی بەرز دەبێتەوە، پێی دەوترێت پێخک (پخێرک- زراڤک- توژک). ئەوی تریان "کۆفیراز"ە. ئەم ناوە لە دوو وشە پێک دێت: یەکێکیان "کۆفی"، ئەوی تریان "راز". چونکە لە دوورەوە لە کۆفییەکی جوان دەچێت، بۆیە ئەو ناوەیان لێ ناوە. بەڵام ئەم کۆفییە بۆ مرۆڤەکان نهێنییەک بەجێ دەهێڵێت. هەر بۆیە وشەی "راز"یان زیاد کردووە. هەردوو ناوەکە لە کۆمەڵگەدا جێیان گرتووە و تا ئەمڕۆش بەکار دەهێنرێن. لە فەرهەنگی کوردیدا هیچ شتێک بەبێ هۆکار ناوی لێ نەنراوە. چونکە زمانی کوردی زمانێکی شارستانی و دەوڵەمەند و زۆر کۆنە. هەرچەندە لە میدیاکاندا وەک کۆفیرازی ئاناتۆلیا ناوی دەبەن، دەڵێن "وانادۆکیا"یش، بەڵام ئەم ناوە نە ناوێکی کولتوورییە، نە ناوێکی کوردیشە.
ئەگەر بە کورتی باسی دروستکردنیان بکەم، دەبێ هەندێک لە نهێنییەکانیان ئاشکرا بێت.
کۆفیراز، بە گوێرەی ژمارە، لە ١٧ هەزار پێخک، ٣٥ ئەشکەوت و ١٢ خانووی بەردیی هەڵکۆڵدراو و چەند گۆڕێکی درێژ پێک هاتووە. ڕووبەرەکەی ٥٥ کیلۆمەتری دووجایە. شوێنی ئەم تەپۆڵکانە لەلایەن زەویناسانەوە وەک جێئۆپارک وەرگیراوە. بەڵام وەک کاپادۆکیا لە ئاناتۆلیا هێشتا بە فەرمی نەناسراوە.
بەردە نیشتووەکان، بەردی گڕکانی پیرۆکلاستیکن. تەپۆڵکەکان لە ئەنجامی داخورانی زەوی سەریان هەڵداوە. لێوارەکانیان لە بەردی گڕکانی تراکیاندێزیتیک دروست کراوە. لەم ساڵانەی دوایی، بەهۆی ڕۆچوونی زەوی، لەسەر تەپۆڵکەکان هیچ بەردێک نەماوە. ئەو ماددانە لە کوێوە هاتوون و چۆن لێرە بڵاو بوونەتەوە؟ بۆ وڵامی ئەم پرسیارە، سەرنج دەدەینە چیای هەرەڤر. بۆچی و چۆن دروستبوونیان بەم شاخە گرێ دراوەتەوە؟
چیای هەرەڤر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەلباکە و ٣٠ کیلۆمەتر لێی دوورە و لەنێوان سنووری وان و سەڵماسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە. سنووری هەر دوو شارەکە بە لووتکەی ئەم شاخەدا تێدەپەڕێت. هەرەڤر شاخێکی گڕکانییە. لە ڕوانگەی زەویناسییەوە، بەپێی پێکهاتەی شاخەکان، ئەم شاخە لە بەشی چیا گڕکانییەکانە. شێوازیشی وەک چیای ئاگری وایە. واتە بنی پان و سەری تیژە. ناوبەناو لەگەڵ دەردانی ماددە ترش و بنەڕەتییەکان، وردە وردە و چین بە چین لە دوای ساردبوونەوەیانەوە بەرز بووەتەوە و بووەتە شاخ. بەرزییەکەی ٣٤٦٨ مەتر و ڕووبەرەکەی ٢٢٥ کیلۆمەتری دووجایە. دروستبوون لە هەرەڤر لە سەردەمی پلیۆسەن (٥.٣٢-١.٨١ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) دەست پێ دەکات و تا سەردەمی پلەئیستۆسەن (١.٨١-٠.٠١ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) بەردەوام دەبێت. دیاریکردنی تەمەنی لەسەر بنەمای تەمەنی ئەو بەردانەیە کە لە ڕێگەی ئامێری ماگماوە بەدەست هاتووە. هەروەها ئەم زانیارییە بەپێی پاشماوەی C14 (پلەی گەرمی) لە ناوەوەی بەردەکانەوە دەرهێنراوە. هەروەها لە ئەنجامی ئەم تەقینەوەیەدا ئەو مادەی کە بۆ یەکەمجار هاتە دەرەوە بریتییە لە پیرۆکلاستیک (کلیت، توف، ئیگنیمبریت، لاپیلی). بەردەکانی ئەوێ هەزاران ساڵە کە هێدی هێدی بەهۆی چڵەکانی ڕووباری زێ، با و باران، تووشی داخوران بوون. ئێستاش ئەو ڕەوتە بەردەوامە.
..............
SAĞLAM SELÇUK Azad, ZORER. 2017. Halil Başkale Bölgesi’nin (Van) Jeolojik ve Jeomorfolojik Öğeleri. Geological Bulletin of Turkey Cilt 60, Sayı 1, Ocak 2017 Volume 60, Issue 1, January
کیلتە: جۆرێکە لە گڵ/ خۆڵ، ڕەگەکانی زۆر بچووکن.
ئیگنمبریت: جۆرێکە لە بەردی گڕکانی. بەهۆی تەقینەوەی گڕکانەکانەوە دروست دەبێت. لە کیلتەکاندا، دەتوانیت بەردی بەلوور بدۆزیتەوە.
تووف: ئەو شلەیە لە کاتی تەقینەوەی گڕکانەکان دەڕژێتە دەرەوە و بە هێواشی لەسەر زەوی دەچێت و کۆ دەبێتەوە.
TÜRKECAN Ahmet. 2017.İran Sınırında Bir Volkan - Yiğit Dağı. MTA Doğal Kaynaklar ve Ekonomi Bülteni (2017) 23: 77-86