شاری بەدلیس و جوغرافیا و مێژووە کۆنەکەی

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، مێژووی دروستبوونی ئەو شارە دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش زایین. بەپێی هەندێک سەرچاوە، زۆرترین زیانێک کە بە ناوچەکە کەوتووە، لەلایەن ئاشوورییەکانەوە بووە. ئەو کاتەش سەردەمی حوکمڕانیی میتانییەکان بووە. میتانییەکان زمانی حوری یان خوریکییان بەکار هێناوە کە زمانی کوردییە؛ ئیمپراتۆرییەتەکە پێی دەوترێت "خوری- میتانی".

 

کوردشۆپ- شاری بەدلیس یەکێکە لە شارە مێژووییە گرینگەکانی باکووری کوردستان. دەوترێت کە "ئەسکەندەری گەورە" ناوی شارەکەی ناوە باد-لس. پاشان ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ بت-لیز و بتلیس. لە سەرچاوە ئەرمەنییەکاندا ناوی شارەکە بە شێوەی "پاخش" هاتووە.

بەپێی هەندێک سەرچاوەی تر، ناوی یەکەمی بەدلیس، "بێترس" بووە کە بە زمانی کوردی بە مانای ئازایی و نەترسی دێت. بەڵام بەرەبەرە گۆڕدراوە و بووە بە بەدلیس.

شاری بەدلیس زۆرترین تووتنی تێدا دەچێنرێت و بە تووتن ناوبانگی دەرکردووە. جگە لەوەش بەدلیس بە باخچە و بەرهەمە میوەییەکان زۆر دەوڵەمەندە. کەش و هەوای زۆر وشکە، زستانەکانیشی زۆر سەختە و بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت.

مێژووی بەدلیس لە مێژووی ئاریانەوە دەست پێ دەکات. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، مێژووی دروستبوونی ئەو شارە دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش زایین. بەپێی هەندێک سەرچاوە، زۆرترین زیانێک کە بە ناوچەکە کەوتووە، لەلایەن ئاشوورییەکانەوە بووە. ئەو کاتەش سەردەمی حوکمڕانیی میتانییەکان بووە. میتانییەکان زمانی حوری یان خوریکییان بەکار هێناوە کە زمانی کوردییە؛ ئیمپراتۆرییەتەکە پێی دەوترێت "خوری- میتانی".

پێش زایین لە سەدەی ١٣دا دوای ڕووخانی میتانییەکان و لە سەدەی ١٢دا دوای ڕووخانی هیتیتییەکان، لە ڕۆژهەڵات، گەلی ئاریان لە ناوەندەکانی شاخ نیشتەجێ بوون. لە سەدەی نۆهەمدا گەلی ئاریان فیدراسیۆنێکیان دامەزراند کە ناوەندەکەی تووشپا بوو و فەرمانڕەوایی ئورارتوویان دامەزراند. ئورارتوو بەهۆی هێرشی ئاشوورییەکانەوە، دەسەڵاتێکی زۆری لەدەست دا. بۆ ئەوەی کۆتایی بەم هێرشانە بهێنن، لە سەدەی حەوتەمدا گەلی کورد لەژێر چەتری مادەکاندا کۆ بووەوە. "کەی مێد کیاکسارێس"، وڵاتی لە هەموو تاڵانچییەکان پاک کردەوە و ئاریانی لەژێر یەک ئاڵادا (تا دەریای سوور) کۆ کردەوە. بەڵام لە سەدەی شەشەمدا فارسەکان دژی سوپای ماد کودەتایان کرد و هەرچەندە چوونە نێو ناوەندی دەسەڵاتەوە، بەڵام لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژییەوە زۆر بەهێز نەبوون. بۆیە پێش زایین و لە ساڵی ٣٣٣دا، سوپای فارس لە شەڕی عیساسدا لەلایەن ئەسکەندەری گەورەی مەقدۆنییەوە شکستیان خوارد. لە سەدەی یەکەمدا، هەرچەندە سوپای ڕۆم دوو جار هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچانە، بەڵام نەیانتوانی زۆر لەوێ بمێننەوە و گەڕانەوە.

زانیاری لەسەر مێژووی بەدلیس کۆ کراوەتەوە و بڵاو کراوەتەوە، بەتایبەتی لە کتێبی شەرەفنامەدا. بەپێی ئەو کتێبە، لەو سەردەمەدا ٢٥ هۆزی کوردی کە بە جیا دەژیان، کۆ بوونەوە و بڕیاریان دا یەک بگرن.

لەو کاتەدا کە "تادیت"، فەرمانڕەوای گورجستان، فەرمانڕەوای ناوچەکە بوو، عەشیرەتەکان هێرش دەکەنە سەر سوپای ئەو حاکمە و قەڵا و شارەکە دەگرن. ئەو ٢٥ هۆزەی کە عەشیرەتی ڕۆژکان پێک دەهێنن و پێیان دەوترێت ڕۆژکان، ناوەکانیان بریتین لە: قەیسان، بایکان، مۆدکان، زۆقەیسی، زەیدی، کەلەچەر، خربەلان، بالکان، خیارتان، گەورەک، برەشان، سەکران، گارسی، بێدۆران، بەلاکوردان، زەردووسان، ئەنداکیان، پرتایان، قەوالسی، گردیکان، سوهرەوەردیان، کاشاخیان، خالدان، ئیستووکان و ئەزیزان.

