کۆڵبەری: پیشە یا خود چەوساندنەوەی نەتەوەیەک - بەشی1

کانی مەریوان

 

دیاردەی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە پرسێکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و تەنانەت سیاسییش. لە کاتێکدا هەندێک کەس بە چاوی بەزەییەوە، کۆڵبەر بە کەسانی بێدەسەڵات و "بێکار" دەزانن کە ژیان و تەندروستیی خۆیان بۆ پاروویەک نان دەخەنە مەترسییەوە، هەندێک کەس هۆکاری دروستبوونی ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ هەڵوێستی حکومەت لە ناوچە سنوورییەکان کە لە پێکهاتەکانی ئابووریی سیاسییەوە سەرهەڵدەدات.

 ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە، دیاردەی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان، نە تەنیا ڕەزامەندیی حکوومەتی لەگەڵدایە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ بەلاڕێدا بردنی بیر و هزری گەلی کورد. لە ڕاستیدا کۆڵبەری، بۆ حکوومەت و ئەو بەشە بەرژەوەندیخوازەی کورد کە دەستیان لەگەڵ حکوومەت تێکەڵە و هەریەکەیان لەم دیاردەیە بەدوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن، یارییەکە کە هەر خۆیان تێیدا براوە دەبن.

 تۆرشتاین ڤیبلن، ئابووریناسێکی ئەمریکی، پێی وایە لە سیستەمی "سەرمایەداری"دا سامان خزمەت بە "شان و کەرامەت"ی مرۆڤەکان دەکات و چینی باڵادەست بەم شێوەیە "دەستڕۆیشتووییی کۆمەڵایەتی" بەدەست دەهێنن. مانای سادەی قسەکانی ڤێبلێن ئەوەیە کە سامان، شێوازی ژیانی مرۆڤەکان دەگۆڕێت و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتییان پێکدێنێت. بە پێی هەندێک سەرچاوە، ئابووری سنووری تا ڕادەیەک کاریگەری لەسەر بناغەی خێزانەکان داناوە کە دەکرێ بڵێین خێزان ملکەچی ئەو گۆڕانکارییانە بوون. سنوور و گەشەسەندنی سنوورەکان بوونەتە هۆی دابەشبوون و نایەکسانی و جەمسەرگیریی کۆمەڵگەی شار. فەزای ئابووریی سنووری زاڵ وای کردووە، کۆڵبەری، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی زیانەکانی دیکە بێت.

 بە هۆی ستراتێژیی حکوومەت لە ناوچە سنووریەکان؛ شێوەی ژیان، بەهای پەروەردە و هاوسەرگیری لە ناوچە سنووریەکاندا لاوازن و بۆشایی دەکەوێتە نێوان ناوچە سنوورییەکان و شارەکانی ناوەڕاستی ئێران. بۆیە بوونی بازاڕە سنوورییەکان لەم ناوچانەدا وای کردووە خەڵک ڕوو بکەنە ئەو کارانەی کە کاتین و داهاتی هەمیشەییان نییە، وەک: کۆڵبەری کە ڕێژەیەکی زۆری خەڵکی ئەم ناوچانە پێیەوە سەرقاڵن؛ ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی تەرکیز لە پۆتانسێل و توانا ناوخۆییەکان دوور بخرێتەوە و دانیشتووان چاویان لە داهاتی بازاڕەکان و سنوورەکان بێت و خێزانەکان وابەستەی ئابووریی سنوورەکان بن.

 

مێژووی کۆڵبەری

سەرەتای کۆڵبەری دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩. دوای شۆڕش هەموو جۆرەکانی مەشرووب لە ئێران قەدەغە کران و لە ئەنجامدا ئەم بەرهەمانە لە ناوخۆی ئێراندا کڕیاری زۆریان هەبوو. قاچاغی مەشرووب لەو سەردەمەدا بە کارێکی پڕ قازانج دادەنرا. "کۆڵبەری کارێکی پلەبەندییە و ئاستی جیاوازی هەیە، کە بریتین لە: کۆڵبەر، خاوەن بار، ئێسکۆرت و شۆفێر". هەموو ئەم کارانە مەترسیدارن و وەک ئەوە وایە یاری بە مردن بکەیت. لە ڕاستیدا کۆڵبەری ڕێگەیەک نییە بۆ دەوڵەمەندبوون، بەڵکوو هەوڵدانە بۆ مانەوە.

