شاری ئامەد لە باکووری کوردستان

کوردشۆپ - ئامەد یان ئامێدان یان دیاربەکر یەکێکە لە گەورەترین شار و پارێزگاکانی باکووری کوردستان. هەروەها ئامەد یەکێکە لە گەورەترین شارەکانی تورکیا و لەناو کورددا بە پایتەختی ڕاستەقینەی کوردستان ناودەبرێت. ئەمڕۆ ئامەد لە گۆڕەپانی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا بە قەڵا و دیوارەکانی دیاربەکر و هەروەها بە شووتییەکانی ناوبانگی دەرکردووە.

شاری دیاربەکر لە سەردەمی ئارامیدا 1300 ساڵ پێش لەدایک بوونی مەسیح بە ئامید و ئامیدە ناسرابوو. دواتر بە ناوی ئامەد، ئامێدەڕەش، دیارێ بەکر، دیاربەکر و دواجاریش لە ساڵی ١٩٢٨دا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە ناوی دیاربەکر ناسراوە.

ڕووبەری دیاربەکر لە 15 هەزار و 354 کیلۆمەتر چوارگۆشە پێکدێت و بەپێی هەندێک سەرچاوە مانای ئامەد و ئامیدە لە ئامەدانەوە هاتووە، هەروەها بەپێی بۆچوونی دیکە بنەمای ناوی شارەکە وەک دیاربەکر لە وشەیەکی سریانییەوە هاتووە کە بە واتای "دەیرول بیکر" بە واتای "کڵێسای پاکیزە"یە و هەتا ئێستاش ئەم کڵێسا گرنگە، لە ناو شاری گەورەی ئامەد. هەڵکەوتووە.

شاری دیاربەکر دەکەوێتە نێوان هێڵی ٣٧° ٣٠' و ٣٨° ٤٣' باکوور و هێڵی ٤٠° ٣٧ و ٤١° ٢٠' ڕۆژهەڵات. بە پارێزگاکانی ئیلیح و سێرت لە ڕۆژهەڵاتی دیاربەکر، مێردین لە باشوور، ڕحا و سامسور لە باشووری ڕۆژئاوا و ئەلعەزیز(خارپووت) لە باکوور دەورە دراوە.

ڕووبەری زەویی ئامەد ١٥٣٥٤ کیلۆمەتر دووجایە و ئەم پارێزگایە چەندین شوێنی مێژوویی هەیە. سەرەتا بێدەن و سور، یان قەڵای دیاربەکر و تاوەرەکانی زۆر بەناوبانگن و لە لیستی میراتی جیهانیی مرۆڤایەتیی یونسکۆدا جێگیرکراون.

لە پارێزگای ئامەد، جیا لە چوار ناوچەی سەنتەری شاری ئامەد، بە گشتی ١٧ شاری دیکە هەیە. هەروەها ٣٢ شارۆچکە و ٨٤١ گوند هەیە. ئامەد لە تورکیادا پێگەی شارێکی گەورەی هەیە و چوار ناوچەی سەر بە ناوەندی شار بریتین لە: شاری نوێ، پەیاس، ڕێزیک و سور.

هەروەها ناوی شار و شارۆچکەکانی دیکەی دیاربەکر بریتین لە: بسمیل، چەرموگ، چنار، ئەرخەنی، هێنێ، هێزرۆ، قەرەس، پاسور یان قولپ، پیران، لیجە، فەرقین، چنگوش، گێل یان ئێگیل.

لە دیاربەکر، چیای قەرەجداخ (١٩١٩م)، پیرەجەمان (٢٠١٠م)، میحراب (٢١٠٠م)، ئادەم (٢١٠٠م)، لیس (٢٢٠٠م)، سوپلیس (٢٢٨٠م)، کۆز (٢٢٨٣م)، قردیلەک (٢٣٥٠م ) ، بەربهەڤ (٢٥٩٣ م) و ئەندۆک (٢٨٣٠ م) بەرزترین شاخەکانن.

لە لایەکی دیکەوە ڕووباری دیجلە گەورەترین ڕووباری ناوچەکەیە. ڕووباری ئەمبار، لە قولپ ​​و فەرقین، مێدیا لە چەرموگ، کالخانە لە ئەرخەنی ڕووبارەکانی دیکەی ناوچەکەن. لە دیاربەکر تاڤگەیەکی سروشتی نییە، دەریاچەی بەنداوی وەک دێڤەگەچدی، قەرەقەیا، قورتقە، ئۆرتاڤیران گۆکسو، قرلقیزی و گۆزەگۆڵ هەیە، هەروەها لە پاسوور ڕووباری سارومی و لە لیجی ڕووباری شەکران هەیە.

سامانی ژێرزەمینی دیاربەکریش بەم شێوەیەیە: ئاسن، مس، زینک، مەنگەنێز، ئازبێست، مس، بارووت، فۆسفات، کەرەستەی خشت و کاشی و لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی لە دیوی فارقین و بسمیل، دەمارەکانی نەوت دۆزراونەتەوە، بەڵام هێشتا بەکارنەهێنراون.

KURDŞOP
1230 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!