چیای جوودی و ئەفسانەی کەشتییەکەی نووح

کوردشۆپ - چیای جوودی یان بە ناوەکانی تری قەردو، قەردۆ، کاردو، کاردۆ، یەکێکە لە چیا گەورەکانی باکووری کوردستان و دەکەوێتە نێوان شرناخ و شارۆچکەی سلۆپی. بەرزییەکەی ٢١٤٤ مەترە و بەپێی بیروباوەڕی مەسیحی و ئیسلامی ئەو شوێنەیە کە کەشتییەکەی نووح لە دوای لافاوەکەوە لێی نیشتەوە. بە گوتەی کوردانی ناوچەی بۆتان و شرناخ، ناوی جوودی لە پێکهاتەی جێ دی، یان کەشتیی نوح، جێ دی هاتووە.

زۆر شت لەسەر ناوی جوودی دەگوترێ، بەگوێرەی هەندێ سەرچاوە، واتای قەردو، کاردو و کاردۆ بە واتای چیای کوردە. هەروەها لە هەندێک سەرچاوەدا بە مەردایەتییش مانا دەکرێ. لە نووسینە سۆمەرییەکاندا بە شێوەی گودی دەرکەوتووە و لە نووسینەکانی بابلییشدا بە شێوەی کورتی دەرکەوتووە. لە زمانی ئارامییش بە قەردو پێناسە کراوە و لە ناو ئاشوورییەکانیش قەردو و کورد بە هەمان مانا بەکارهێنراون.

شاخی جوودی بەشێکە لە زنجیرە چیای زاگرۆس و زۆربەی شاخەکە لە بەردی قسڵ (ئاهەک) پێکهاتووە و بەپێی بیروباوەڕی ئایینە ئیبراهیمییەکان، کەشتییە بەناوبانگەکەی نووحی پێغەمبەر لەسەر شاخێک نیشتووەتەوە. پێدەچێت کەشتیی پێغەمبەر نووح لە پاش لافاوە گەورەکەدا، لەسەر شاخی جوودی نیشتبێتەوە. بەهۆی ئەوەوە شاخی جوودی بە شاخێکی پیرۆز ناسراوە. ساڵانە گەشتیار و خەڵکی زۆر ناوچەی کوردستان و تەنانەت لە زۆرێک لە وڵاتانی دەرەوەش دەچوونە شاخی جوودی و سەردانی شوێنی کەشتیی جوودییان دەکرد و تەنانەت مانگێکی  تەواو لە شاخی جوودی دەمانەوە.

بەڵام لە ساڵانی ١٩٩٥ تا ٢٠١٣ بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە، چوون بۆ چیای جوودی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە قەدەغە کرا. جگە لەوەش زۆر جار سەربازانی سوپای تورکیا ئاگریان لە شاخ و دارستانەکان بەردا و نەیاندەهێشت کەس ئاگرەکە بکوژێنێتەوە.

دوو توێژەر بە ناوەکانی "ئۆستن هێنری لایارد" و "ئێڵ کینگ" دوای هەندێک گەڕان بە دەوری شاخی جوودیدا تووشی نووسراوەکانی سەردەمی ئاشووری بوون. بەپێی بیروباوەڕی ئیسلامی، دوای لافاوەکە، کەشتیی نوح لەسەر شاخی جوودی نیشتەوە. بەگوێرەی هەندێک ڕاپۆرتیش لەسەر لووتکەی چیای ئاگری نیشتووەتەوە. بەڵام لە قورئاندا هاتووە: کەشتییەکەی نوح لەسەر چیای جوودی نیشتەوە. لە سووڕەتی هووددا هاتووە: "ئەی زەوی ئەم ئاوە بخۆرەوە، ئەی ئاسمان ئاوەکەت ڕابگرە، بەو شێوەیە ئاوەکە ڕاکێشرایەوە و هەموو شتێک باش بوو. کەشتییەکە لەسەر شاخی جوودی دانیشت و وتی: ئەی کۆمەڵی زاڵمان، لە ڕەحمەتی خودا بەدوور بن."

بەپێی لێکدانەوەکانی قورئانی پیرۆز چیای جوودی شوێنێکە لە نزیک موسڵ. بەڵام ئەو شوێنەی ئەمڕۆ باس کراوە لە سنووری شرناخ و قەزای سلۆپیی باکووری کوردستاندایە. ناوی شرناخ خۆی بە واتای "شاری نووح" دێت و ناوێکی کۆنە. هەروەها له داوێنەکانی شاخی جوودی گوندێک هەیه به ناوی "هێشتان"، پێدەچێت ئه و گونده له لایەن نووحی پێغەمبەرەوە دامەزرابێ و به پێی هەمان بیروباوەڕ 80 کەس له کەشتییەکەی نووحی پێغەمبەردا بوون و ناوی گوندی "هێشتان" لەم ژمارەیەوە سەرچاوەی گرتووە. هەروەها وەک له سەرەوه باسمان کرد، دوو بیروباوەڕ هەیه لەبارەی ئەو شاخەی که کەشتیی نووحی لێ نیشتەوه، یەکەمیان دەڵێت چیای جوودییه، دووهەمیان دەڵێت شاخی ئاگرییە. بەڵام چیای ئاگری بۆ ژیان دەست نادات و زۆر بەرزە. لە بەرانبەردا چیای جوودی بارودۆخی بۆ ئەوەی کەشتیی نووح لەسەری بنیشێتەوە گونجاوە و خەڵک دەتوانن لەوێ بژین و لە هەموو بوارێکەوە بۆ ژیان دەست دەدا.

چیای جوودی لە ناوچەیەکی تا ڕادەیەک وشکدایە بەڵام لە بەرزایییەکانی ئەم چیایە باران و بەفرێکی زۆری دەبارێت. بەهۆی ئەوەوە دارستانی توو و سنەوبەر لە بەرزی ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ مەتردا هەیە کە لە سنووری باکووری کوردستان بەرەو باشووری کوردستان وەک کەوانەیەک وایە. لەسەر شاخی جوودی ٤ لووتکە هەیە کە بەرزییەکەیان لە ٢٠٠٠ مەتر تێدەپەڕێ. لە نێویاندا گردی زیارەتی پێغەمبەر نووح هەیە کە بەرزییەکەی ٢ هەزار و ١٧ مەترە.

KURDŞOP
742 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!