ڕەگ و ڕیشەی کۆڵبەری ئەگەڕێتەوە بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە دەرەوەی یاسا و ڕێسای گومرگی لە سنوورەکانەوە. ئەو کاڵایانە کە بەهۆی باجی زۆر لە سنوورە فەرمییەکانەوە هاوردە ناکرێن، هێزی مرۆیی یان کۆڵبەر بۆ گواستنەوەیان بەکاردەهێنرێت. هاوردەکارانی ئەو کاڵایانە کەسانی "خۆجێیی"ن کە ئاشنان بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی-ئابووریی ئەودیوی سنوورەکان، ئەم دیاردەیە وردە وردە بووەتە هۆی دروستبوونی چینێکی سەرمایەداری نوێ، ئەمەش ڕۆژ بە ڕۆژ سەرمایە و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتییان زیاد دەکات. چینێک کە بۆ پاراستنی سەرمایە و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی خۆیان، ناچارن خۆیان بە حکوومەت و سیاسەتی دەسەڵاتدارەکانەوە ببەستنەوە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە ساڵی ٢٠١٩، ژمارەی کەسانی کۆڵبەر لە پارێزگا سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات نزیکەی ٨٠ هەزار کەس بووە. مەودای تەمەنی کۆڵبەرەکان لە نێوان ١٣ بۆ ٦٠ ساڵدایە و زۆرترین ژمارەی ئەو کەسانەی سەرقاڵی کاری کۆڵبەرین، سەر بە شارەکانی کرماشان، پاوە، گیەڵان، نەوسوو و قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان، مەریوان و بانە و سەوڵاوا لە پارێزگای سنە و سەردەشت، شنۆ، پیرانشار و بۆکان لە پارێزگای ورمێن.

زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی لە ڕیگەی کۆڵبەرییەوە دەگوازرێنەوە بریتین لە تەلەفزیۆن، کولێر(سپلیت)، جگەرە، بەفرگر(سەلاجە)، خواردنەوە کحولیەکان، جل و بەرگ و قوماش. کۆڵبەرەکان " جگە لەوەی دەکەونە ژێر ڕنووی بەفر یان لە سەر گاشەبەرد و ڕەوەز و شاخەکاندا دەکەونە خوارەوە، ژمارەیەکی زۆریشیان لە ڕێگای گواستنەوەی کەلوپەل لە سنوور، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە تەقەیان لێ دەکرێت و دەکوژرێن.

 کۆڵبەرەکان بەسەر دوو بەشدا دابەش کراون، ئەو پۆلەی کارتی کۆڵبەرییان هەیە و ئەو پۆلەی کارتێکی لەو شێوەیان نییە و بە شێوەیەکی نایاسایی لە سنوورەکاندا کۆڵبەری دەکەن. بەڵام خاڵێکی زۆر گرنگ کە پێویستە لەم ڕووەوە ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا کۆڵبەری و قاچاخی کاڵا دوو چەمکی جیاوازن. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بارەگای بەرەنگاربوونەوەی کاڵا و قاچاخی دراو و ناوەندی لێکۆڵینەوەی پاڕلەمانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، نزیکەی ٥ بۆ ٧ ملیار دۆلار کاڵا لە ڕێگەی قاچاخەوە دێتە ناو ئێران و ئەوەی لە ڕێگای کۆڵبەرییەوە دێتە ناو ئێران بەراوەرد بەو قاچاغە فەرمییە ئەوەندە کەمە هەر نایەتە ئەژمار.

