چاوگی ڕیشێن، ڕووبارێک کە لەناو دڵی شاخێکەوە هەڵدەقوڵێ

 

هانی موڕتەزا

 

گوندی ڕیشێن یەکێک لە گوندە جوانەکانی باشووری کوردستانە کە بەهۆی بوونی کانیاوێک لەم گوندە کە وەک ڕووبارێک لە دڵی شاخێکەوە هەڵدەقوڵێ، دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە و بووەتە شوێنێکی گەشتیاریی گرنگ لە باشووری کوردستان.

ئەم گوندە دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە. لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو شارەدێیە گوندی ڕێشین لە داوێنی چیای سوورێن هەڵکەوتووە. کانیاوێکی پڕ ئاو کە ڕووبارێکی لەبەر دەڕوا، لە بنی شاخی سوورێنەوە هەڵدەقوڵێ. سەرچاوەی ئەم ئاوە دەکەوێتە سەرووی گوندی ڕیشێنەوە و هەر بە ناوی گوندەکەشەوە ناونراوە "چاوگی ڕیشێن".

دەگوترێ شاعیری گەورەی کورد، مامۆستا قانع کە بە شاعیری چەوساوەکانی کوردستان ناسراوە و لە کۆماری کوردستاندا لە گوندی سەرچنار، لە ناوچەی چۆمی مەجیدخانی دەڤەری موکریان مامۆستای قوتابخانە بووە، لە گوندی ڕیشێن هاتووەتە دەنا.

هەبوونی چاوگی ڕیشێن لە سەرووی ئەم گوندە، وای کردووە ساڵانە لە وەرزەکانی بەهار تا پاییزدا، خەڵکێکی زۆر سەردانی بکەن و ئەم گوندە ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی گرینگ لە باشووری کوردستان.

دانیشتوانی گوندی ڕێشین تەنیا 65 بنەماڵەن و 65 خانووی ئەو بنەماڵانە بە هۆی هەبوونی زەویی کشتوکاڵی لە گوندەکە، بە شێوەی بڵاو و دوور لە یەک دروست کراون. پیشەی سەرەکیی دانیشتوانی ئەم گوندە، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بەخێوکردنی پەلەوەرە.

سەرچاوی ئاوی ڕێشینیش هەم بۆ کشتوکاڵ و هەم بۆ خواردنەوە لە لایەن دانیشتووانی گوندەکەوە بەکار دەهێنرێت.

گرنگترین ئەو بەروبوومانەی لە گوندەکە بەرهەم دێن بریتین لە:

گەنم، ترێ، خەیار، هەنار، تەماتە، پیاز، سێو، نۆک، هەرمێ و چەندین بەرهەمی تر.

ئەو بنەماڵانەی ئاژەڵ بەخێو ئەکەن، ژمارەیان کەمە و دانیشتووانی گوندەکە زیاتر بە کشتوکاڵەوە خەریکن.

ئەو ئاوەی لە چاوگی ڕشێنەوە هەڵدقوڵێ و لە کشتوکاڵ و خواردنەوەی خەڵکی گوندەکە زیاتر دەبێ، وەک ڕووبارێک دەگاتە گوندی "قەدەفەر" کە لە خوار گوندی ڕیشێنەوە هەڵکەوتووە و زۆربەی جووتیارانی ئەم گوندەش ئاوی ڕشێن بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ بەکار دەهێنن.

هەر لە ریشێن سەرچاوەیەکی تری ئاو هەیە کە ناوی لێ نراوە "شڵم". ئەم ئاوە کە تا ڕادەیەک سوێر و گەرمیشە، جیاوازە لەو ئاوەی بە ناوی چاوگی ڕیشێن ناسراوە.

گوندی ڕیشێن چەندین جار بە ناچاری چۆڵ کراوە، بەڵام دانیشتوانی ڕەسەنی گوندەکە،  دووبارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و ئاوەدانیان کردووەتەوە و تا ئێستاش لەسەر ژیان و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە گوندەکەیان بەردەوامن.

KURDŞOP
785 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!