بەرهەمهێنانی برنج لە باشووری کوردستان

هانی موڕتەزا

 

بەروبوومی برنج یەکێکە لەو دانەوێڵانەی کە خواستێکی زۆری لەسەرە ،نەک تەنها لە کوردستان بەڵکو لە هەموو کشوەری ئاسیادا،کە بە خۆراکێکی بنەرەتی دادەنرێ.لە کوردستانیشدا خواردنی برنج وەک ژەمە سەرەکی و بەتامەکان خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەمەش وای کردووە ماوەی چەند ساڵێکە خواست لەسەر برنجی خۆماڵی زیاد بکات،بەم هۆیەشەوە جووتیاران جارێکی دیکە ڕوویان لە چاندنی برنج کردووەتەوە،ماوەی دوو ساڵە ڕووبەرێکی فراوانی زەوی لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە هەریر و دهۆک و ئاکرێ و بازیان و ڕانیە بە برنج دەچێنرێ.

١- گوندی هورمزیان لە لە سنوری ناحیەی بازیان ڕووبەرێکی فراوانی برنجی لێ دەچێنرێ و مەبەست زیاتر لە چاندنی برنج لەم ناوچەیەدا بۆ دەستکەوتنی  چەڵتوکە کە لە ڕووی جۆرەوە کوالتییەکی بەرزی هەیە.

٢- دەشتی هەریر یەکێک لەو دەشتانەی باشووری کوردستان کە هەم لە ڕووی خاک هەم ئاوی سازگار بەناوبانگە،ساڵانە بەرهەمێکی زۆری برنجی تێدا بەرهەمدەهێنرێت، لە دەشتی هەریر و باتاس کە دەکەوێتە سنوری پارێزگای هەولێر، ساڵانە نزیکەی 450 دۆنمی خاکی ناوچەکە بە برنجی خۆماڵی و کوردی دادەچێنرێت و نزیکەی  600  تۆن برنج،کە یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی برنج بەرهەم دەهێنێت.

چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ ڕێژەیەکی زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو بچێنرێت.

ڕێژەی بەرهەمی برنج بەراورد بە دانەوێڵەکانی تر زۆر زیاترە، بۆ هەر تەنەکەیەک چەڵتوکی چێنراو 50 تەنەکە لەسەر خەرمان دەداتەوە بە جووتیاران و ،هەر تەنەکەیەک چەڵتوکیش 50-70 هەزار دینارە.

٣- لە پارێزگای دهۆک رووبەرێکی فراوان بە برنج دادەچێنرێت،بەتایبەتیش لە سنووری قەزاکانی ئاکرێ،بەردەڕەش،شێخان،ئامێدی دەچێنرێ. لە ڕووی چاندن و بڕی بەرهەمیشەوە قەزای ئاکرێ لە پلەی یەکەم دایە لە ڕووی جۆر و بڕیشەوە.

بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی دهۆک،بە داتا باسی زیادبوونی ڕووبەری چێنراو و بڕی بەرهەمی برنج لە سنوری پارێزگای دهۆک دەکات و دەڵێت : لە ساڵی 2017  جوتیارانی دهۆک ڕووبەری 9,764 دۆنم برنجیان چاندوە و 7,811 تۆن بەرهەمیان هەبووە. ساڵی 2018 ڕووبەری چێنراو 11,726 دۆنم برنجیان چاندووە و 9,382 تۆن بەرهەمیان هەبووە. لە پلانیشدایە ئەم ڕووبەرە زیاتر و زیاتر بکرێت، برنجی ئاکرێ لەم سنورەدا باشترین جۆری برنجە بەهۆی گونجاوی ناوچەکە و سەرچاوەی ئاوی و لێزانی دانیشتوانی ناوچەکە و تەنانەت جۆری برنجەکەش کە خواستێکی ناوخۆی زۆری لەسەرە.

٤- لە سنووری ڕانیەش،ئەمساڵ جوتیاران ٥٠ دۆنم زەوییان کردبووە مەرەزە،لە شارۆچکەی ڕانیە چەند جۆرێک برنج بەرهەم دەهێنرێت لەوانە : قووڵە سوور ، بازیان ،سەدرییە ، حەمبەرە.

لە ڕووی باشی برنجەکان قووڵە سورە و سەدرییە لە بازاڕەکاندا ڕەواج و خواستی زۆری لەسەرە.

لە مانگی پێنجەوە لە زۆربەی گوندەکانی دۆڵی شاورێ دەست دەکرێت بە چاندنی برنج و کارەکە بە هەرەوەزیی دەکرێت، تا ناوەڕاستی مانگی 10،پێویستە خزمەتی باش بکرێت نابێ هیچکات ئاو لە برنجەکە ببڕێت، سلێمان عومەر، جوتیارێکی گوندی نۆرێی دۆڵی شاورێیە و دەڵێت: ساڵانی ڕابردوو بە جووت و گا جووتمان دەکرد و زۆر جوتیاران پێوەی هیلاک دەبوون، بەڵام ئێستا بە تراکتۆر زۆربەی کارەکان دەکرێت.

ڕۆڵی ژنان  وەک کارەکانی دیکە دیارە و، لەو بارەیەوە پیاوان دوورێنەی چەڵتوک دەکەن و ئەوانیش خواردن ئامادە دەکەین دواتر کاتی سەر جۆخین خانمانیش هاوکار دەبین لە جیاکردنەوەی برنج.

سەبارەت بە بەرهەمی برنج لەساڵی 2020 لە سنووری ڕانیە،  ساڵانە لە سنووری شارۆچکەی ڕانیە زیاتر لە ٥٠ دۆنم چەڵتوک دەچێنرێت، ئەمساڵیش ئەو بڕەچێنراو بەراورد بەساڵی ڕابردوو بەرهەم زیاتر بوو.

٥- گەرمیان یەکێکی ترە لە ناوچانەی باشووری  کوردستان کە لە ئێستادا باشترین جۆری برنج  بەرهەمدەهێنێت و، وە بەرهەمی ئەم ناوچەیە دەنێردرێتە ناوچەکانی کوردستان و تەنانەت بۆ بەشێک لە ناوچەکانی عێراقیش، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی بگاتە 1400 تۆن برنج و، سێ جۆر برنج لەم ناچەیەدا دەچێنرێت ، نزیکەی 1600 دۆنم زەوی بە برنج چێنراوە.

بە پێی توێژینەوەکان کەشوهەوا و خاکی کوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی برنج و،ئەگەر ڕووبەری زیاتر و فراوانتر دابچێنرێت بەم بەرهەمە هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاوردە کردنی بەرهەمی برنجی وڵاتان نابێت، وە ساڵ لە دوای ساڵ بەرهەمهێنانیشی لە زیادبووندایە بە خۆشحاڵیەوە،وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی ڕاگەیاندووە 38,5 کیلۆ برنج بۆ پێویستی ساڵانەی تاکێک دیاری کراوە.

 

نوسەر : هانی مورتەزا

KURDŞOP
918 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!