ئەشکەوتی پڕاوی کرماشان، بەرزترین ئەشکەوتی جیهان و قووڵترین ئەشکەوتی کوردستان

 

ئەشکەوتی پڕاو لە 21 کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە نێوان هەر دوو چیای تاقوەستان و بێستووندا هەڵکەوتووە. ئەم ئەشکەوتە بەرزترین و قووڵترین ئەشکەوتی کوردستانە کە لە بەرزایی 3050 میتریی شاخی پڕاو لە ناو زنجیرەچیای زاگرۆس هەڵکەوتووە. چیای پڕاو بە بەرزاییی 3357 مەتر لە ئاستی دەریاوە یەکێک لە بەرزترین چیاکانی ئەو ناوچەیەیە و ئەشكەوتی پڕاو کە لە بەرزاییی 3050 میتریی سەر ئەم چیایە هەڵکەوتووە بەرزترین ئەشكەوتی کوردستان و هەموو جیهانە.

ئەم ئەشکەوتە یەکێک لە گەورەترین ئەشکەوتە ئەستوونییەکانی جیهانە و بە گشتی 1450 مەتر درێژە و 752.5 مەتریش قووڵە. لە درێژایی خۆیدا 26 چاڵی ئەستوونیی هەیە کە قووڵترین چاڵەکەی چاڵی ژمارە 16یە کە 42 مەتر قووڵە. لە ساڵی 1971دا کە ئەم ئەشكەوتە دۆزرایەوە، قووڵترین ئەشكەوتێک کە تا ئەوکات دۆزرابووەوە 1174 مەتر قووڵ بوو هەر بۆیە ئەشکەوتی پڕاو وەک قووڵترین ئەشكەوتێک کە تا ئەو کات دۆزرابووەوە، نازناوی "ئێڤێرێستی ئەشکەوتەکانی جیهانی وەرگرت". بەڵام لەم کاتەوە تا ئێستا چەندین ئەشکەوتی قووڵی دیکەش دۆزراونەتەوە و ئێستا ئەشكەوتی پڕاو لە ڕیزبەندی ئەشکەوتە قووڵەکانی جیهاندا لە پلەی 221دا جێی گرتووە.

دۆزینەوەی ئەشکەوتی پڕاو

لە ساڵی 1971 دا و لە کاتێکدا کە ژمارەیەک ئەندازیاری بریتانی خەریکی ڕووپێوی و لێکۆڵینەوە لە بەرزاییەکانی زاگرۆس بوون، دەروازەی ئەشکەوتەکەیان دۆزییەوە و بە گوێرەی ئەو ئەزموونەی لە بواری زەویناسیدا هەیانبوو، شیمانەی ئەوەیان کرد ئەشکەوتێکی گەورە و قووڵیان دۆزیبێتەوە.

ئەم تویژەرانە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکەی خۆیان لە کتێبی "جۆگەلەکانی زاگرۆس"دا بڵاو کردووە و لەوێدا باسیان لە ئەگەری هەبوونی ئەشکەوتێکی زۆر گەورە لەو ناوچەیە کرد. چاپکردنی ئەم کتێبە بوو بە هۆی ئەوەی 11 کەس لە شارەزاترین ئەشکەوتەوانانی ئەنجومەنی ئەشکەوتناسیی بریتانیا لە ساڵی 1971دا بە سەرپەرشتیی "جان میلتۆن" بە مەبەستی دۆزینەوەی ئەو ئەشکەوتە سەردانی کرماشان بکەن.

ئەو پسپۆڕانە لە ماوەی چەند ڕۆژ کاری بەردەوامدا توانیان بگەنە چاڵی ژمارە 26ی ئەشکەوتەکە لە قووڵاییی 750 مەتریدا. لەبەر ئەوەی بۆ بەردەوامبوونی کارەکەیان پێویستییان بە ئامێر و کەلوپەلی زیاتر هەبوو دەستیان لە کارەکەیان کێشایەوە و دۆزینەوەی درێژەی ئەشکەوتەکەیان خستە ساڵی داهاتوو. ئەوان پاش گەڕانەوەیان بۆ بریتانیا وەک یەکەم گرووپێک کە ئەشكەوتی پڕاویان دۆزیوەتەوە ناویان تۆمار کرا.