دوای ئەو یەکگرتنەوە، بیزانس و ساسانییەکان هاتنە ناوچەکە، بەڵام زۆر نەمانەوە. لە سەدەی یازدەهەمدا لەشکرکێشیی تورکمانەکانی ناسراو بە سەلجووقەکان ڕوویدا. ئەو ناوچەیە کە لە سنووری دوگەلی مەروانی کورددایە، لە سەدەی ١٣دا لەلایەن مەغۆلەکانەوە داگیر کراوە. دوای ئەو لەشکرکێشییانە، بەدلیس لە ئیمپراتۆرییەتی ئەیووبییاندا مایەوە. دوای داگیرکردنی تەیموور، بەدلیس چەندین سەدە لەژێر دەسەڵاتی شەرەفخانییان مایەوە.

لە سەردەمی حەزرەتی عومەردا، بەدلیس ئیسلام دەناسێت و لەو سەدەمەدا خەڵکەکە دەبنە موسڵمان. بەدلیس لەژێر ئیدارەی ئومەوی و عەباسییەکان و مەروانییەکاندا مایەوە و لە ساڵی ١٥٣٧دا بوو بە شاری عوسمانییەکان. لە سەدەی ١٦دا بەدلیس بەتەواوی لەژێر دەستی عوسمانییەکاندا بوو. تا ساڵی ١٨٩٤ لەلایەن شەرەفخانییەکانەوە بەڕێوە دەبرا. لە ساڵی ١٩١٥دا ڕووبەڕووی داگیرکاریی ڕووسەکان بووەوە. ئەو داگیرکارییە بووە هۆی وێرانکارییەکی گەورە لە بەدلیس. لە ساڵی ١٩١٦دا لە سێبەری ئاغا و بەگ و هەموو گەلی کورد، بەدلیس لە داگیرکاریی ڕووسیە ڕزگاری بوو. هەرچەندە لە داگیرکاریش ڕزگاری ببوو، بەڵام شارەکە وەک پێشتر نەمابووەوە.

پێشتر ژمارەی دانیشتووانی بەدلیس نزیکەی ٦٠ هەزار کەس بوو، دوای ئەو تاڵانکارییانە، بەتایبەتی دوای داگیرکردنی لەلایەن ڕووسیەوە، ژمارەی دانیشتووانی گەیشتە ئاستی چەند هەزار کەس. لە ساڵی ١٩٢٩دا بەدلیس بوو بە ناوچەیەک لە مووش، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٦دا جارێکی تر بوو بە شار یان پارێزگا.

بەدلیس بە تایبەتی لە ڕووی هونەرییەوە زۆر پێشکەوتووە. لە سەدەی ١٧ و ١٨ و ١٩دا بووە بە ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەر. هەرچەندە زۆر تاڵانکاریی بینیوە، بەڵام هیچ تایبەتمەندییەکی خۆی لەدەست نەداوە.

ناوچەکانی بەدلیس بریتین لە: ئەلجەواز، خەلات، چوخوور (نۆرشین)، خیزان، مۆتکی و تەتوان.

ئاوگەرمەکانی ناوچەکە

لەنێو بەدلیس و دەوروبەری، ئاوگەرمی زۆر هەیە. هەندێکیان بریتین لە: گورۆیماک، چیای نێمروود، عەلەمدار، کۆپروئالت، چیم جۆموگوو، پرا عەرەب و یلان دیریلتەن.

قەڵاکانی پارێزگای بەدلیس

قەڵاکانی پارێزگای بەدلیس بریتین لە: بەدلیس، ئەلجەواز، ئادیلجەواز کەف، قەڵای ئەخلات لە بەراڤ، قەڵای ئەخلات، تەتوان، زەیدان، کەلهۆک، دەری ئەزدینان، دۆلەک، تاخ، قەڵای سیندبادی.

قەڵای بەدلیس

بەپێی ئەوەی سەلماوە و دەزانرێت، قەڵای بەدلیس لە سەردەمی ئاریان دروست کراوە.

قەڵاکە لەسەر بەردەکانی نێوان دوو ڕووباری بەدلیس کە لە خاڵێکدا یەک دەگرنەوە، ساز کراوە. قەڵاکە چوارگۆشەیە. ٦٧٠ لقی هەیە. لەلای ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای دوو بورج بۆ چاودێری دروست کراون. دەوری قەڵاکە ٢٨٠٠ مەتر و بەرزییەکەی ٥٦ مەتر و پانییەکەی ٧ مەترە. لە قەڵاکەدا ٨٠٠ خانوو و خانوویەکی گەورە و کۆشک و کۆگای خۆراک و چەک هەیە. وەک دەزانرێت لە سەدەی ١٠دا، ئەو عەشیرەتانەی کە دەیانەویست بۆ یەکڕیزی کۆ ببنەوە، لە یەک ڕۆژدا، لەم قەڵایە کۆ بوونەوە و بڕیاریان دا یەک بگرن.

