سەهۆڵان، ئەشکەوتێکی ئەفسووناوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

یەکێک لە خۆشترین کارەکان کە لەم ئەشکەوتەدا دەتوانی بیکەی بەلەمسواری لەناو دەریاچەی ناو ئەشكەوتەکەیە. مرۆڤ دەتوانێت بە چاولێکردنێک نهێنییەکانی قووڵاییی ئاوەکەش ببینێت، چونکە دەریاچەکە ئاوێکی ڕوون و پاکی هەیە کە هەموو کەسێک دەتوانێ تا قووڵاییی چەند مەترێکی ببینێت و بە ڕوونی بزانێت چی لە ئاوەکەدا هەیە.

کوردشۆپ – ئەگەر دەتەوێت گەشتێکی خۆش بەسەربەریت و شوێنێکی سروشتی لە گەشتەکەتدا بدۆزیتەوە، ئەشکەوتی ئەفسوناویی سەهۆڵان ئەو شوێنەیە کە تۆ دەتهەوێت.

چەند ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە ئەشکەوتی ئەفسوناویی سەهۆڵان:

سەهۆڵان یەکێکە لە ئەشکەوتە سەرنجڕاکێش و ناوازەکان، کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای ورمێ. ئەم ئەشکەوتە لە سنووری شاری مهاباددایە و بە دووریی ٤٣ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەکە و لە نێوان مهاباد و بوکاندا هەڵکەوتووە.

ئەشکەوتی سەهۆڵان دەکەوێتە تەنیشت گوندی سەهۆڵان، ھەر بۆیە پێی دەوترێت سەهۆڵان. ناوی ئەشكەوتەکە و گوندەکە ناوێکی کوردییە و لە وشەی "سەهۆڵ" وەرگیراوە. جگە لەم ناوە، خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بەهۆی ژمارەیەکی زۆر هێلانەی کۆتر و بوونی سەدان کۆتر لە ناو ئەشکەوتەکەدا بە "کونە کۆتر"ی سەهۆڵان ناوی دەبەن. ئەشكەوتەکە لە دوو بەش پێکهاتووە. ئەو بەشەی ئاوی تێدایە پێی دەگوترێ کونەکۆتر و ئەو بەشەش کە ئاوێکی وای تێدا نییە و لە هۆڵێکی گەورە و داڵانێک پێکهاتووە پێی دەگوترێ  "کونە ماڵان".

ئەشکەوتەکان جیهانێکی نادیارن لە دڵی شاخەکان و لەسەر ڕووی زەوی کە سەرەتا مرۆڤەکان نازانن چ جوانییەکی سەرسوڕهێنەر لەناویاندایە، بەڵام تەنها هەنگاونان بۆ ناویان بەسە. ئەشكەوتی سەهۆڵان یەکێکە لە ئەشکەوتە ناوازەکان و دووەم ئەشکەوتی ئاویی ئێرانە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جیۆلۆجیی کریتاسی دووەم و بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەکە ناسراوە. هەموو کەلێن و قوژبنی ئەم ئەشکەوتە، پڕن لە دیمەنی زۆر سەرنجڕاکێش کە بەهۆی جوانییەکەیانەوە بینەران سەرسام دەکەن.

یەکێک لە خۆشترین کارەکان کە لەم ئەشکەوتەدا دەتوانی بیکەی بەلەمسواری لەناو دەریاچەی ناو ئەشكەوتەکەیە. مرۆڤ دەتوانێت بە چاولێکردنێک نهێنییەکانی قووڵاییی ئاوەکەش ببینێت، چونکە دەریاچەکە ئاوێکی ڕوون و پاکی هەیە کە هەموو کەسێک دەتوانێ تا قووڵاییی چەند مەترێکی ببینێت و بە ڕوونی بزانێت چی لە ئاوەکەدا هەیە. لە دەریاچەیەکەوە بۆ دەریاچەیەکی دیکە و ڕۆیشتن بە بەلەم و تێپەڕین بە کۆریدۆرەکانی سەهۆڵاندا و گوێگرتن لە دەنگە ئەفسوناوییەکانی ناو ئەشکەوتەکە، یادەوەرییەکانی سەردانکردنی مرۆڤ بۆ ئەم شوێنە مانادار و هەمیشەیی دەکات.

