مەلای جزیری و دەوڵەتی سەربەخۆی زمان

“مەلای جزیری” لەسەردەمێک دا ژیاوە کە لە ئەوپەڕی دەستەڵاتی دوو ئیمپڕاتووری عوسمانی و سەفەویی بووە و کوردستانی نیشتمانی مەلای جزیریش, کەتبووە ژێر دەستی ئەو دوو زلهێزەوە. هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری کولتوورییەوە هەر دوو بەشی کوردستانی ژێر دەستەڵاتی سەفەوی و عوسمانی, دەچەوسێندراوە و زمانە زاڵ و دەستەڵاتدارەکانیش زمانی سیستەمی دەستەڵات بووە.

مەلای جزیری و دەوڵەتی سەربەخۆی زمان

 

"شێخ ئەحمەد"ی کوڕی "شێخ محەممەد" ناسراو بە "مەلای جزیری" چوار سەد و پەنجا و سێ ساڵ لەمەوبەر، لە جزیرەی بۆتان لەدایک بووە. "مەلای جزیری" لەسەردەمێکدا ژیاوە کە لە ئەوپەڕی دەستەڵاتی دوو ئیمپڕاتووریی عوسمانی و سەفەوی بووە و کوردستانی نیشتمانی مەلای جزیریش، کەتبووە ژێر دەستی ئەو دوو زلهێزەوە. هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری کولتوورییەوە هەر دوو بەشی کوردستانی ژێر دەستەڵاتی سەفەوی و عوسمانی، دەچەوسێندراوە و زمانە زاڵ و دەستەڵاتدارەکانیش زمانی سیستەمی دەستەڵات بووە. سەرەڕای ئەو دۆخە نالەبارە، چوار سەدە و نیو لەوە پێش، مەلای جزیری وەک کەسێک کە لە دوو بواری جیاوازی زمانی و کولتووریدا ئەزموونی هەبووە، ئەدەبی فارس و عەڕەبی بە جوانی ناسیوە و زمانە زاڵەکانی ئەوانیشی زانیوە. لە لایەکی دیکەوە بە هۆی ئەوەی پێگەی کۆمەڵایەتییشی وەک مەلا و مامۆستای ئایینی، ڕیشەی لە گوتاری ئایینی و زمانی عەڕەبیدا هەبووە، بەڵام بە تێپەڕین لەهەموو ئەو بوارە گوتارییانە، بە نووسین بە زمانی کوردی و داڕشتنی چوارچێوەی غەزەلی ئەویندارانە-عارفانە، بە زمانی زگماکی خۆی، بوو بە بناخەداڕێژی شێوەیەک لە هزرین و نووسین کە وەک پاڕادیم شیفت یان گۆڕینی ئاراستەی فکری دێتە ئەژمار و  بە سەرەتایەکی تازە لە ئەدەبی کوردی دەزاندرێ.

بەر لە جزیریش ئەگەرچی نووسینی کوردی هەبووە، بەڵام ئەو کەسێکی گوتار ساز بووە.

بە ئاگاداری لە ئەدەبی گەلانی دیکە و ناسینی ورد و ئاگایانەی شیعر لە لایەک و ئاشنایەتیی تەواو لەگەڵ تەسەووف و عیرفان و فەلسەفەی ئیسلامی لە لایەکی دیکە و هەروەها بوونی هەستی نەتەوەیی لە ئاستی ناسین و بایەخدان بە شوناسی زمانی، حەولێکی چەند لایەنەی داوە.

وەک دەزانین لەو سەردەمە و زۆر پێش ئەویش، واتە هەر پاش مسۆگەر بوونی دەسەڵاتی سیاسی و نیزامیی عەڕەب و پەرەسەندنی بیری ئیسلامی، گوتاری باڵادەست لەو چوارچێوەیەدا شکڵی گرت و بیری ئیسلامی بە هەموو وەچەکانییەوە و زمانی عەڕەبی وەک هەڵگر و ڕاگوێزەری ئەو بیرە خۆیان خزاندە ناو هەموو دەرفەت و کۆڕە پەروەردەییەکان. نووسەرانی زۆربەی نەتەوەکانی ئەو جوغڕافیایەی بە جوغڕافیای وڵاتانی ئیسلامی دەناسرێن، شوناسی زمانی و تەنانەت نەتەوەییی خۆیان وەلا نا و  لە چوارچێوەی بیری ئیسلامی و زمانی عەڕەبیی باودا، ئەسپی خۆیان تاو دا. دەتوانین لە نێو کورد و فارسدا، بە دەیان نموونە باس بکەین کە سەرەڕای ئەوەی زمانیان کوردی و فارسی بووە، بە هۆی پەرەدار بوونی بیری ئایینی و زمانی عەڕە بی، خۆیان بەو زمانەوە خەریک کردووە. لە کوردەکان زۆر کەسی وەک "ئینی خەلەکان" و "ئیبنی شارەزووری" و "دینەوەری" و "موسەنیفی چۆڕی" و "تاجەددینی شنۆیی" و "شەهابەددینی سۆرەوەردی" و ... لە فارسەکان کەسانی وەک "ئیبنی سینا" و "فاڕابی" و "ئەبووڕەیحانی بیروونی" و ... لەو کەسانەن سەرەڕای ئەوەی لە  بوارەکانی وەک ئەدەب و زمان و زانستی سروشتی و فەلسەفەدا، خاوەن قوتابخانە و لێهاتوو بوون، بەڵام یان کەمترین ئاوڕیان لە زمان  و شوناسی خۆیان داوەتەوە و یان هەر گوێیان نەداوەتێ و لە ناو زمان و کولتووری عەڕەبیدا تواونەتەوە. بە سەرنجدان بە کەش و فەزایەکی ئاوایە کە ڕۆڵ و پێگەی کەسێکی وەک مەلای جزیری زیاتر و درەوشاوەتر دەردەکەوێ.

