ڕووبارەکانی کوردستانی گەورە

هانی مورتەزا

 

کوردستان لە ڕووی هەڵکەوتەوە و بە هۆی هەبوونی ناوچەی شاخاوی، بەفر و بارانێکی زۆر دەیگرێتەوە هەر بۆیەش لە ڕووی سامانی ئاوەوە وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بە چەشنێک کە بە سەرچاوەیەکی گەورە و گرنگی ئاوی وڵاتانی دیکەی ڕوژئاوای ئاسیا دەژمێردرێ. سامانی ئاوی کوردستان ساڵانە بە چەندین ملیارد مەتر سێجا دەخەمڵێنرێ و ئەمە دەبێتە هۆی دروست بوونی  گەلێک کانی، جۆگەلە و ڕووبار کە لە خاکی کوردستانەوە سەرچاوەیان گرتووە و دەڕژێنە وڵاتانی دەوروبەرەوە.

 گرنگترین  ڕووبارەکانی کوردستان بریتین لە:

رووباری ئاراس

ئەم ڕووبارە لەناوچەی "بینگول" لەباکووری کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێ و بەرەو ناوچەی "ئەرزەڕۆم" دەڕوات. لەوێوە بەرەو سنووری نێوان کوردستان و ئەرمینیا دەچێ؛ پاشان بە سنووری نێوان "نەخجەوان، ئەرمینیا و کۆماری ئازربایجان" لەگەڵ "ئێران"دا دەڕوات و لە کۆتاییدا دەڕژێتە ناو دەریای "قەزوێن" یان "خەزەر"ەوە.  ڕووباری ئاراس درێژاییەکەی بەگشتی ٩٢٠ کیلۆمەترە کە ٤٣٤ کیلۆمەتری بە خاکی کوردستاندا دەڕوات و زۆرترین پانییەکەی ٨ مەترە و  قووڵترین شوێنی لە نێوان ٣٥ تا٤٠  مەترە.

رووباری دیجلە

یەکێک لەو دوو ڕووبارەیە کە بەناوچەی مێزۆپۆتامیادا تێپەڕ دەبن. لە باکووری دیاربەکر لە کوردستانی باکوورەوە سەرچاوە دەگرێت. لە باکووری گوندی پیشخاپوور دێتە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە. ڕووباری دیجلە بە گشتی درێژییەکەی ١٩٠٠ کیلۆمەترە کە زیاتر لە ٦٠٠ کیلۆمەتری بەخاکی باکووری کوردستاندا دەڕوا و دیتە باشوری کوردستان، ١٢٠ کیلۆمەتریش بەباشوری کوردستاندا دەڕوا و دەچێتەوە بەغدا و لەوێوە بەرەو کەنداو دەچێت. بەرلەوەی بڕژێتە ناو کەنداوەوە تێکەڵ بە ڕووباری فورات دەبێ و دواتر لەگەڵ ڕووباری کاروونی ئێران تێکەڵ دەبێ و دەڕژێتە ناو کەنداوەوە.

زێی گەورە

ئەم ڕووبارە لە ناوچەی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێ و دێتە ناو پارێزگای هەولێر لە باشووری کوردستان. بە باکووری ڕۆژئاوای شاری هەولێردا دەڕوات و سەرئەنجام تێکەڵ بە ڕووباری دیجلە دەبێت. درێژییەکەی ٤٥١ کیلۆمەترە.

رووباری فورات

لەدوو لقی سەرەکی پێکهاتوە:-

 قەرەسوو؛ لە باکووری ئەرزەرۆمەوە سەرچاوە دەگرێت و درێژاییەکەی ٤٦٠ کیلۆمەترە

 موراد؛ لەنێوان دەریاچەی وان و ئاراراتەوە سەرچاوە دەگرێت و درێژاییەکەی٦١٠ کیلۆمەترە.

 ئەم دوو لقە لە باکووری ڕۆژئاوای ئالازیق یەک دەگرن و فورات پێک دەهینن. ڕووباری فورات لە سنووری باکووری کوردستانەوە دەچێتە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریاوە و لەوێوە دێتە ناو خاکی عێراقەوە. لەباشووری عێراق لەنزیک شاری بەسرە لەگەڵ ڕووباری دیجلە تێکەڵ دەبن و "شەتتولعەرەب" (شط العرب) پێک دێنن. شەتتولعەرەب بە سنووری نێوان ئێران و عێراقدا تێپەڕ دەبێت و لەگەڵ ڕووباری کاروونی ئێران یەک دەگرێ کە لەوای ئەو  تێکەڵ بوونە لە ئێران پێی دەگوترێ "اروندرود" و لە کۆتاییدا دەڕژێتە کەنداوەوە.