ساڵێک دواتر گرووپێکی دیکەی ئەشکەوتەوانیی بریتانیا بە سەرپەرشتیی "دەیڤید جادسۆن" و بە پشتیوانیی ئەنجومەنی پاشایەتیی جوگرافیا و ئەشکەوتناسیی بریتانیا سەردانی کرماشانیان کرد. ئەم گرووپەش ئەگەرچی بەتەما بوون ریکۆردی گرووپی پێشوو بشکێنن و زیاتر بچنە ناو قووڵاییی ئەشکەوتەکە، بەڵام نەیانتوانی ئەم کارە بکەن و تەنیا لێکۆڵینەوەکانی گرووپی پێشوویان تەواو کرد و جارێکی دیکە تا قووڵاییی چاڵی ژمارە 26 چوونە خوارەوە.

لە ئەنجامی ئەم دوو سەردانەی توێژەرانی بریتانیادا، ساڵێک دواتر "دامەزراوەی ئەشکەوتی" پڕاو دامەزرا کە ئەو کەسانەی حەز بە دۆزینەوەی ئەشكەوتە نەناسراوەکان دەکەن کۆ دەکاتەوە و لە سەرانسەری جیهان بە شوێن دۆزینەوەی ئەشكەوتەکاندا دەگەڕێن. ئەو دامەزراوەیە تا ئێستاش زیاتر لە نیو سەدەیە لە چالاکییەکانی بەردەوامە.

لە ساڵی 1975 دا گرووپێکی ئەشكەوتەوانیی پۆلۆنیایی (لەهێستانی) گەیشتنە کرماشان بەڵام ئەوانیش نەیانتوانی ریکۆردی گرووپە بریتانییەکان بشکێنن و تەنیا یەک مەتر زیاتر لەوان پێشڕەوییان کرد کە ئەمەش زیاتر بۆ رێکلام بوو و لایەنی سیمبۆلیکی هەبوو.

شازدە ساڵ دواتر و لە ساڵی 1991دا گرووپێک لە شاخەوانان و ئەشکەوتەوانانی کوردی کرماشانی بە ناوەکانی حیشمەت حەیدەریان، بەهمەن موشتکووب و مەنووچێهر دێهشەت کە ئەندامی ئەنجومەنی شاخەوانیی کرماشان بوون، چوونە ناو ئەشکەوتەکە و وەک یەکەم گرووپی کورد توانیان تا کۆتایی ئەشكەوتەکە بچن.

ئەشكەوتی پڕاو یەکێک لە ئەستەمترین ئەشکەوتەکانی جیهانە و ئاستی دژواری و مەترسیداریی ئەو ئەشکەوتە D5ە کە بە مانای باڵاترین ئاستی دژواری لە پێوانی ئەشكەوتدایە و ئەو کەسانەی دەخوازن بگەنە کۆتایی ئەشکەوتەکە دەبێ لە 26 چاڵی گەورە و 252 چاڵی بچووک تێپەڕ بن. تا ئێستا پێنج کەس لە ئەشکەوتەوانە ئێرانییەکان لە ناو ئەم ئەشكەوتەدا گیانیان لەدەست داوە هەر بۆیە ئەم ئەشکەوتە نازناوی "ئەشكەوتی بکوژ"یشی پێ دراوە. تەنانەت تەرمی ژمارەیەک لە کوژراوانی ناو ئەشكەوتەکە هیچ کات لەو ئەشکەوتە نەهاتووەتە دەرەوە.

KURDŞOP
1097 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!