کۆڵبەری: پیشە یا خود چەوساندنەوەی نەتەوەیەک - بەشی2

کانی مەریوان

 

کارتی ئەلیکترۆنی و دانانی بونیادی بەرەکەت

لەماوەی ڕابردوودا، پڕۆژەیاسای گشتیی ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردنی بازرگانییە سنوورییەکان و ڕەخساندنی هەلی کارێکی بەردەوام بۆ ناوچە سنوورییەکان لە پەرلەمانی ئێران پەسەندکرا. جگە لە دانیشتووانی شارە سنوورییەکان، ئەو کەسانەی لە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە سنوورەکانەوە دەژین دەتوانن لە سیستەمی دانیشتوانی سنوورەکاندا ناوی خۆیان تۆمار بکەن و لە خزمەتگوزارییەکانی  کارتی ئەلیکترۆنیی کۆڵبەری کەڵک وەرگرن. ئەم کارتانە تەنها بۆ ئەو کەسانە دەردەچن کە تەمەنیان لە سەرووی ١٨ ساڵەوەیە و سەرۆکی ماڵن و لە ناوچە سنوورییەکان دەژین، لە دامودەزگا حکوومی و سەربازییەکان کار ناکەن و مووچەی حکوومەت وەرناگرن و خوێندەوارییان هەیە، تەندروستی دەروونیان هەیە، هیچ تاوانێکیان نەکردووە و بە هیچ مادەیەکی هۆشبەرەوە ئالوودە نین، قەرزداری حکومەت نین؛ لەوانەش قەرزی باجی گومرگی، پابەندبوونی دراوی بیانی بەهۆی هەناردەکردنەوە و ... ئەو کەسانەی ئەم بەربەستانەیان نەبێت دەتوانن کارتێک بە ناوی خۆیانەوە وەربگرن بۆ مامەڵەی سنووری لە چوارچێوەی مادەی ٢٠ی یاسای ئێراندا. حکومەت ١٧ هەزار کارتی کۆڵبەریی دابەش کردووە، بەڵام ڕەنگە ژمارەی کۆڵبەرەکان زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بێت.

ئامانجی سەرەکیی بونیادی بەرەکەت ئەوە بوو لە ناوچە سنووریەکاندا هەلی کار بۆ ئەو کەسانەی بەناچاری کاری کۆڵبەری دەکەن، بڕەخسێنن. بە پێی ئاماری بونیادی بەرەکەت لە ماوەی ساڵێکدا لە هەرسێ پارێزگای ورمی، سنە و کرماشان، ٧٠٠٠ پڕۆژە ئەنجام دراون. زۆربەی ئەو پڕۆژانەی لە شێوەی ڕێکخستنی هەلی کار لە گوندەکان بۆ کەسانی کەم داهات کراون، لە پارێزگای سنە بووە. بەجۆرێک کە لە کۆی حەوت هەزار پڕۆژە، ٤٠٠٠ پڕۆژە لە پارێزگای سنە ، ١٥٠٠ پڕۆژە لە پارێزگای ورمێ و ١٥٠٠ پڕۆژەش لە پارێزگای کرماشان جێبەجێ کراوە. بەڵام ئەم هەوڵانەی حکوومەت هیچیان لەو ئاستەدا سەرکەوتوو نەبوون کە پیشەی کۆڵبەری کەم بکرێتەوە. کۆی ئامانجەکانی حکومەت لە بەرنامەی گەشەپێدانی ناوچە سنوورییەکان؛ دروستکردنی هەلی کار، بەدەستهێنانی داهات، زیادکردنی خۆشگوزەرانیی ئابووریی دانیشتوانی سەر سنوور، پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی و بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی سیاسی و کولتووری و ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئاسایشی سەقامگیر لە سنوورەکان، فراوانکردنی هەناردەکردنی غەیرە نەوتی، زیادکردنی بەرهەمهێنانی یەکە پیشەسازییەکانی شارە سنوورییەکان، ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی قاچاخی کاڵا، ڕێگریکردن لە کۆچی دانیشتووانی سنوور، هاتنە ناوەوەی دراوی بیانی و زیادبوونی داهاتی نیشتمانیی وڵات، زیادبوونی بەهای دراوی نیشتمانی، کەمکردنەوەی هەڵاوسانی ناوخۆ و گەشەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ ناوچە سنوورییەکان وێنا کرابوون، بەڵام ئابووریی ئێران تووشی چەقبەستوویی و هەڵاوسان بووە و ڕێژەی بێکاری گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. لە لایەکی دیکەوە ئەم کێشەیە لە ناوچە سنوورییەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پرسە ئەمنییەکان و بەتایبەت ئاسایشی سنوورەکانی ئێرانەوە هەیەو ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتەنیا چارەسەر نەکرێت بەڵکوو دوو ئەوەندە ئاڵۆزتر بێت.

