بەرهەمی هەنجیر لە باشووری کوردستان

- هانی موڕتەزا

 

هەنجیر یەکێکە لەو میوە شیرین و بەتامانەی کە لە وەرزی هاویندا پێدەگات و بەرهەمدێت. لە هەرێمی کوردستان بەرووبومی میوە و بەتایبەتیش هەنجیر لە کاتی پێگەیشتنی دەخرێتە بازاڕەکانەوە. بڕی بەرهەمی هەنجیری کوردستان نزیک بووەتەوە لە ئاستی خۆبژێوی، بەجۆرێک ئەو هەنجیرەی لە چەند ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان بەکاربراوە زیاتر لە 91%ی بەرهەمی خۆماڵی بووە.

بە پێی ئەو داتا گومرگیانەی لە هەرێمی کوردستان پشتیان پێ بەستراوە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا 40 هەزار و 334 تۆن هەنجیر لە کوردستان بەکارهێنراوە کە 36 هەزار و 521 تۆنی بەرهەمی خۆماڵیی کوردستان بووە.

بەم پێیەش بە بەراورد بە میوەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان، کەمترین ڕێژی هەنجیر بۆ ناو هەرێمی کوردستان هاوردە کراوە و پشت بە ساخکردنەوەی بەرووبومی ناوخۆ بەستراوە.

هەنجیر یەکێکە لەو میوە گرنگانەی بۆ تەندروستیی مرۆڤیش خاسیەتێکی گرنگی هەیە. سەرچاوەیەکی خۆراکیی پڕ لە جۆرەها ڤیتامینی بەسوود بۆ تەندروستیی مرۆڤە و یارمەتیدەرێکی باشی کۆنتڕۆڵکردنی کێشی جەستەیە و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەکات.

جۆرەکانی هەنجیر لە هەرێمی کوردستان

ئەم هەنجیرانە بەناوبانگترین جۆرەکانی هەنجیرن لە هەرێمی کوردستان: زەردە، ئاکرێی، ئەزمیری، کونجی دۆشاوی، میرانی، شینکە، شۆشی، ڕەیحانی، بەڕۆنە، تەوسکەی کێوی، یەحیا بەگی، شاکری، پایزە، بەگی، تەقتەق، بێناتی، بجیل، هەڵشۆ و مەرگە.

لە سەرجەم پارێزگا و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەنجیر نەک تەنها وەک میوەیەک دەخورێت و خواستی لەسەرە، بەڵکوو بە شێوازی دیکەش هەنجیر ئامادە دەکرێ و دەخورێت وەک: هەنجیری وشک کراو، مرەبای هەنجیر، زۆرجاریش لەگەڵ چەرەس هەنجیر بەکاردێت. لە وەرزی پێگەیشتنیدا ڕۆژانە زیاتر لە 3000 سندوق هەنجیر لە پارێزگای هەولێر دەفرۆشرێت.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ لە ساڵی 2019 زۆرترین بڕی بەرهەمی هەنجیر لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، کە 8 هەزار و 80 تۆن بووە. لە چوار ساڵی ڕابردووش ئەم پارێزگایە کەمترین هەنجیری هاوردە کردووە.

لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە سلێمانی و کەرکووک لە وەرزی هاویندا، هەنجیری خاڵۆبازیانی زۆرترین خواستی لەسەرە ئەوەش بە هۆی شیرینی و زەردیی ڕەنگەکەیەوە.

هەنجیری ئەم گوندە بۆ سەرجەم شارەکانی هەرێم و عێراق هەناردە دەکرێت. ئەوەی هەنجیری خاڵۆبازیانی لە هەنجیری ئاسایی جیادەکاتەوە گەورەییی قەبارەی هەنجیرەکەیە. هەروەها شیرینی و زەردییەکی تۆخی هەنجیرکەیە، بە پیت بوونی خاکی گوندەکەش هۆکارە بۆ باشیی بەرهەمی هەنجیری خاڵۆبازیانی. ساڵانە زۆرترین ڕێژەی فرۆشتنی هەنجیر لەم گوندە تۆمار دەکرێت.

ساڵی ڕابردوو لە ناحیەی تەقتەقیش بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە جووتیار و خاوەن باخەکان، فیستیڤاڵی هەنجیر بەڕێوەچوو.

مەبەست لەم فیستیڤاڵە ئاشنا کردنی هەنجیری ناحیەی تەق تەقە بە ناوچەکانی تری کوردستان. بەرهەمی هەنجیر لەم ناوچەیەدا لە ڕووی جۆر و بڕیشەوە کوالیتییەکی بەرزی هەیە و لە زۆربەی بازارەکانی دەورووبەریدا خواستێکی زۆری لەسەرە. ئەمساڵیش فیستیڤاڵی هەنجیر لە ناحیەی تەقتەقی سەر بە پارێزگای هەولێر ڕێک خرا.

هەنجیری ئاکرێ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ناوبانگێکی زۆری هەیە. بەپێی داتاکان، لەو قەزایەدا زیاتر لە 6 هەزار داری هەنجیر هەیە و بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە نزیکەی 800 تۆن. بەهۆی زیادبوونی ڕووبەری باخەکانیش بەردەوام بەرهەمی ئەم قەزایە لە زیادبووندایە و بۆ زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی هەريمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت و تەنانەت کەسانی بیانییش هەنجیری ئاکرێ لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە. لە دەڤەری ئاکرێ زیاتر لە پێنج جۆر ھەنجیری ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا باخەوانانی ئاکرێ ساڵانە دەیان تۆن ھەنجیر وشک دەکەنەوە بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان لە شەوچەرەی وەرزی زستاناندا سفرەکانیانی پێ بڕازێننەوە.

هەنجیری دەڤەری پشدەر، لە تەواوی شارەکانی کوردستان خواستی لەسەرە و جیاوازە لە هەنجیری ناوچەکانی دیکەی کوردستان. بەگوێرەی ئامارەکانیش، ساڵانە زیاتر لە 500 تۆن هەنجیر لەم ناوچەیەدا و بەتایبەتیش لە گوندی هەڵشۆ بەرهەم دەهێنرێت. هەنجیری سنووری پشدەر لە کۆتاییەکانی مانگی حەوتەوە وردە وردە پێ دەگات، تاوەکوو سەرەتای مانگی 9 دەمێنێت.

KURDŞOP
741 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!