دەشتەکانی کوردستانی گەورە

دەشتە مەزنەکانی کوردستان

هانی مورتەزا

 

دەشتەکان یەکێکن لە دیاردە تۆپۆگرافییەکان. دەشتەکانی کوردستانی گەورە، لە زۆر ڕووەوە گرنگی و بەهای تایبەت بە خۆیان هەیە؛ وەک گرنگی لە ڕووی نیشتەجێبوون، ئابووری، سیاسی و ... کەواتە دەشتەکان گرنگترین بەشی تۆبۆگرافیای کوردستان داگیر دەکەن.

دەشتەکان لە کوردستان، مەڵبەندی گرنگن لە ئاوەدانی و گەشتوگوزاری و  دابینکردنی ئاسانی خزمەتگوزارییەکانی وەک: کارەبا، ڕێگاوبان، کەلوپەل، کشتوکاڵ و ...

ئەتوانین گرنگترین دەشتەکان لە کوردستانی گەورە کە شوينی گرینگیان داگیر کردووە بەم شێوەیە دەستنیشان بکەین: 

دەشتی هەولێر، دەشتی شارەزوور، دەشتی شنگال، دەشتی ڕانیە، دەشتی هەریر، دەشتی حەمرین، دەشتی زاخۆ، دەشتی قەراج و دەشتی کەندێناوە لە باشووری کوردستان.

دەشتی کامیاران، دەشتی ماهیدەشت، دەشتی سەحنە و کرماشان، دەشتی مەریوان، دەشتی دێولان، دەشتی حەسەن ئاوا و دەشتی بیجار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دەشتی سندی، دەشتی ئورفا، دەشتی ئیغدیر و دەشتی تاڵی بەنە و ... لە باکووری کوردستان

 

هەر یەکێک لەم دەشتانە ڕووبەر و پانتاییەکی داگیر کردووە و گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە.

١- دەشتی ئیغدیر: یەکێکە لە دەشتە بە پیتەکانی باکووری کوردستان کە لە ڕۆژهەڵاتەوە لە نێوان ٦٠٠- ٨٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و تا بەرەو ڕۆژئاوا بڕۆین بەرزییەکەی زیاتر دەبێ و لە لای ڕۆژئاوای بەرزییەکەی لە ئاستی دەریاوە دەگاتە نزیکەی ١٠٠٠- ١٢٠٠ مەتر.

٢- دەشتی شارەزوور: یەکێکی دیکە لە دەشتە بە پیتە گرنگەکانی کوردستانە کە لە باشووری کوردستان هەڵکەوتووە و لەڕووی ئاوەدانی و بەتایبەتیش کشتوکاڵەوە گرینگییەکی تایبەتی هەیە. دەشتی شارەزوور، بە خاکی ڕەش ناودەبردرێ و درێژییەکەی لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوا ٤٤-٤٦ کم دەبێت.

٣- دەشتی هەولێر: یەکێکی تر لە دەشتە گرنگەکانی باشووری کوردستانە کە لانکەی نیشتەجێبوون و کشتوکاڵ بووە و نزیکەی ١.٥ تا ٢ ملیۆن کەس تێیدا دەژین، پانتاییەکەشی ٤٣ کم دەبێت.

٤- دەشتی ئورفا: ئەم دەشتە دەکەوێتە بەشی باشوری شاری ئورفا لە باکووری کوردستان. درێژییەکەی لە باکوورەوە بەرەو باشور ٤٩-٥١ کم دەبێت، تێکڕای بەرزیی ئەم دەشتە لە ڕووی دەریاوە لە نێوان ٥٠٠-٧٠٠ مەتردایە. ئەم دەشتە لە نێوان بەرزاییەکانی بیدسورخ و ئەڵوەنددایە و بەهۆی ئەو خۆڵ و خاکانەی لە شاخەکانەوە داشۆراون و بەرەو دەشتەکان گوازراونەتەوە، دەشتێکی زۆر بەپیتە.

٥- دەشتی مەریوان: ئەم دەشتە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە باکوری دەشتی مەریوان چیاکانی پشت شەهیدان هەڵکەوتووە  و لە باشوور و خۆرئاواوە کێوەکانی وەیسە ومیرحاج لە ڕۆژهەڵاتیشەوە گردەکانی ڕووباری گارانە هەڵکەوتووە. دەشتی مەریوانی دەشتێکی زۆر بە پیتە و لە باری گشتوکاڵییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە. تێکرای بەرزیشی لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەگاتە ١٢٥٠-١٣٦٠مەتر.

٦- دەشتی سەحنە و کرماشان: ئەم دەشتەش یەکێکە لە گرنگترین دەشتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پانتاییەکەی دەگاتە ٩٠ کیلۆمەتر. بەرزاییەکانی شاهۆ و پڕاو کەوتوونەتە بەشی باکووریەوە. ئەم دەشتە چەند ڕووبارێکیشی پیدا تێدەپەڕێت.

ئەمانە چەند نموونەیەکن لەو دەشتە مەزن و بەپیتانەی کە سەرچاوەی داهاتی گرنگ و ئابووریی مەزن و بوونی سەوزایی و دارستان بۆ کوردستانن. هەموو ئەمانە و زیاتریش دەگەرێتەوە بۆ هەڵکەوتەی جوگرافیی کوردستان.

 

نوسەر : هانی مورتەزا

 

 

 

KURDŞOP
850 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!