سوود و زیانەکانی کۆڵبەری

ڕاستی ئەوەیە بەشێکی کەم لە داهات و قازانجی بازرگانیی سنووری دەگاتە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان. بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان بەتایبەت لە پارێزگا سنوورییەکان بەتوندی دژایەتیی پڕۆژەیاسای حکوومەتیان کردووە سەبارەت بە ڕێکخستنی بازرگانیی سنووری و پێیان وایە ئەم کەیسە کاریگەریی لەسەر قازانجی دانیشتوانی سنووری دەبێت. لە واقیعدا قازانجی گەورەی هاوردەکردنی کاڵا لە ڕێگەی ناوچە سنوورییەکانەوە دەگاتە تۆڕەکانی قازانجخواز لەم ناوچەیەدا و سوودی بۆ دانیشتووانی خۆجێیی سنوورەکان نییە. بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ئەو کاڵایانەی لە ڕێگەی کۆڵبەرییەوە هاوردە دەکرێن، نزیکەی دوو سەد و پەنجا هەزار ملیار تمەن لە مانگێکدایە، کەچی تێکڕای داهاتی مانگانەی هەر کۆڵبەرێک بیست بۆ سی ملیۆن تمەنە، بۆیە بڵاوبوونەوەی دیاردەی کۆڵبەری تەنها لەڕووی "بێکاری" یان نەبوونی هەلی کارەوە شیکاری ناکرێت. بەبێ گوێدانە لایەنە ئابوورییە سیاسییەکانی ئەم دیاردەیە لە ناوچە سنوورییەکان، خاڵی گرنگ، دەوردانەوەی سزا ئابوورییەکانی حکومەت و چینی سەرمایەدارە. جگە لەوەش، کۆڵبەر سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە بۆ پاسەوانانی سنوور و ئەفسەرەکان بە وەرگرتنی بەرتیل لە کۆڵبەر و خاوەن بارەکان. پرسێکی تری گرنگ، کوالیتیی کاڵای ئێرانییه که متمانهی پێ ناکرێت و خوازیاری کاڵای بیانی زیاترە.

زیانەکانی کۆڵبەری

 پشتبەستن بە سنوور و هەژاری، نەبوونی داهاتی سەقامگیر، نەبوونی وەبەرهێنان، نەبوونی کارگە و پیشەسازی، بوونی بازاڕی دەڵاڵی، بەرزبوونەوەی نرخی خانوو و زەوی بەهۆی بازرگانیی سنووری، پشتبەستنی خەڵک بە بژێوی ناجێگیری سنووری و زیادبوونی تێچووی ژیان، هەمووی ئەمانە وا دەکات خەڵک ڕوو بکەنە کۆڵبەری.

کۆڵبەری و هەندێک لە دەرئەنجامەکانی

زیادبوونی برینداربوونی جەستەیی، بێهێزیی سێکسی، فرۆشتنی مادەی هۆشبەر بە ژنان، فرۆشتنی دەرمانی بەرزکردنەوەی سێکس، نەبوونی سەقامگیریی دارایی و ململانێی خێزانی، زیادبوونی توندوتیژی لەسەر ژنان، زیادبوونی توندوتیژیی خێزانی، بەکارهێنانی ماددە وزەبەخشەکان، دابەزینی تەمەنی مناڵانی کار، نەخوێندەواری و کۆچ کردن، بەشیکی بچووکی زیانەکانی کۆڵبەرین.

ئامانجی شاراوەی حکوومەت لە بوونی کۆڵبەری

حکومەت یاری بە وێنەی کۆلبەرەکان دەکات و هەوڵ دەدات وێنەی خوازراوی کۆڵبەرەکان بگوازێتەوە بۆ یادەوەریی بەکۆمەڵی خەڵک بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی کورد لە شاخەکاندا بگۆڕێت.سەرەتا  "لە چاوی خەڵکدا، کۆڵبەر هێمای نەهامەتی" بوو. بەڵام ئێستاکە ئاستی وشیاریی تاکی کورد بەو قەناعەتە گەیشتوون کە دەکرێ بوونی دیاردەی کۆڵبەری  وەک سیمبولی شکستی کورد هەژمار بکرێت. ئەمەش ڕێگە بە حکوومەت دەدات بەرەنگاری ڕۆحی بەرخۆدانی کوردان ببێتەوە. پاشان بیکاتە مۆدێلێک بۆ بەشەکانی دیکەی ئێران. سەرەڕای ئەمەش هەوڵەکانی حکوومەتی ئێران بۆ لەناوبردنی ڕۆحی بەرخۆدانی کورد شکستی هێناوە. کۆڵبەرەکان سنوورە دەسکردەکان دەبەزێنن، چونکوو "سنوور هێمای جیابوونەوەی کوردستانە. هەرچەندە هەندێک جار کۆڵبەرەکان وەک کۆیلەی حکوومەتی کۆلۆنیالیزم سەیر دەکرێن، بەڵام هەندێک لە کۆڵبەرەکان خۆیان وەک شەڕکەری بەرخۆدان دەبینن: ئەوان سەروەریی سنوورەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بەمەش بانگەشەی شەڕکردن لەگەڵ حکوومەت دەکەن و یادەوەریی خەباتی شاخ لە دڵی خەڵکدا زیندوو دەکەنەوە.

KURDŞOP
746 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!