 مەلای جزیرییش وەک باقی ئەو ناوانە، بە زانستێکی کە لەبواری ئەدەب و زماندا هەیبووە و هەروەها ئاگاداری لە فەلسەفە و کەلامی ئیسلامی و عەڕەبی، دەیتوانێ وەک هەموو ئەو نێوانە، خۆ لە زمانی زکماکی خۆی بشارێتەوە و لە جواغڕافیایەکی گەورەتر و هەڵبەت بە شوناسی غەیرە نەتەوەییی خۆیەوە دەرکەوێ.  بەڵام جزیری هەموو ئاکامەکانی هەڵبژاردنی خۆی وەستۆ دەگرێ و ڕێیەک دەگرێتە بەر کە بەر لەو کەمتر گیراوەتە بەر و ڕێبواری کەمی هەبووە.

زۆر ئاماژە لە شیعری مەلای جزیریدا هەن، کە نیشان دەدەن، ئاگای دەقیقی لە شیعری فارس و عەڕەب بووە و دەقی شاعیرانی ئەوانی خوێندووەتەوە. تەنانەت جار جار ئاماژەشی پێ کردوون. بۆ وێنە لەو شیعرەدا:

 

حەیاتا دل مەیا باقی بنۆشین دا بە موشتاقی

الا یا ایها الساقی ادر کاسا و ناولها

 

نیوە بەیتی دووەم کە عەڕەبییە، لە ئەسڵدا شیعری "یەزیدی کوڕی موعاویە"یە، کە "حافزی شیرزای"ش کەڵکی لێ وەرگرتووە و مەلای جزیری لە حافزی خواستۆتەوە و بە شێوەی سەنعەتی شیعری "تەزمین" کە نیوە بەیتێک لە شاعیرێک وەردەگرن و لە شیعری خۆیاندا دەیهێننەوە، کەڵکی لێ وەرگرتووە و نیشانی داوە ئاگای لە گەنجینەی ئەدەبی گەلانی دیکەش هەیە. هەر لە شیعرەکانی ئاماژەیەکی زۆریش  بە زاراوەکانی عیرفان و فەلسەفەی ئیسلامی هەیە. بەڵام ئەو کوردینووس بووە و بۆی گرینگ بووە بە زمانی خۆی بهزرێ و بنووسێ. تەنانەت خۆی و زمانی خۆی و وڵاتی خۆی، لەگەڵ شاعیران و زمانەکانی دیکە و وڵاتەکانی دیکە هەڵسەنگاندووە و خۆی و وڵات و زمانی خۆی، پێ لەوان کەمتر نەبووە. لەو بەیتەی خوارەوە بڕوانن کە چۆن شوناسی هونەری و زمانی و مەکانیی خۆی لەگەڵ ئەویدی هەڵدەسەنگێنێ و بێ دەمارگرژی مەبەستی خۆی ڕادەگەیەنێ:

 

گەر لوء لوئی مەنسوور، ژ نەزمی تە دەخازی

وەر شیعری مە لێ بین، تە ب  شیراز چ حاجەت

 

