هاوینەهەواری شاراوە و سەرنجڕاکێشی بۆزی سینا

شادی

کوردشۆپ – "بۆزی سینا" ناوی زنجیرە چیایەکی زاگرۆسی گەورەیە کە بە دووریی ٥٤ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای بەنداوی ورمێ و لە ناوچەی مەرگەوەڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە. بەرزییەکەی ٣٤٨٠ مەترە و یەکێک لە بەرزترین شاخەکانی کوردستانە.

چیای "بۆزی سینا" کە یەکێکە لە بەرزترین شاخەکانی ناوچەی مەرگەوەڕی نزیک شاری ورمێ، لە تەنیشت چیای داڵامپەڕ و هەروەها لە باشووری ناوچەی مەرگەوەڕ هەڵکەوتووە. ئەم چیایە یەکێکە لە جوانترین شوێنەکانی گەشتیاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم شاخە بە دەریاچە و ڕێڕەوە جوانەکانیەوە سەرنجی هەمووان ڕادەکێشێت.

بۆزی سینا لە وەرزی هاویندا زۆر فێنکە و هەموو کاتێک بەفر و سەهۆڵی لێ دەبینرێ و هەر بۆیە ڕۆژانە دەیان گەشتیار دەچنە ئەو شاخە. بەپێی زانیارییەکان بەرزیی لێوارەکانی بەفر لە بۆزی سینا و دالامپەڕ ٤-٦ مەترە و لە هێندێک شوێنیش دەگاتە ١٠ مەتر.

هەرچەندە لە وەرزی هاویندا پلەی گەرمیی هەوا بەرز دەبێتەوە، بەڵام کەم شوێنی وەک بۆزی سینا و دالامپەر لە مەرگەوەڕ و ورمێ هەیە کە خەڵک بتوانن خلیسکێنەی سەر بەفریان تێدا بکەن.

  بەهۆی بەرزیی شاخەکەوە کەشوهەوای ئەوێ هەمیشە فێنکە و هەندێکجار تەنانەت ساردە. هەروەها جوانیی سروشتیی ئەو ناوچەیە و شاخەکانی سەرنجی ئەو کەسانە ڕادەکێشن کە بۆ سەردانکردن دەچنە ئەوێ.

ئەگەرچی گەشتیارێکی زۆر روو لەم شوێنە دەکەن، بەڵام بەهۆی خراپیی ڕێگاوبانەکانەوە، گەیشتن بەو شوێنە دژوارە.

KURDŞOP
705 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!