ژێئۆپۆلیتیک و کۆسپە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی کوردستان

کوردەکان تەنیا نەتەوەیەکن کە وڵاتەکەیان لە بواری جوغرافیای سیاسییەوە زۆرینەیان لە ناو سنووری چوار وڵاتی ناوچەکەدا هەڵکەوتووە. کوردستان بەشێکی کەوتووەتە ناو هەردوو وڵاتی سووریە و عێراق کە وەک بەشێک لە جیهانی عەرەبی دێنە ئەژمار. بەشێکی کوردستان لە ژێر دەستی تورکیادایە کە ئەندامی ناتۆیە. بەشێکی دیکەشی کەوتووەتە سنووری جۆغرافیای ئێرانەوە.

- ڕۆژ قادری


 

ژێئۆپۆلیتیک

چەمکی ژێئۆپۆلیتیک بۆ یەکەمین جار لەلایەن بیرمەندێکی سویدی بە ناوی "ڕۆدۆڵف کیلێن" لە ساڵی ١٨٩٩ی زایینی بەکار هێنرا. ئەم چەمکە وەکوو چەمکەکانی تری زانستە مرۆییەکان سەیالییەتی هەیە و پێناسەگەلێکی جۆراوجۆری هەیە کە لە هەموو پێناسەکاندا توخمەکانی "جوغرافیا، هێز، سیاسەت و ڕکەبەری" زەقن. هەندێک لە بیرمەندان، ژێئۆپۆلیتیک بە زانستی تاوتوێکردنی فاکتەرە جوغرافیاییەکان و بڕیارە سیاسییەکان دەزانن.

هەندێکی تر ژێئۆپۆلیتیک بە شێوەکانی خوێندنەوە و نووسینی سیاسەتی نێونەتەوەیی لەلایەن خاوەن دەسەڵات و ئەندێشە و کاریگەریی ئەوان لەسەر بڕیارە سیاسییەکان لە ئاستی نەتەوەیی و ناوچەیی دەزانن. هەندێکی تر ژێئۆپۆلیتیک بە کاریگەریی دەوروبەر یان دیاردەکانی دەوروبەر وەکوو "شوێنی جوغرافیایی، شێوەی زەوی، سەرچاوە دەگەمەنەکان، خزمەتگوزاریی پەیوەندی و هەناردەکردن، کەرەستەی پەیوەندیی گشتی و..." لەسەر بڕیارە سیاسییەکان بەتایبەتی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی، دەزانن.

هەندێکی تر لە بیرمەندان، ژێئۆپۆلیتیک بە چەمکێکی چەندپێکهاتەیی و هەڵگری "جوغرافیا، سیاسەت و هێز" پێناسە دەکەن. بەگشتی و بە هەر پێناسەیەک کە لە ژێئۆپۆلیتیک بکرێت، لەم زانستەدا، ڕۆڵی دەوروبەر یان جوغرافیا وەکوو یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکان لە هاوکێشە سیاسییەکان و هێز، لەبەرچاو دەگیردرێت.

ژێئۆپۆلیتیکی کوردستان

بەهۆی ئەوەی کە دەوڵەتێک و وڵاتێک بە ناوی کوردستان لەسەر نەخشەی جیهان نییە، بەراوردی کێشی ژێئۆپۆلیتیکیی کوردستان کە پێویستی بە بوونی ئاماری ورد و فەرمی لەبارەی چەندین بگۆڕی جۆراوجۆرە، ئیمکانی نییە.

کوردەکان تەنیا نەتەوەیەکن کە وڵاتەکەیان لە بواری جوغرافیای سیاسییەوە زۆرینەیان لە ناو سنووری چوار وڵاتی ناوچەکەدا هەڵکەوتووە. کوردستان بەشێکی کەوتووەتە ناو هەردوو وڵاتی سووریە و عێراق کە وەک بەشێک لە جیهانی عەرەبی دێنە ئەژمار. بەشێکی کوردستان لە ژێر دەستی تورکیادایە کە ئەندامی ناتۆیە. بەشێکی دیکەشی کەوتووەتە سنووری جۆغرافیای ئێرانەوە. کوردەکان هەروەها لە یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشوو و ئاسیای ناوەندی لە قەفقاز، ئەرمەنستان، ئازەربایجان و گورجستان، دەژین. بەم هۆیەوە پرسی کورد لە ئاستی نێونەتەوەیی تووشی ئاڵؤزییەکی تایبەت بووە.