سەهۆڵان دوو دەرگای چوونەژوورەوەی هەیە، یەکێکیان ١٧٨ پلیکان و ئەوی دیکەیان ١٠٧ پلیکانی هەیە، لە دەرگایەکەوە دەچێتە ژوورەوە و لە دەرگاکەی ترەوە دەردەچێت. مرۆڤ بە تێپەڕین بەو پلیکانانەدا دەچێتە قووڵایی ٣٠ مەتر. کاتێک مرۆڤ لە قووڵایی زەوی و ناو ئەشکەوتەکە نزیک دەبێتەوە، پەستانی هەوا زیاد دەکات و ئۆکسیجن کەم دەبێتەوە و شێ دەگاتە 78٪. ئەشکەوتەکە لە دوو بەش پێکدێت: ئاو و وشکانی.  بەشی وشکانی لە چەند هۆڵ و داڵان پێکهاتووە و بەشی ئاوییەکەش لە سێ دەریاچە پێکهاتووە کە بە چەند داڵانێکی ئاوی پێکەوە دەبەسرێنەوە و مرۆڤ دەتوانێ بە بەلەم بە ناویاندا هاتوچۆ بکا.

قووڵاییی ئاوی دەریاچەکە بە شێوەی مامناوەند ١٥ مەتر و قووڵترین خاڵی ٦٥ مەترە. جیاوازیی پلەی گەرمیی نێوان ئەشکەوتەکە و دەرەوەی ئەشکەوتەکە ١٠ بۆ ١٥ پلەیە، کە لە هاوین و زستاندا لە نێوان ١٠ پلەی سەدی بۆ ١٣ پلەی سەدی دەگۆڕێت. شێی ئەو ئەشکەوتە لە نێوان لەسەدا ٧٠ بۆ ٨٠ دایە، ئەم شێ زۆرەش بووەتە هۆی پێکهاتنی قەوزەی سەوز و قاوەیی لەسەر بەردەکانی ناو ئەشكەوتەکە.

زانیاریی تر سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی ئەم ئەشکەوتە ناوازەیە بەم شێوەیەن:

دەوترێت پێش ١٠٠٠ ساڵ مرۆڤەکان لەم ئەشکەوتەدا ژیاون.

ڕووبەری دۆزراو: نزیکەی دوو هێکتار.

درێژیی ڕێڕەوی ئاویی دۆزراو: ٣٠٠ مەتر دەبێت.

درێژیی ڕێگای دۆزراو: ٣٠٠ مەتر.

قەبارەی هۆڵی سەرەکی: ٥٨ مەتر بۆ ٤٢ مەتر.

بەرزیی سەقفی ئەشکەوتەکە: ٥٠ مەتر.

ئەو ئاژەڵانەی لەم ئەشکەوتەدا دەژین: کۆتر و شەمشەمەکوێرە و هێندێک بوونەوەری بچووک کە لەناو ئاودا دەژین.

ئەو کۆترانەی لە ناو ئەشكەوتی سەهۆڵاندا دەژین، کون و کەلەبەری زۆریان بۆ هێلانەکردن هەیە و لە شوێنە جیاوازەکانی ئەشکەوتەکەدا هێلانەیان دروست کردووە. بەهۆی تاریکی و کەمیی ڕووناکی، قەوزە لە ناو ئاوی دەریاچەی سەهۆڵاندا گەشە ناکات و تەنیا زیندەوەری وردی تێدایە.

ئەشکەوتی سەهۆڵان چۆن دۆزرایەوە؟

دەوترێت ئەشکەوتی سەهۆڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مێژوویەکی ٧٠ ملیۆن ساڵەی هەیە و بۆ یەکەمجار سەد ساڵ لەمەوبەر لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.

مێژووی دۆزینەوەی ئەو ئەشکەوتە نادیارە، چونکە لەلایەن زۆرێک لە گوندنشینەکانی ناوچەکەوە سەردانی کراوە و خەڵکی ناوچەکە بەردەوام وەک پەناگە و شوێنێک بۆ ڕاوکردنی کۆتر بەکاریان هێناوە. یەکەمجار بەفەرمی گەشتیارێکی فەرەنسی بە ناوی "ژاک دۆمۆرگان"، لە ساڵانی ١٨٩٢ تا ١٨٩٦، بە هاوکاریی خەڵکی گوندی سەهۆڵان، بەلەمێکی دروست کرد و چووە ناو ئەشکەوتەکە. بەم شێوەیەش نەخشەی ئەشکەوتەکەی کێشاوە  کە 60٪ لەو نەخشەیەی ئێستا لە ئەشکەوتەکە هەیە نزیکە. دوای ئەوە لە جەنگی جیهانیی دووهەمدا شاندێکی بەریتانیا و لە ساڵی 1996دا توێژەرانی ئێرانی درێژەیان بەم کارە دا.

ئەم ئەشکەوتە کە لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە میوانداریی گەشتیاران دەکات، لە لیستی میراتی سروشتی و نەتەوەییی ئێراندا تۆمار کراوە و یەکێکە لە ناوچە پارێزراوەکانی دەزگای ژینگەی ئەم وڵاتە.

KURDŞOP
864 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!