ناوەوەی قەڵاکە پڕە لە خاک. بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بچێتە ژوورەوە، بەڵام لە لووتکەی قەڵاکەدا دیمەنێکی زۆر سەرنجڕاکێش و جوان دەبینرێت.

چونکە قەڵاکە لەسەر لووتکەیەک ساز کراوە کە سەر کەوتن لێی دژوار و  قورسە، هیچ چاڵێکی پاراستن لە دەوروبەریدا نییە. جگە لە قەڵای بەدلیس، بورجی دیدەبانیش هەبووە، بەڵام ئێستا تەنیا ئاسەوارەکانی ماونەتەوە.

 

جوغرافیا و سنووری شارەکە

شارەکە لە باکوورەوە بە ئاگری و لە ڕۆژاواوە بە مووش و لە باشوورەوە بە سێرت و لە ڕۆژهەڵاتەوە بە دەریاچەی وان بەستراوەتەوە.

تایبەتمەندیی زەویی شارەکە

٧١ لەسەدی شاخە، ١٠ لەسەدی دەشت و ٣ لەسەدی کوێستانە و ١٦ لەسەدی نیمچە کوێستانییە. ٨٠ لەسەدی زەوییەکانی بۆ کشتوکاڵ بەسوودە. زۆرێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە تووتن، گوێز و گەنم.

چیاکانی ئەم ناوچەیە

بەناوبانگترین شاخەکانی ناوچەکە و پارێزگای بەدلیس بریتین لە: سیپان (٤٠٥٨ م)، زیارەت (٣٠٠٢ م)، نەمروودی بەدلیس (٢٩٣٥ م) و تورشک (٢٨٢٨ م).

چیای نەمروود و دەریاچەکانی

شاری بەدلیس زیاتر لە چیای دژوار و بەرز پێک هاتووە. لە باکووری شارەکە چیای نەمروود هەڵکەوتووە کە بەرزییەکەی ٢٩٣٥ مەتر و لە سنووری ناوچەی تەتواندایە و شاخێکی گڕکانییە.

بەهۆی تەقینەوەی گڕکانەکانەوە، دەریاچەکانی سەر شاخەکە دروست بوون. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە دەریاچەی سارد (شین) و دەریاچەی گەرم (سەوز) لەیەکەوە نزیکن، بەڵام لە دەریاچەی سارددا شووتی لە ئاوەکەدا دەقڵیشێت و لە دەریاچەی گەرمیشدا هێلکە لە ماوەیەکی کەمدا دەکوڵێت.

دەریاچەی نەمروود کە لەسەر شاخی نەمروودە، دووەم گەورەترین دەریاچەی جیهانە. چیای نەمروود بەهۆی سروشتەکەیەوە ساڵانە میوانداریی زۆرێک لە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی دەکات، بەتایبەتی لە مانگەکانی هاویندا.

ئەفسانەی نەمروود

مەلیک نەمروودی ستەمکار لە سەردەمی خۆیدا، شاخی نزیک تەتوانی وەک پەناگەیەک بەکار هێناوە. ئەو کات گڕکانی شاخەکە دەتەقێتەوە و ئاگرەکە بەسەر گوندەکانی نزیک چیای نەمرووددا دەبارێت. لەم نێوانەدا زوڵمی نەمروود لە پێغەمبەر ئیبراهیم هاتە مێشکی خەڵک و خەڵک ئەمەیان گوت: "ئاگر بەسەر دڕندەیی نەمرووددا باری." بەو بۆنەیەوە ناوی شاخەکە هەر وەک نەمروود ماوەتەوە.

چیای سیپان

شاخی سیپان دەکەوێتە باکووری دەریاچەی وان و بەرزییەکەی ٤٠٥٨ مەترە. لووتکەکەی بە سەهۆڵ داپۆشراوە.

دەشتەکان

بەهۆی سروشتی شاخاویی ناوچەکە، ئەم ناوچەیە دەشتی کەمە. دەشتەکانی ڕەڤها، خەلات، ئارین و ئەلجەواز دەشتە بچووکەکانی ناوچەکەن.

ڕووبار و دەریاچە

گەورەترین دەریاچەی ناوچەکە دەریاچەی وانە. جگە لەوەش لە ناوچەکەدا دەریاچەی تریش هەیە. وەک نەمروود کە ٢٤٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. ڕووبەری دەریاچەکە ١٠ کیلۆمەتری دووجایە. ڕووبەری دەریاچەی نازلوک ٣.٥ کیلۆمەتر و ئارین ١٣.٥ کیلۆمەتری دووجایە.

ڕووبارەکانی ئەم ناوچەیە بریتین لە: بۆتان، خەرزان، بەدلیس و ئۆرانز.

جوغرافیا و سنووری شارەکە

شارەکە لە باکوورەوە بە ئاگری و لە ڕۆژاواوە بە مووش و لە باشوورەوە بە سێرت و لە ڕۆژهەڵاتەوە بە دەریاچەی وان بەستراوەتەوە.

 

KURDŞOP
630 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!