لێرەدا مەلای جزیری لەگەڵ  بەردەنگی کورد دەدوێ. لەگەڵ ئەو بەردەنگە کوردەی خەریکە لە شوناسی زمانی ئەویدیدا قاڵ دەبێتەوە و پێی دەڵێ، ئەگەر بە دوای دۆزینەوەی گەوهەری نووسراو و شیعرەوەی، ئەوە شیعری  مەلا کە بە کوردی نووسراوە ئەو گەنجەیە و چ پێویستیت بە شیراز نییە، کە ئاماژەیە  بە شوێنی لەدایک بوونی دوو شاعیری گەورەی فارس واتە حافزی شیرازی و سەعدی شیرازی. وبە واتایەکی دیکە نە شوێن گرینگە و نە کەس، ئەگەر هونەر گرینگە ئەوە هەر لە کوردستان و لە زمانی کوردیدا دەقی مەلا و کەسانی وەک مەلا هەیە و ئێوە چ حاجەتتان بە شیراز و شیعری شاعیرانی شیرازی، واتە فارسی  نییە. ئەگەر گەلانی دیکە بوونە خاوەن دەوڵەتی هونەریی خۆیان و سککەی هونەرییان لێداوە کە نیشانەی پاشایەتی و سەربەخۆییە، ئەوا مەلای جزیری دەنگی هەڵبڕیوە و دەڵێ ئێمە واتە من وەک نوێنەرێکی زمانی کوردی، سککەی شیعرم لێداوە و  ئەو سککەیە ئێستا لە دونیادا ڕەواجی هەیە و دەچێ. واتە دەوڵەتی هونەری خۆی بە فەرمی دەناسێ و دراوی هونەری خۆشی بە دراوێکی بە بایەخ دەزانێ و ئەوەش واتە متمانەبەخۆبوونی نەتەوەیی و هونەری. لەو بەیتە بڕوانن کە  چۆن ئەو  بابەتەی تێدا قاڵ کراوەتەوە.

 

سککەیی شیعرامە بە ناڤێ تە هات

لەو  بە عەیاری د جهاندا ڕەواج

 

هەر لەو سەردەمەدا و هەڵبەت تا ئێستاش، نووسەارن و هونەرمەندانی هەر نەتەوەیەک حەول دەدەن  بە خستنە ڕووی هێندێ داوا و ئیدیعا، دەقی خۆیان بە  نرخ بنوێنن. لە شاعیرانی ئەو کاتی فارس و عەڕەب زۆر کەس وایان کردووە . بە نموونە حافزی شیرازی دەڵێ:

 

بدین شعر تر شیرین ز شاهنشه عجب مانم

کە سرا تاپای حافظ ڕا چرا در زر نمیگیرد

 

 

 

واتە بەو شیعرە پاراو  و شیرینەوە پێم سەیرە پادشا سەراپای حافز لە زێڕ ناگرێ و خەڵاتی ناکا. مەلای جزیری داوای زێڕ لەکەس ناکا بەڵام دەڵێ:

 

د ئیعجازێ  بەیانێدا سوخەن گەر بێتە ئینسافێ

دزانت موختەسەر هەر کەس مەلا سیحرە عیبارەت کر

 

واتە لە ئیعجاز و تەرزی و بەرزی دەربڕین و نووسین دا، ئەگەر کەسی بە ئینساف هەبێ دەزانێ کە مەلا بە کەلامی خۆی سیحری خوڵقاندووە. یان لە بەیتێکی تردا دەڵێ:

 

شیعری مەلا کوو وەک ژووان، دایەتە جانێ مەروقان

پورمە لە  بەرگێ ئەرغەوان، دینە غەزەل لنک شەتەت

 

شیعری  مەلا وەک زۆری دڵ مردووی بێ ئاگای وەگیان هێنا و فێری دڵداری کردن و خستنییە سەر ڕێی خواناسی، زۆر غەزەل و شیعری وا هەن بەڕێز و پڕمانان، بەڵام لە بەرانبەر شیعری مەلادا پڕ هەڵە و لە ڕێ لادەرن.

هەموو ئەو نموونانە دەریدەخەن مەلای جزیری ئاگایانە و زانایانە شیعری کوردیی نووسیوە و مەبەستی خەمڵاندن و دەوڵەمەندتر کردنی زمانی کوردی بووە و بە مەبەستی خۆشی گەیشتووە. بەردێکی کردە بناخەی شیعری کوردی تا ئیستا هەر بە پتەوی ماوەتەوە و بینای ئەدەبی کوردی لەسەر ڕۆنراوە.

 لە زمانی پێچیاو و فۆڕمی قورسەوە تا زمانی ساکاری  تاقی کردووەتەوە و لوتکەی ڕەوانی و سادەییش لە شیعری دا، شیعری "سەباحەلخەیر خانێ من"ە کە شاکارێکی بێ وێنەی ڕەوانی و سادەیی و بەرزیی هونەری شیعری کوردییە:

 

 

 

"سەباحەلخەیرخانێ من"

 

 

(سەباحەلخەیر)خانێ من

شەهی شیرین زەبانێ من

تویی ڕۆح و ڕەوانێ من

ببت قوربان تە جانێ من

تعالی‌الله چ زاتی تو

چوێ شیرین صیفاتی تو

نەوەک قەندو نەباتی تو

یەقین ڕوح و حەیاتی تو

حەیات و ڕاحەتا جانم

(سەباحەلخەیر) یا خانم!

