سەراوی ڕوانسەر، کانییەک کە ڕووبارێک پێک دێنێ

سەراوی ڕوانسەر یەکێک لە پەنجا شوێنی سەرەکیی گەشتیاری لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم شوێنە گەشتیارییە کانییەکی سروشتییە کە لە ناو شاری ڕوانسەر هەڵکەوتووە و بە هۆی زۆربوونی ئاوەکەی حەوزێکی گەورەی لە پێش دروست کراوە و زیادەی ئاوەکە سەرچاوەی سەرەکیی ڕووباری قەرەسوویە یە یەکێک لە گەورەترین و درێژترین ڕووبارەکانی پارێزگای کرماشانە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان سەراوی ڕوانسەر چل هەزار ساڵی تەمەنە و لە ساڵی 2008دا لە رێزی میراتی سروشتیی وڵاتی ئێراندا تۆمار کراوە. ئاوی ئەم سەراوە لە چیای شاهۆوە سەرچاوە دەگرێ و لە ساڵی پڕئاودا زیاتر لە 6000 لیتر لە چرکەیەکدا ئاوی لێ دەردەچوو و ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی ڕووبارێکی گەورەی لێ دروست ببێ کە پاش تێپەڕینی بیست کیلۆمەتر لەگەڵ چەند ڕووبارێکی دیکە یەک دەگرنەوە و ڕووباری قەرەسوو پێک دێنن.

سەراوی ڕوانسەر جیا لەوەی ئاوی خواردنەوەی هەموو شاری ڕوانسەر دابین دەکات، پێشتر ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵ لە دەیان هێکتار زەویی پارێزگای کرماشانیشی دابین دەکرد. لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە هۆی لێدانی شەش بیری قووڵ لە داوێنی چیای شاهۆ و لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی سەراوی ڕوانسەر، بۆ دابین کردنی ئاوی شارەکانی پاوە و جوانڕۆ، ئاوی سەراوی ڕوانسەر کەمی کردووە و لە وەرزی هاویندا وشک دەبێت.

ئەم سەراوە جیا لەوەی شوێنی ژیانی دەیان هەزار ماسییە، چەندین جۆر باڵندەی جۆراوجۆر و لەوانەش قاز، قورینگ، سۆنەی ئوکراینی و ... ئەم سەراوەیان کردووەتە ژینگەی خۆیان و لە وەرزی بەهاردا ڕووی تێ دەکەن. لە ساڵانی ڕابردوودا و بە وشک بوونی سەراوەکە لە وەرزی هاویندا هەزاران ماسی لەناوچوون و بەشێکی زۆر لە پەلەوەرەکانی ئەم ناوچەیەش بۆ هەمیشە کۆچیان کرد.

لەگەڵ ژیانەوەی کانییەکان لە پاییزدا جارێکی دیکە هەزاران ماسی لە ناو سەراوەکەدا بەرچاو کەوتن و هەر بۆیەش گومان دەکرێ ئەم ماسییانە لە وەرزی هاویندا لە نێو ئەو حەوزی ئاوانەی لە ژێر زەوی و لە ناو دڵی شاخەکەدا هەن خۆیان حەشار دابێ و بە زۆر بوونی ئاوەکە دیسان گەڕابێتنەوە ناو سەراوی ڕوانسەر.

شاری روانسەر لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان و لە داوێنی چیای شاهۆ هەڵکەوتووە.  ئەم شارە 64 کیلۆمەتر لە کرماشانی ناوەندی پارێزگاوە دوورە. لە 22 کیلۆمەتریی رۆژئاوای ڕوانسەریش شاری جوانڕۆ هەڵکەوتووە. زۆربەی خەڵی ڕوانسەر بە زاراوەی سۆرانی و بنزاری ئەردەڵانی قسە دەکەن.

KURDŞOP
809 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!