ژێئۆپۆلیتیکی کوردستان ڕیشەی لە دابەشکردنی ئیمپراتۆریی عوسمانی دوای شەڕی جیهانیی یەکەمدا هەیە، بەڵام تا ئاستێکی زۆر، لەژێر کاریگەریی سیاسەتە بەرژەوەندیخوازانەکانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە.

کۆسپەکانی ژێئۆپۆلیتیکی کوردستان

١- قاڕەییبوونی کوردستان و دەسپێڕانەگەیشتن بە دەریا

ئەگەر کوردستان ببێتە وڵاتێک، بێگومان وڵاتێکی قاڕەیی و گەمارۆدراو لە وشکیدا دەبێت. بۆیە کوردستانی گەمارۆدراو لە وشکی، بەهۆی دەسپێڕانەگەیشتنی ڕاستەوخۆ بە دەریا، پێویستی بە دراوسێ بەهێزەکانی دەوروبەری دەبێت. پێویستی بە دەسپێڕاگەیشتن بە دەریا، کوردستان دەخاتە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی سیاسەتی دراوسێکانییەوە کە ئەم بابەتە دەبێتە هۆی لاوازیی هێز لە کوردستان.

ئەگەر ڕێئاڵیستییانە سەیری ئەم بابەتە بکەین (کوردستان وڵاتێکی قاڕەیی و گەمارۆدراو لە وشکی بێت)، دەوڵەتە دراوسێکانی لە هەڵوێستێکی دوژمنکارانەدا دەتوانن کوردستان بخەنە سەر چۆک. هەڵبەت ئەگەر کوردستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت و کۆمەڵگەی جیهانی قەبووڵی بکەن، یاسای نێونەتەوەیی ئەو ئیزنە بە دەوڵەتەکانی دراوسێی کوردستان نادەن کە کوردستان بخەنە ژێر گوشارەوە.

 

٢-  بەربڵاویی سێبەری سیستەمی عەشیرەیی لە بۆنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان

یەکێک لە کۆسپە کاریگەرەکان لە ڕەوتی خەباتی کوردەکان بۆ گەیشتن بە مافی خۆیان لە چوارچێوەی خودموختاری، فێدراڵیزم و سەربەخۆیی، بوونی کێشەی عەشیرەیی، بەتایبەت لەنێوان سەرۆک عەشیرەکانی کوردستان بووە. ئەم کێشەگەلە بوونەتە هۆی خاوبوونەوەی پرۆسەی نەتەوەسازی و ناسیۆناڵیزمی کوردی.

لە سێبەری سیستەمی عەشیرەیی، ئەگەری پێکهاتنی یەکەیەکی سیاسی (وڵات) زۆر بە کەمی بوونی هەیە، چونکە عەشیرە تەنیا بە دوای پێداویستییە بەرتەسکەکانی خۆیەتی و ئەم بابەتە بەردەوام ململانێ و کێشەی نێوان عەشیرەکانی لێ دەکەوێتەوە. "ئێبنە خەلدوون" ئەم دۆخە بەم جۆرە پێناسە دەکات: "ناوچەگەلێک کە لەگەڵ زۆریی عەشیرە و کۆمەڵگە ڕووبەڕوون، ئیمکانی پێکهاتنی دەوڵەتێکی بەهێزیان نییە".

کێشەی عەشیرەیی، ناوچەگەرایی و شارگەرایی، بەرژەوەندیی بنەماڵەیی و هەروەها کێشەی نێوحیزبی، بەتایبەتی لەنێوان حیزبەکانی لە حاڵی خەباتدا، لە بەرچاوترین خاڵە لاوازەکانی ڕەوتە سیاسییەکان لە کوردستانن.

