سەرەتایەک لە جیۆپۆلەتیکی کوردستان

 

بنەما جیۆپۆلەتیکەکانی هەر دەوڵەتێک لەسەر چەند خاڵێک وەستاون کە بریتین لە:

1. شوێن

2. ڕووبەر و شێوەی دەوڵەت

3. تۆپۆگرافی

4. کەشوهەوا

5. دێمۆگرافی

6. کەرەسەی خاو و توانای پیشەسازی

هەریەک لەم خاڵانە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتەکان بە کۆڵەکەیەک دادەنرێن. با بزانین ئەم خاڵانە لەبارەی کوردستانەوە چۆنن؟

 

1.شوێن

بۆ دیاریکردنی سنووری سرووشتیی کوردستان، ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسی گەورەی سۆڤیەتی، مینۆرسکی دەڵێت: بۆ دیاریکردنی سنووری کوردستان دەبێت سەیری دوو خاڵی گرینگ بکەین. یەکەمیان چیاکانی ئارارات و دووهەمیان کەنداوی ئەسکەندەروونەیە. لە باشووری چیای ئاراراتەوە زنجیرە چیایەکی گەورە درێژ دەبێتەوە و بەرەو باشوور بە درێژایی هەزار کیلومەتر، پاشان چەند لقێکی لێ دەکرێتەوە و لار دەبێتەوە بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات تا دەگاتە سەر کەنداو.

ئەو نەخشەیەی لە کتێبی «کورد و کوردستان»ـی ئەمین زەکی بەگدا بڵاو کراوتەوە کە نووسەر تێبینیی لەسەر نووسیوە و دەڵێت: نەتەوەی کورد بە گوێرەی خەریتە(نەخشە)ی عەشایری کورد (سیرماک سایکس) و خەریتەی ئەسنۆگرافی (چوار سەدە لە عێراق- مێجەر لونگرنگ) و خەریتەی لیژنەی کۆمەڵەی گەلان و خەریتەی نهێنی کە ساڵی(2612) 1912 بۆ ئەفسەری ئۆردووی هند چاک کرابوو، بەپێی ئەو نەخشانەی کە باس کران و زۆربەیان لە لایەن وڵاتانی داگیرکەرەوە دروست کراون، ناتوانن خۆیان لەو ڕاستییە لابدەن کە کوردستان لە دوو لاوە بەسەر کەنداو لە باشوور و دەریای ناوەڕاست لە ڕۆژاواوە دەڕوانێت.

هەر بەپێی ئەو بۆچوونانەی مینۆرسکی باسی دەکات کوردستان دەکەوێتە نێوان هێڵی درێژایی (48-36) لە ڕۆژهەڵات و هێڵی پانایی (40-29) لە باکوور. بەپێی ئەم هەڵکەوتە بەشی زۆری کوردستان دەکەوێتە ناوچەی کەشوهەوای فێنکی دەریای ناوڕاست و ئەمەش جیاوازیی پلەی گەرما و ڕادەی باران بارینی مسۆگەر دەکا و یارمەتیدەر دەبێت تاکوو بەرهەمی کشتوکاڵی هەمەجۆرە بەرهەم بێت و ئاسایشی خۆراک دابین بێت.

کوردستان لەگەڵ چوار دەوڵەتی دوژمنی دراوسێ هاوسنوورە، بەڵام بەپێی وتە بەناوبانگەکەی وینستۆن چەرچیل: ئێمە دۆستی هەمیشەییمان نییە بەڵام بەرژەوەندیی هەمیشەییمان هەیە و ئەوەی ئەمڕۆ دۆستمانە لەوانەیە سبەی ببێتە دوژمنمان و پێچەوانەش.

 

2. ڕووبەر و شێوەی دەوڵەت

دووهەم کۆڵەکەیەک کە دەوڵەتی لەسەر ڕاوەستاوە شێوە و ڕووبەرەکەیەتی، شێوەی دەوڵەت کار دەکاتە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەو دەوڵەتە بەرانبەر بە دراوسێکانی و وڵاتانی تری جیهان. باشترین شێوە، شێوەی خاکی یەکگرتووە کە دوور بێت لە پارچە پارچەبوون. کوردستان لە ڕووی قەوارەی خاکەوە یەکگرتووە، بەڵام شێوەی سێگۆشەی هەیە و لە بەشی باشوورەوە درێژ بووەتەوە و دوور کەوتۆتەوە لە ناوەندی کوردستان کە دەکەوێتە بەشی باکوورەوە، ئەمە لە کاتی شەڕی سەربازیدا دەبێتە خاڵی لاوازی.