وەرە بیناهی‌یا چەهڤان

ببینم بەژن و بالایێ

 

(سەباحەلخەیر) مەستا من

لەطیفا جام‌ بدەستا من

خومارو مەیپەرستا من

تویی مەقسوود و قەستا من

ژمەقسوودان تویی بەس من

ببن بەرچەرخی ئەتڵەس من

ژغەیرێ تە نەڤێت کەس من

برەشتوزین موقەووەس من

دبەندا زولفی چەوگانم

(سەباحەلخەیر) یا خانم

وەرە بیناهی‌یا چەهڤان

 ببینم بەژن و بالایێ

 

ژوێ زولفێ، ژوێ بەندێ

رەها بم لێ ژ پەیوەندێ

سیە چەشمێ سپی زەندێ

تە سوهتم شوبهەتێ فەندێ

شوبی شەمع و شەمالم ئەز

ژبەر حوببا تە لالم ئەز

زەعیفم وەک هیلالم ئەز

سیفەت گۆیین دکالم ئەز

ڤە بولبول ڕا ب ئەفغانم،

(سەباحەلخەیر) یا خانم!

وەرە بیناهی‌یا چەهڤان

 ببینم بەژن و بالایێ

 

ڤە بولبول ڕا شەڤ و ڕۆژێ

ل سەروی تەرح و بشکۆژی

ئەنی ماهی، شەفەق ڕۆژی

تە سوهتم شوبهەتی دۆژێ

کو دوورم ئەز ژوێ حوورێ

تنی جارەک ل سەر سوورێ

ژ وادی ئەیمەنا توورێ

تەجەللا کر دنیڤ نوورێ

ژ وێ سوهتی دل و جانم

 (سەباحەلخەیر) یا خانم!

وەرە بیناهی‌یا چەهڤان

 ببینم بەژن و بالایێ

 

ژ حوسنا وی تەجەللایێ

یەدی بەیضا و بالایێ

چ وەسفان بێم خەبەر نایێ

وەلێ دل جەزبەیی دایێ

نەهشیارم ژوێ بەرقێ

ژ زەرتاجێ ل سەر فەرقێ

سپێدە دا هەتا شەرقێ

بەلێ نائێخمێ فەرقێ

ژ زەربی عیشق نالانم

 (سەباحەلخەیر) یا خانم!

وەرە بیناهی‌یا چەهڤان

 ببینم بەژن و بالایێ

 

زەریفی نازکی شەنگی

صیفەت حۆری پەری ڕەنگی

ب رۆژێ ڕا تو هەڤدەنگی

دورەشت و زین سیە ڕەنگی

کشاندن لێ نەوەک جاران

خەدەنگێن قەوسی نوباران

ژرەنگی شیرو موکاران

رەشاندن سینە وەک باران

ژ وێ زەربێ پڕئیشانم

 (سەباحەلخەیر) یا خانم!

وەرە بیناهی‌یا چەهڤان

 ببینم بەژن و بالایێ

 

ڤەکە جارەک خەت و خالان

ل سەروان مەسنەد و پالان

بخونە لێ مە عەبدالان

ببینین عیدو سەرسالان

ئیجازەت دی مە دەستووری

پەری ڕەنگی صیفەت حووری

ژنیڤا زولمەت و نووری

بنۆشین مەی د فەرفوری

ژدل تالانی خالانم

(سەباحەلخەیر) یا خانم!

وەرە بیناهی‌یا چەهڤان

 ببینم بەژن و بالایێ

 

ژشەهکاسا کو قەرقەف تێ

مەیا نورین موشەررەف تێ

نیشانەک دلبەرێ کەفتێ

ژبۆمن هەر سەحەر خەف تێ

ژوی جامی دنوشم ئەز

سەحەر لەو نەی ل هوشم ئەز

ژعامی لێ دپوشم ئەز

بجان هەرلێ دکوشم ئەز

کو غالیب مەست و سەکرانم

 (سەباحەلخەیر) یا خانم!

وەرە بیناهی‌یا چەهڤان

ببینم بەژن و بالایێ

 

وەرە پێشبەر مەلایێ خوە

شەهید و موبتەلایێ خوە

بشەفقەت کە لیقایێ خوە

"مەلا" نەمرت بدایێ خوە

مەسیحایی ل بیماران

کەسین گەزتی دو ڕەشماران

شەهیدێن شیرو موکاران

کری ئامانجی نوباران

ل دیدارا تە حەیرانم

(سەباحەلخەیر) یا خانم!

وەرە بیناهی‌یا چەهڤان

ببینم بەژن و بالایێ

 

KURDŞOP
1009 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!