کێشەی عەشیرەیی لە ڕابردوودا و کێشە و بەرژەوەندیی حیزبی لە هەنووکەدا، لە کۆسپە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی ڕەوتی خەباتی گەلی کوردە. ئەم جۆرە کێشەگەلە لە دیدی چاوەدێرانی پرسی کوردستان شاراوە نییە و بەداخەوە بەهێزبوونی ئەم جۆرە لە کێشەکان ئەو بەستێنە بۆ دوژمنانی نەتەوەی کورد پێک دێنێت کە نەتەوەکەمان زۆرتر سەرکوت بکەن. مێژووی هاوچەرخ پیشانی داوە کە هەر کات کوردەکان لەنێو خۆیاندا یەکگرتوو بوون، نەتەنیا کەشی هیوا و دڵخۆشی بۆ خەباتی نەتەوەیی کوردەکان گەڕاوەتەوە، بەڵکوو دوژمنەکانیش ناچالاک بوونەتەوە و حاڵەتی بەرگرییان گرتووەتە خۆیان.

 

٣- زۆریی زاراوە، بن‌زاراوە و ئایینزاکان لە کوردستان

زمان یەکێک لە هۆکارە گرینگ و کاریگەرەکانە لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا کە هەموو تاکەکانی نەتەوەیەک بە زاراوەکان و بن‌زاراوە جیاوازەکان نزیکی یەک دەکاتەوە و ژێرخانی پێکهاتنی دەوڵەت- نەتەوەیەک دابین دەکات.

بەربڵاویی جوغرافیایی کوردستان و دۆخی تۆپۆگرافیکی کوردستان و هەروەها دابەشکردنی کوردستان بەسەر چەند وڵات بە زمانی جیاوازەوە، ئیمکانی دیاریکردنی زمانی ئەدەبی و ستاندارد کە هەموو ناوچە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکوو زمانی هاوبەشی هەموو کوردەکان کەڵکی لێ وەربگرن، لەگەڵ کێشە بەرەڕوو کردووەتەوە.

هەرچەند زۆریی زمان و زاراوە لە ئاخاوتنی خەڵکی کوردستان وەکوو لاوازیی ژێئۆپۆلیتیکی دێتە ئەژمار، بەڵام لە ئەگەری بوونی سیاسەتێکی دروست لە بواری زمان و قەبووڵکردنی پلۆڕاڵیزمی فەرهەنگی، دەتوانرێت لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، "سۆرانی" بکرێت بە زمانی هاوبەش، بەڵام لەو ناوچانەی کە "هەورامی، کەلهوڕی و کرمانج"ەکان دەژین، زاراوەکەی ئەوانیش وەکوو زمانی پەروەردە لە قوتابخانە لە پاڵ زمانی هاوبەش ڕەسمییەت پەیدا بکات.

وێڕای ئەوەی زۆرینەی ڕێکخراو و حیزبە کوردییەکان لە کوردستان، ئەندێشەی سیاسیی خۆیان لەسەر "سێکولاریزم" (جیایی ئایین لە سیاسەت) بونیات ناوە و مێژووی خەباتی سیاسیی کوردەکان بەتایبەتی لە باشووری کوردستان و باکووری کوردستان بریتی بووە لە بەشداریکردنی هەموو خەڵکی کوردستان بە هەر ئایین و ئایینزایەکەوە، بەم وەسفەوە لە بەشگەلێک لە کوردستان ڕۆڵی ئایین ڕەوتی ناسیۆناڵیزمی کوردیی خاو کردووەتەوە و هۆگری نیشاندان بە فەرهەنگ و زمانی زۆرینەی باڵادەست، شوناسی کوردیی لەم ناوچانە خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. یەکگرتوویی نەتەوەیی لە کوردستان تەنیا بە قەبووڵکردنی پلۆڕاڵیزمی فەرهەنگی دێتە ئاراوە.

KURDŞOP
671 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!