پڕۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی، زانایەکی جیهانیی بواری کوانتۆم

 

ئیبراهیم کەریمی زانایەکی کوردی بواری فیزیایە کە بە هۆی لێکۆڵینەوەکانی لە بواری فیزیکی کوانتۆمدا، لە ساڵی 2020ی زایینی، خەڵاتی هێرزبێرگی فیزیکی کانادای بردەوە و بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی پاشایەتیی کانادا لە کۆلێجی زانایانی لاودا.

پرۆفیسۆر کەریمی لە ساڵی 1978 لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەدنیی هەر لەم شارە تەواو کردووە. هەر لە مناڵییەوە بە هاوکاریی مامۆستاکانی، هۆگرییەکی زۆری بۆ بیرکاری و فیزیا هەبوو. بە بەشداریکردنی لە چەندین کۆنفڕانسی زانستی و پێشکەشکردنی چەندین پلانی تیۆری و کرداری لەم کۆنفڕانسانە توانی بگاتە فێستیڤالە زانستییە بەناوبانگەکانی ئیران وەک فێستیڤالی خارەزمی.

لە ساڵی 1997 لە زانکۆی کرمان لە بەشی فیزیک وەرگیرا و پاش تەواو کردنی دوو کۆرسی زانکۆ، هاوکات دەستی کرد بە خوێندنی فیزیک و بیرکاری پێکەوە و بۆ ماوەی پێنج کۆرس لە هەردوو بەشەکە وەک خوێندکار وانەی وەردەگرت. لە ساڵی 2001، وەک خوێندکاری هەڵبژاردە و نموونەی زانکۆی کرمان لە بەشی فیزیکی ئەتۆمی کۆتایی بە خوێندنی هێنا و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرت. هەر لەم ساڵەدا پلەی 18ی ئێرانی لە تاقیکردنەوەکانی ماجستەر بەدەست هێنا و لە بەشی بیرکاری و فیزیای زانکۆی زەنجان وەرگیرا و پاش دوو ساڵ لە لقی ئۆپتیکدا بڕوانامەی ماجستەری بە دەست هێنا.

دواتر لە جیاتی سەربازی ماوەی سێ سال لە زانکۆی کوردستانی سنە وەک مامۆستا وانەی وتەوە و هەر لەو ماوەیەدا بۆ چوار کۆرس وەک مامۆستای نموونە و باشترین مامۆستای زانست و باشترین توێژەری زانکۆ هەڵبژێردرا.

خوێندنی دوکتۆرای لە وڵاتی ئیتالیا تەواو کرد و لە ماوەی خوێندنی دوکتۆراکەیدا دوو داهێنانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تۆمار کرد و وەک خوێندکاری نموونەی زانکۆی ناپڵی ئیتالیا لە لقی ئۆپتیکی کوانتۆمیدا دەستنیشان کرا. دواتر بۆ پۆست دوکتۆرا لە پڕۆژەی فۆربیتک کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی شەش وڵاتی ئەورووپی بوو، لەسەر لێکۆڵینەوەکانی بەردەوام بوو و سەرکەوتنەکانی لەم پڕۆژەیەدا ئەوی کردە مامۆستایەکی بەناوبانگ لە ئاستی جیهانیدا.

هەر بۆیەش لەسەر داوای پرۆفیسۆر ڕابێرت بۆید، بەرپرس و دامەزرێنەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی پێشکەوتووی فۆتۆنیک لە زانکۆی ئۆتاوای کانادا، چوو بۆ کانادا و پاش دوو ساڵ وەک مامۆستای فیزیک لە زانکۆی ئۆتاوا، گرووپێکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا و توانی کورسیی لێکۆڵینەوەی کاناداش بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەدەست بێنێ کە خەڵاتێکە ساڵانە لە لایەن حکوومەتی کاناداوە دەدرێتە توێژەرانی هەڵکەوتووی بوارە زانستییەکان.

پرۆفیسۆر کەریمی هەروەها توانیویەتی دوو خەڵاتی ناوەندی داهێنانی کانادا و جان ئیوانزیش بباتەوە و لە ساڵی 2020دا بوو بە ئەندامی کۆلێژی لاوانی ئەنجومەنی پاشایەتیی کانادا.

هاوکات لەگەڵ ئەو چالاکییانەش لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ماکس پلانکی ئاڵمانیا و زانکۆیان زەنجان وەک مامۆستای هاوبەش چالاکیی هەبووە.

پڕۆفیسۆر کەریمی لێکۆڵینەوەی بنەڕەتیی لە بواری ناردنی کوانتۆمی، میکرۆسکۆپ و وێنەهەڵگری کوانتۆمی و تۆپۆلۆژی تیشک ئەنجام داوە و خاوەن سەدان وتار و کتێب و گەڵاڵەی لێکۆڵینەوەیە لە ئاست جیهانیدا و لە ئێستادا بووە بە سە‌روکی پەیمانگەی کوانتەمی زانکۆی ئۆتاوا لە وڵاتی کەنەدا.

پڕۆفسۆر کەریمی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەو پەیمانگەیە وتی:

"شانازییەکی گەورەیە کە سەرۆکایه‌تیی پەیمانگای کوانتەمی زانکۆی ئۆتاوام پێ سپێردراوە. زۆر سوپاس بۆ هاوکاران و هاوڕێیان بۆ متمانەیان؛ دڵنیام کە پێکەوە یارمەتیی ئیکۆسیستەمی کەنەدا دەدەین و چارەسەری پێداویستی و ئاڵنگاریی ئەوان لە زانست و ئەندازیاری کوانتەمدا دەکەین".

KURDŞOP
661 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!