پایتەخت کە به دڵی هەر دەوڵەتێک دەزانرێت و هەموو کارگوزارییە سەربازی و ناسەربازییەکان لەوێوە دەگاتە ناوچەکانی تر، پێویستە لە ناوەوە و دوور لە سنووری دەوڵەتانی دراوسێ بێت و بتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر چوار لای وڵاتدا بچەسپێنێت. لە سەردەمی میرنشینەکان و لە سەدەی هاوچەرخیشدا چەن پایتەختێک دیاری کراون، لەوانە؛ سلێمانی لە سەردەمی حوکمی شێخ مەحموودی نەمر، مهاباد لە کۆماری کوردستاندا، هەولێر لە (2692) 1992 هەتا ئێستا، لە بەشێکی کوردستاندا وەک پایتەخت دیاری کراون.

لە ڕووی ڕووبەر و قەبارەوە، خاکی کوردستان بە نزیکەی 500,000 کیلومەتری چوارگۆشە دەخەمڵێنرێت و بەم جۆرە کوردستان بە یەکێک لە وڵاتە مامناوەندەکانی جیهان دەناسرێت.

3. تۆپۆگرافی

بێگومان بەرزی و نزمی دەورێکی گرینگی هەیە لە دیاریکردنی بایەخی دەوڵەتێکدا. باشترین ناوچەی ڕووی زەوی ناوچەی دەشتەکانە، چونکە زۆر لەبارە بۆ کشتوکاڵ و دابەشبوونی هاووڵاتیان و بۆ دامەزراندنی ڕێگای هاتوچوو و هێڵی ئاسنین. نالەبارترین ناوچەش ناوچەی بیابانەکانە، چونکە یارمەتیدەری کشتوکاڵ و ڕێگای هاتوچوو و نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان نییە. بەختەوەرانە هیچ ناوچەیەکی کوردستان بیابانی نییە. بەگشتی کوردستان لە ڕووی تۆپۆگرافییەوە ناوچەیەکی شاخاوییە و بەرزترین شاخی چیای ئاراراتە کە بەرزاییەکەی زیاترە لە 5000 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوەیە. چیاکان وەک تاکە پاڵپشت بوون بۆ پاراستن و مانەوەی کورد لە مەترسیی هێرشی دوژمناندا. هەروەها کوردستان دەوڵەمەندە بە ڕووبار و سامانی ئاوی شیرین، هەندێک لە گرینگترین ڕووبارەکانی بریتین لە: دیجلە، فورات، سیروان، زێی گەورە، زێی بچووک، ئاراس و ... هەروەها چەندین دەشتی پڕ بایەخ لە ڕووی کشتوکاڵییەوە کە هەندێکیان بریتین لە: شارەزوور، کرماشان، بیتوێن، جزیرە و ... کە بەرهەمهێنەری گەنم و نۆک و جۆن و ئەم بەرهەمانە لە ڕووی ئاسایشی خۆراکەوە بە ستراتێژیک دێنە ئەژمار.

 

4. کەشوهەوا

کەشوهەوای کوردستان وەکوو تۆپۆگرافییەکەی کە شاخاوییە و هاوکات دەوڵەمەندە بە دەشتە بەپیتەکان و کار دەکاتە سەر ئابووری و ستراتێژیی دەوڵەت؛ کەشوهەوای کوردستانیش هەمان ڕۆڵ و گرینگیی هەیه. نالەبارترین کەشوهەوا زۆر سارد یان زۆر گەرمە، بە چەشنێک کە بەکەڵکی کشتوکاڵ و نشتەجێبوونی هاووڵاتیان نەیێت. بەختەوەرانە هیچ ناوچەیەکی کوردستان ئەو تایبەتمەندییەی نییە. ناوچە باکوورییەکانی کوردستان کەشوهەوای سارد و شێداری هەیە و خاوەنی دارستان و کشتوکاڵی تایبەت بە ناوچەی ساردە و تا بەرەو باشوور بڕۆین، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و کشتوکاڵی تایبەت بە گەرمیانی لێ بەرهەم دێت و ئەم تایبەتمەندییە، کوردستان دەکاتە وڵاتێک کە کشتوکاڵی هەر چوار وەرزی ساڵی لێ بەرهەم دێت.

تۆپۆگرافی و کەشوهەوای کوردستان پێکەوە ئیمکانی ژیانی کۆچەری و نیوە کۆچەری لە ڕووبەرێکی زۆر کەمتردا لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری دراوسێدا پێک هێناوە و ئەو تایبەتمەندییە یارمەتیی ژیانی خێڵە کوردەکانی داوە کە لە ناوچەیەکی بەرتەسک و کەمدا گەرمیان و کوێستان بکەن.

