دانیشتوانی زاگرۆس لە لوتکەی چارەڕەشیدان

کانی مەریوان

 

پێوەرەکانی چارەڕەشی (فلاکت) لە کۆی هەڵاوسانی ساڵانەی هەر ناوچەیەک و ڕێژەی بێکارییەکەی لە زەمەنێکی دیاریکراودا بە دەست دێت. پێوەری چارەڕەشی پێوەرێکە بۆ تێگەیشتن لەو نیگەرانییە ئابوورییانەی بەهۆی مەترسی بێکاری و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، مرۆڤەکان ڕۆژانە هەستی پێ دەکەن. بە واتایەکی تر پێوەری چارەڕەشی بە زیادبوونی ڕێژەی بێکاریی وەرزی بۆ سەر ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە حیساب دەکرێت. بەو پێیەی بێکاری و هەڵاوسان هەردوو بۆ خۆشگوزەرانیی ئابووری زیانبەخشن، یەکگرتنەوەی ئەو دوانە وەک نیشاندەری تەندروستیی ئابووریی گشتیی وڵاتان هەژمار ئەکرێت.

چارەڕەشی، هۆکاری ئەنجام دانی تاوان

لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی هێڵی هەژاری لە ئێران، سێبەری پێوەرەکانی چارەڕەشی بەسەر زۆرێک لە پارێزگاکانی ئێراندا باڵی کێشاوە و قورستر بووە. لە نێوان ئەو پارێزگایانەی زۆرترین چارەڕەشییان هەبووە، پارێزگا سنوورییەکان لە لوتکەدان. ئەو پارێزگایانەی لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ساڵی ٢٠١٨ و هەروەها خۆپیشاندانەکانی ساڵی پار، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و لە لایەنی حکومەتەوە زۆرترین سەرکوت کرابوون، بەرزترین ئاستی چارەڕەشیان هەبووە. بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری وای کردووە خەڵکی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوسنووری عێراق و باشووری کوردستانن ڕوو بکەنە کۆڵبەری و قاچاخچێتیی کەلوپەل کە ئەمە کارێکی پڕ مەترسیدارەو و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.

 هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، دۆخی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە ئێران لە پێنج ساڵی ڕابردوودا خراپتر بووە. ئامارە فەرمییەکانی حکومەت دەریدەخات کە پێوەرەکانی چارەڕەشی لە ١٩.٣٪ لە ساڵی ٢٠١٥  بۆ ٥٧.٧٪ بەرزبووەتەوە. بە بڕوای ئابووریناسان، زیادبوونی پێوەرەکانی چارەڕەشی دەتوانێت مەترسییەکانی زیانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تاوان، هەژاری، خۆکوژی، کەمبوونەوەی ڕێژەی گەشەی دانیشتوان و تەڵاق زیاد بکات؛ مەترسییەک کە لە یەک دەیەی ڕابردووەوە سێبەری بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا بەرفراوانتر بووە.

 "پێوەرەکانی چارەڕەشی"ی ئێران لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی (٢٠٢٢ی زایینی)  ٥٤.٨% مەزەندە کراوە. بەرزترین ڕێژەی ئەم پێوەرە لە پارێزگاکانی لوڕستان، کرماشان و سنە بووە کە ناوچەکانی زاگرۆس لە خۆ دەگرێت. ئاماری پارێزگاکان دەریدەخەن کە زۆرترین ڕێژەی چارەڕەشی لە پارێزگاکانی لوڕستان بە ڕێژەی (٦٧.٢%)، کرماشان بە ڕێژەی (٦٤.٤%) و سنە بە ڕێژەی (٦٣.٧%) مەزندە کراوە. لەو پارێزگایانە ڕێژەی بێکاری لانیکەم لەسەدا ٣بۆ٤ خاڵ زیاتر بووە لە ڕێژەی گشتیی ئێران و هەڵاوسانیش لە سەرووی ٥٠ لەسەد بووە.

بە گشتی لە ئێران ڕێژەی چارەڕەشی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی ١.٧ لەسەد زیادی کردووە کە ئەمە دەرخەری باری خراپی ئابووریی خەڵکە. لوڕستان لە یەکەم قوربانییانی گواستنەوەی ئاوە ژێر زەوییەکانە. جگە لە پرسی گەرمبوونی جیهان، گۆڕانی کەشوهەوا، وشکبوونەوە و کەمبوونەوەی سەرچاوەکان، پرسی گواستنەوەی ئاوی سەر زەوی یەک لە دیاردە وێرانکەرە باوەکانی ئەم ناوچەیەیە. لە لایەکی دیکەوە سەرەڕای کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە گرنگەکانی زاگرۆس، سیاسەتێکی دروست بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووریی زاگرۆس نشینەکان نەگیراوەتە بەر. ئێستا زاگرۆس بە هۆی سیاسەتی هەڵە و نەبوونی پلانی درێژماوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان،هەژارترین دانیشتوانی ئێران لە خۆ دەگرێت. لەسەدا ٤٨ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئێران دەکەوێتە ناوچەی زاگرۆس. بەڵام لە کەرتی پیشەسازیدا پارێزگاکانی زاگرۆس دۆخێکی باشیان نییە و تەنیا لەسەدا ١٦.٨ی پیشەسازییەکانی ئێران لەو پارێزگایانەدایە. سەرەڕای ئەو سەرچاوە و توانا زۆرانەی لە ناوچەکەدا هەن، دەرئەنجامی ئەم هەڵاواردنە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکارییە. دانیشتوانی زاگرۆس داهاتێکی باشیان نییە هەمووی ئەمانە دەریدەخەن کە سەروەت و سامان لە ئێران بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دابەش کراوە.