 

بۆچی پیشەی کۆڵبەری؟

پرسیار ئەوەیە بۆچی خەڵکی ئەم هەرێمە ناچارە ڕوو لەو جۆرە کارانە بکات، ئەگەر بتوانرێت ناوی بنێین کار، بۆ ئەوەی داهاتێکی کەم پەیدا بکەن. بۆچی هەرزەکارێکی چواردە ساڵان دەبێت لەبری ئەوەی لە قوتابخانە بخوێنێت کار بکات؟ لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٨، هەواڵی دیارنەمانی دوو برای کۆڵبەر بە ناوەکانی ئازاد خوسرەوی تەمەن ١٧ ساڵ و فەرهاد خوسرەوی تەمەن ١٤ ساڵ ، خەڵکی گوندی نێی سەر بە شاری مەریوان بڵاو بوویەوە. تەرمی ئازاد لە ٢٦ی کانوونی دووەمدا دۆزرایەوە کە بە هۆی سەرماوە گیانی لەدەست دابوو. سێ ڕۆژ دواتر بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە، تەرمی فەرهاد خوسرەوییش کە بە هۆی بەستەڵەکەوە گیانی لەدەست دابوو، لە نزیک ڕێگای سەرەکی دۆزرایەوە. کۆچی دوایی فەرهاد تەنیا یەکێکە لە کارەساتەکانی ژیانی ڕۆژانەی کۆڵبەران کە بەهۆی تەمەنی گەنجی و مردنە بە ئازارەکەیەوە بوو بە مانشێتی ڕۆژنامەکان. لەوانەیە بگوترێ کە قاچاخچێتی و بەزاندنی سنوور، قاچاخچێتیی نایاساییە و سزادانی قاچاخچییەکان پێویستییەکە. بەڵام لە هەمان کاتدا مرۆڤ دەبێت ئەو پرسیارە لەبەرچاو بگرێت کە بۆچی مرۆڤەکان دەبێت کارێکی لەو شێوەیە بکەن؟ بۆچی هەندێک کەس دەبێت جەستەیان وەک ئامرازێک بەکاربهێنن بۆ بەدەستهێنانی کەمترین داهات؟ ئایا دەکرێ ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران لەم فۆرمە نوێیەی کۆیلایەتی بە بەرپرسیار بزانرێت؟

 ئەگەر بیرمەندانی ئەوروپی وەک مرۆڤی ڕەتکراو لە کۆمەڵگا باس لە کۆچبەران بکەن، لە ڕۆژهەڵات زۆر کەس وەک مرۆڤی ڕەتکراو لە کۆمەڵگا دادەنرێت. لە ڕوانگەی حکوومەتەوە کورد هەمیشە وەک دوژمن، یاخی، جوداییخواز یان تیرۆریست هەژمار کراوە و هەر بۆیەش لە کۆمەڵگا دوورخراوەتەوە. لە ڕاستیدا دۆخێکی ئاوارتە هەمیشە بۆ گەلێکە کە لە دەرەوە بوونی نییە، گەلێک کە بوونیان هەیە بەڵام وەک مرۆڤ نوێنەرایەتییان نەکراوە. بە درێژاییی مێژوو، سنوور بۆ کورد هێمای نایەکسانی بووە؛ چونکە کورد بە سەر چوار وڵاتی دیکتاتۆردا دابەش کراوە. کورد لە سووریا، تورکیا، عێراق و ئێران، وەک دوژمنی ناوخۆ و جوداییخواز و تیرۆریست دادەنرێت و زۆر جیاکارییانە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.

 کوردستان خاوەنی جوگرافیایەکی زۆر تایبەتە. تاکە بژاردەیەک کە وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ خەڵک دەمێنێتەوە، شاخە. بە پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە، زۆربەی شارە سنوورییەکانی کوردستان، گەشەسەندنی ئابوورییان کەمترە. بەراوردکردنی پێوەرەکانی گەشەسەندنی ئابووریی شارە سنوورییەکان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران ئاماژەیە بۆ بوونی نایەکسانی لە بابەتی وەبەرهێنان و گرنگیدانی حکومەت بەو ناوچانە. بۆ نموونە پارێزگا سنوورییەکان، لە پێوەرە جۆراوجۆرەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا، لە ڕیزبەندی کۆتایی پارێزگاکانی ئێراندان. وەک نیشاندەرێکی سەرەکی دەتوانین ئاماژە بە داهاتی سەرتاسەری بکەین. تەنانەت ئەو کەسانەی  بڕوانامەی ماستەرو دکتۆراشیان هەیە، بەهۆی بێکارییەوە ناچارن کۆڵبەری بکەن.

 

درێژەی هەیە ....

KURDŞOP
756 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!