رووباری قزڵ ئۆزەن

ئەم ڕووبارە کە ناوەکەی تورکییە و بە مانای زێڕی ڕەوان یا چەمی سوورە، لە کوێستانەکانی چلچەمە لە نێوان هەردوو شاری سەقز و دیواندەرەی پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوە دەگرێت. دووهەمین ڕووباری درێژی ئێرانە. پاشان بە ناوچەکانی هەوشار و گەڕووسی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێپەڕ دەبێ و بەرەو پارێزگای زەنجان لە ئێران دەچێت. لە پارێزگای گیلانی باکوری ئێران تێکەڵ بە ڕووباری "شاهروود" دەبێ و پێکەوە ڕووباری "سفیدروود" دروست دەکەن. سفیدروود، لە نزیک شاری ڕەشت دەڕژێتە ناو دەریای قەزوێن(خەزەر)ەوە. درێژییەکەی ٦٧٠ کیلۆمەترە و ساڵانە ٥٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.

 

گاوەڕۆ

رووباری گاوه‌ڕۆ لقی باشوریی سیروانه‌ و له‌ سێکوچکه‌ی پارێزگاکانی کرماشان و سنه‌ و هه‌مه‌دانه‌وه‌ سەرچاوە دەگرێ.

 

رووباری سیروان

هه‌ردوو لقی سه‌ره‌کیی سیروانی ژاوه‌ڕۆ و ڕه‌زاو به‌یه‌ک ده‌گه‌ن و سیروانی گه‌وره‌ دروست ده‌که‌ن. ئه‌م یه‌کگرتنه‌ له‌ دووریی 14کیلۆمه‌تر له‌ باکووری شاری پاوه‌ ڕووده‌دات.

ڕووباری سیروان بە ئاراستەیەکی ناڕيکدا بەرەو باشوری ڕۆژئاوا دەڕوا. پاشان دەگاتە سنوور و بە مەودای 37 کیلۆمه‌تر ده‌بێته‌ هێڵی جیاکه‌ره‌وه‌ی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا له‌ نێوان گونده‌کانی که‌وته‌ و لاوه‌رانی ناوچه‌ی شه‌مێران، به‌ته‌واوی دێته ‌ناو خاکی باشوور و  ده‌ڕژێته‌ ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخانەوە و لەوێشەوە درێژ دەبێتەوە تا تێکەڵ بە ڕووباری دیجلە دەبێ.

رووباری خوەرەسووی کرماشان

ئەم ڕووبارە کە بە ناوی قەرەسووش دەناسرێ ڕووبارێکە کە بە دەشتی کرماشاندا تێدەپەڕێ. خوەرەسوو لە سەراوی ڕوانسەرەوە کە لە پەنجا کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژئاوای کرماشان و لە ناو شاری ڕوانسەر هەڵکەوتووە سەرچاوە دەگرێ. 15 کیلۆمەتر بەر لەوەی بگاتە کرماشان ڕووباری ڕازاوەر و چەند لقی دیکەی ئەم ڕووبارەی تێکەڵ دەبێ و دواتر لە نزیک گوندی قزانچی تێکەڵ بە ڕووباری مێرگ دەبێ. خوەرەسوو لە درێژەی ڕێگاکەیدا بە ناو شاری کرماشاندا تێدەپەڕێ و لەم ناوچەیەش دوو ڕووباری کوڵەکەو و ئاوشۆرانی تێکەڵ دەبێ و پاش بەجێهێشتنی کرماشان و لە نزیک فرامان، تێکەڵ بە ڕووباری گاماسیاو دەبێ. ئەم دوو ڕووبارە پێکەوە ڕووباری سەیمەرە پێک دێنن کە دواتر دەڕژێتە ناو دەریاچەی بەنداوی کەرخە. ئەم ڕووبارە لە پاش بەنداوەکە دەبێتە دوو لق. لقێکی بەرەو تاڵاوی هوورولعەزیم لە سەر سنووری نێوان ئێران و عێراق دەچێ و لقەکەی دیکەشی دەڕژێتە ناو ڕووباری کاروونەوە و لە کۆتاییدا تێکەڵ بە شەتولعەرەب دەبێ و بە ناوی ئەروەندروود دەڕژێتە ناو کەنداوەوە. درێژیی ڕووباری خوەرەسو 170 کیلۆمەترە.

 

 

 

 

 

KURDŞOP
2243 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!