 پارێزگای لوڕستان لە بەهاری ئەمساڵدا بەرزترین ڕێژەی چارەڕەشیی ئابووریی تۆمار کردووە و گەیشتووەتە ٧٠ لەسەد. ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو دەریدەخەن کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، پارێزگای لوڕستان لە سەرووی پێوەرەکانی چارەڕەشییدا بووە، ئەمە لە کاتێکدایە نەتەنها ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە بەڵکوو لە بەهاری ئەمساڵیشدا، پارێزگای ڵوڕستان لە لووتکەی چارەڕەشیی پارێزگاکانی ئێراندا بووە. ڕێژەی هەڵاوسان لە پارێزگای لوڕستان ٥٧.١٪ و ڕیژەی بێکاری ١٢.٨٪ ـە کە بەرزترین ڕێژەی بێکارییە لە ئێران.

ڕێژەی ڕاستەقینەی بێکاری لە کرماشان ٢٠ لەسەدە  و ١٥٠ هەزار کەس لەو پارێزگایە بە دوای کاردا دەگەڕێن. لە کاتێکدا پارێزگای کرماشان وەک پارێزگایەکی سنووری لە ئابووریی ئێراندا دەبێت پێگەیەکی تایبەتی هەبێت، ڕووبەڕووی چەندین پرس و کێشە بووەتەوە لەوانە دەرچوونیسەرمایە کە ئەم هاتنەدەرەوەی سەرمایەیە، هەم لە ڕووی سەرمایەی دراوی و هەم لە ڕووی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و تاکەکانەوە، کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی ئابووریی پارێزگاکە هەیە.

بە پێی ئامارەکان ڕەوتی هەڵاوسان لە پارێزگای سنە لە حەوت ساڵی ڕابردوودا پێوەرەکانی نرخی (بەکارهێنەر) لە پاییزی ساڵی ٢٠١٥ دا  ١٠٠.٨ بووە، ئەم پێوەرەش لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتووەتە 603.2. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئاستی گشتیی نرخەکان لە ماوەی حەوت ساڵدا نزیکەی ٥٠٠% بەرزبووەتەوە. هەروەها بە پێی ئامارەکانی هەڵاوسان، لە وەرزی بەهاردا هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ 42.34%٤٢.٣٤٪ بووە و لە هاویندا گەیشتووەتە ٥٦.٩٣%، کە بەرزترین ئاستی هەڵاوسانە لە ساڵی ٢٠١٦ بەم لاوە.

 ئامارەکان دەریدەخەن ڕێژەی هەژاری لە کوردستان جارێکی دیکە زیادی کردووە و لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتووەتە ٦١%. هاوکات "پێوەرەکانی چارەڕەشی" پارێزگاکە لە ساڵی ٢٠٢١دا لەسەدا ٥٧.٨ بووە، کە ئەمەش لە ساڵی ٢٠٢٢ لەسەدا ٥ گەشەی کردووە.

هەرچەندە بەرپرسانی  باڵای حکومەت ئەمە ڕەد دەکەنەوە و یان خۆیان بە بەرپرسیار نازانن، بەڵام بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی هەڵاوسانی سنە لە ڕیزبەندی پێنج لە گرانترین پارێزگاکانی ئێراندایە. ئەو ئامارانە تەنها ژمارە نین بەڵکوو هەموویان ئاماژەن بۆ دۆخی نالەبار و ناڕێکی ئابووری و نەبوونی خۆشگوزەرانیی هاوڵاتیان و گرانبوونی ئەوپەڕی نرخەکان کە وای کردووە خەڵک نەتوانن کەمترین پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان دابین بکەن. هەندێک وتار و تیۆری ئاماژە بەوە دەکەن کە مانەوەی پارێزگا کوردنشینەکان بە هەژاری جۆرێکە لە سیاسەتی حکومەت و پلانی بۆ دانراوە. ئەم تێبینییە هەوڵدەدات ئەوە ڕوون بکاتەوە هەڵاواردنی پێکهاتەیی و دابەشکردنی نادادپەروەرانەی سامان و دەرفەتەکان، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی هەژاری و بەردەوامبوونی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هونەرمەندی پۆڵەندی پاول کۆزینسکی پێی وایە: "هەژاری بەڵایەکی هۆشیارییە". مرۆڤی برسی جگە لە تێر کردنی سکی ئامانجێکی دیکەی نییە. چونکە چارەڕەشی ڕێگە نادات مرۆڤ بە قووڵی لە دونیا بڕوانێت، کتێب بخوێنێەوە، هۆشیاربێت و بیر لە جیهانی دەوروبەری بکاتەوە. لە ئەنجامی ژیانێکی هەژاردا مرۆڤ هەنگاو نانێتە دەرەوەی جەهل و نەزانی، هەر لەبەر ئەمەشە برسیکردنی زۆرینەی میللەت گەرەنتیی مانەوەی چینە دەسەڵاتدارەکان دەکات. ئەو شتەی کە ناتوانرێت لەگەڵ هەژاریدا تێکەڵ بکرێت، هۆشیارییە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە لەگەڵ بەردەوامیی ڕەوتی چوونە سەرەوەی هەڵاوسان و بێکاری و بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی چارەڕەشی لە کوردستان، خەڵکێکی زۆر لە مەترسیی برسێتیدان.

KURDŞOP
590 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!