 

5. دێمۆگرافی

ناوی کوردستان واتا وڵاتی کوردان، بە دروستی بۆ ئەو وڵاتە بەکار دەهێنرێت کە زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی کوردن، بەڵام کەمینە نەتەوییەکانی تریشی تێدا دەژیت. لەوانە: ئاشووری، ئەرمەنی، عەرەب، تورکمان و ...

سروشتی شاخاوی و دابڕانی ناوچەکانی کوردستان لە یەکتر و دۆخی داگیرکراوی و پێکهاتنی ناوەندە دەسەڵاتداری و حوکمڕانییەکانی دەوڵەتانی دراوسێ کە هەر ناوچەیەکی کوردستانی بە جودا بۆ خۆی ڕاکێشاوە، بووەتە هۆی دووری و دابڕانی کوردەکان لە یەکتر. کوردەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێنووسی ئارامی دەنووسن و کوردانی باکوور بە ڕێنووسی لاتین و کوردانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشووش بە ڕێنووسی سڵاڤی دەیاننووسی. هەریەک لەمانە خاڵی لاوازی و دابڕانن لە دۆخی کۆلۆنیالیستیی کوردستاندا.

زمانی کوردی دابەش دەبێت بەسەر شێوەزارگەلی کوردیی باکوور، کوردیی ناوەڕاست و کوردیی باشوور و هەرکام لەم شێوەزارگەلە خاوەنی چەندین بنزارن و بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا دابەش دەبن.

وەک فرە زاراوەیی لە زمانی کوردیدا، فرە ئایینیش لە کوردستاندا باو و قەبووڵکراو و مێژوویییە. زۆربەی کوردەکان موسوڵمانن و بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە. شیعەکان لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام، لوڕستان، خانەقین و مەندەلی نشتەجێن. ناوچەی دێرسیم لە باکووری کوردستانیش عەلەوین. هەروەها بەشێک لە ناوچەکانی کرماشان و لوڕستان یارسانین و کوردانی ئێزیدیش لە مووسڵ و شەنگال نشتەجێن.

هەتا ئێستا سەرژمێرییەکی ڕاست و دروست لە کوردستاندا نەکراوە و بەردەوام دەوڵەتانی داگیرکەر هەوڵیان داوە ژمارەی دانیشتوانی کوردستان کەم بکەنەوە، بەڵام بەپێی ئەو ژمارەیەی کە لە لایەن زۆربەی لێکۆڵەرانەوە پشتڕاست‌ کراوەتەوە دانیشتوانی کوردستان زیاتر لە 40,000,000 کەسە و بە سەرنجدان بە ڕووبەری کوردستان گونجاوە و خاڵێکی بەهێزیشە.

 

6. کەرەسەی خاو و توانای پیشەسازی

ئابووریی کوردستانی دابەشکراو بەسەر چوار دەوڵەتدا لە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تری ئەو وڵاتانە دواکەوتووترە و لە پەرەسەندن و گەشەی ئابووری بێبەشە. لە بەراورد لەگەڵ ناوچە پەرەسەندووەکانی ئەو وڵاتانە، کەرتی کشتوکاڵی کوردستان هێشتا لە بەشێکیدا بە شێوەی نەریتی بەڕێوە دەچێت و بەگشتی مۆدێڕن نەکراوەتەوە و کەرتی پیشەسازییش زۆر لاوازە. وڵاتانی داگیرکەری کوردستان ناوەندە پیشەسازییەکانیان لە ناوەندی وڵاتەکانیان ساز کردووە و لە کوردستاندا کەرەسەی خاو و هێزی کرێکاری بۆ دابین دەکەن. هەر بەو دۆخەشەوە کوردستان دەوڵەمەندە بە کەرتی نەوت و بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لەو بوارەدا دێتە ئەژمار.

کێڵگەکانی نەوت و گازی کوردستان لەم ناوچانەدا هەڵکەوتوون: کەرکووک، مووسڵ، کرماشان، سیرت و جزیرە.

هەروەها کوردستان یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانە لەڕووی کانگاکاندا و خاوەنی کانگای زێڕ و ئاسن و هتدە لەوانە: کانگای زێڕی تیکاب و قوروە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

بەڵام گرینگترین سەرچاوەی کوردستان کە دەبێتە هۆی ئاسایشی نەتەوەیی، سەرچاوەکانی ئاوی شیرینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسته کە گرینگترینیان لە شاخەکانی کوردستانەوە دەڕژێنە ناو دیجلە و فوراتەوە.

KURDŞOP
1485 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!