مێوەکان لە باکووری بەرفەرات

فەرات دەمیرئۆغلوو

ناوچەی باکووری بەرفەرات بە باخەکانی ترێ بەناوبانگە. ناوچەکانی وەک مێردین و بۆتان لە ڕووی باخەکانی ترێیەوە لە ناوچەی بەرفەرات کەمتر نین، بەڵام خاک و کەشوهەوایان تایبەتمەندیی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوراتی هەیە. لەم ناوچەیەدا مێوێکی بە تام و ڕەنگ هەیە کە لە هەموو جیهاندا بڵاو بووەتەوە. وەک مێوی "بۆگازکەرە" و "ئۆکوزگۆزو"، کە شەرابی زۆر بەتامیان لێ بەرهەم دەهێنرێت.

مێوی "بۆگازکەرە" زیاتر لە "چێرمووگ، چونگوش، ئەرخەنی، پیران و مادەن" دەچێنرێت و گەشە دەکات. هەرچەندە "ئۆکوزگۆزو" لە شاری ئەلەزیز و باکوورەکەی، باشتر گەشە دەکات. بە ئەم دوو مێوانە، شەرابێکی  زۆر بەتام دروست دەکرێت. مێوی "بۆگازکەرە" بۆ خۆی تامێکی ترش و تاڵی هەیە، کاتێک لەسەدا ٣٠ی "ئۆکوزگۆزو"ی تێ دەکرێت، ترشی و تاڵییەکەی خۆشتر دەبێت.

جگە لەم ترێیانە، ترێی شیرینی (مەزرۆمە) ناوچەی چێرمووگ و ئەرخەنیش زۆر بەناوبانگن و لە وەرزی پاییزدا هەمووان بەدوای ترێی مەزرۆمەدا دەگەڕێن. هەتا ساڵانی نەوەدەکان لە مانگی ئەیلوولدا لە هەموو گەڕەکێکی دیاربەکر دەفرۆشرا، بەڵام لە دوای ٢٠٠٠ەکان کەمی کرد. هۆکارەکانی کەمیی ترێ زۆرە. یەکێک لەوانە نەخۆشیی "فیلۆکسەرا"یە، دەتوانین وەک ئافات ناوی بهێنین کە لە ناوچەکەدا بڵاو بووەتەوە. ئەم مێرووە دەچێتە نێو ڕەگ و ڕێڕەوی مێوەکەوە و هێلکەکانی لەوێ دادەنێت و بۆ سەر لقەکانی سەردەکەوێت، ئەمەش وا دەکات مێوەکە نەتوانێت ئاو و هێز بۆ گوڵ و لقەکان دابین بکات. مێوەکە لاواز دەبێت یان وشک دەبێت.

خەڵکی ناوچەکە سەرەتا تێنەگەیشتن کە بۆچی ڕەز و ترێیان کەم بووەتەوە یان بۆچی وشک دەبن. هەمووان دەیانگوت شێرپەنجەی دارەکان لە مێوەکانیشی داوە و خەریکە مێوەکان وشک دەکات. هەندێک ئەندازیاری کشتوکاڵ دەیانزانی کە نەخۆشیی شێرپەنجە نییە، بەڵام خەڵکی گوندەکە باوەڕیان پێ نەدەکردن. کاتێک دەستم کرد بە چاندنی مێو، بۆ خەڵکی گوندەکەم ڕوون کردەوە و گوتم، فیلۆکسەرا بە قڕکەری کیمیایی نامرێت و تەنیا دەبێ مێوی ئەمریکی بچێنرێت، چونکە ئەم مێرووانە ناچنە نێو ڕەگەکانیانەوە. بۆ ئەوەی قەناعەت بە خەڵکی گوندەکە بکەم کە ڕەزەکان بەهۆی فیلۆکسەراوە لاواز و وشک دەبن، ڤیدیۆ و وێنەی فیلۆکسەرام گرت و دوای دە ساڵ باوەڕیان پێ کردم. لە دوای ساڵی ٢٠١٠ ترێی مەزرۆنە ئیتر دەست نەدەکەوت و ئەمساڵیش زۆر کەم بوو.

هۆکارێکی تری نەبوونی ترێ ئەوەیە کە دوای شەڕی باکوور، خەڵکی گوندەکان لە گوند و ناوچەکانی خۆیانەوە کۆچیان کرد و ئەوانەی لە ناوچەکانی خۆیان مانەوە، بە زۆر یان بە دڵخوازی خۆیان، بوون بە پارێزەری گوندەکان (سەر بە دەوڵەتن). دەوڵەت چەک و مووچەی پێ داون و ئەوانیش بەم شێوەیە بژێویی ژیانیان دابین دەکەن. ئەو کەسانەی کە گوندەکانیان بەجێ هێشت، ساڵانێک بەهۆی زوڵم و ستەم و دڕندەیی دەسەڵاتدارانەوە نەیانتوانی بچنە سەر ڕەز و باخی ترێی خۆیانەوە. ئەوانەی لە گوندەکەدا مابوونەوە، وەک جاران گرینگییان بە دار و باخەکان نەدا، چونکە بژێویی ژیانیان دابین دەکرا. ئەو کولتوور و زانینی کشتوکاڵە کە لە باب و باپیرانەوە بۆمان مابووەوە، وردەوردە نەما و نەگەیشتە نەوەی نوێ.

لەبەر ئەوەی ترێی "بۆگازکەرە"، "ئۆکوزگۆزو" و "مەزرۆنە" دەفرۆشرێن و لەبەر ئەوەی مەزرۆنەش بۆ "باستێق، دمس، هەلاو و مەشلوورێ" دەگۆڕدرێن، زیاتر دەچێنرێن، بەڵام جگە لەوانە ترێش بۆ خواردن هەیە. بەڵام ئەم جۆرە مێوانە زیاتر و زیاتر نامێنن و لەبیر دەکرێن. ترێی "تەهلک" زۆر باشە بۆ مێشک. "تاهنەبی، ئاڤدێری، موروڤەت، گەنج محەمەد، ڕەشک، سۆر، بانکی و قزلبانکی" بۆ خواردنن. یەکەم تەهنەبی لە مانگی تەمموزدا دەگات و دواتر "بانکی، قزلبانکی، موروڤەت، گەنج محەمەد و ڕەشک" پێدەگەن و گوندییەکان لە هاوین و پاییزدا بێ ترێ نامێننەوە.

KURDŞOP
642 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!