ورمێ ناوەندی بەرهەمهێنانی تۆوی گوڵەبەڕۆژە و کوولەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

کانی مەریوان

ورمێ بە ڕووبەری چاندنی ٤٨ هەزار هێکتار، یەکێکە لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی گوڵەبەڕۆژە  لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. شاری خۆی، وەک یەکەم ناوەندی بەرهەمهێنانی گوڵەبەڕۆژە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە شاری گوڵەبەڕۆژە ناسراوە. زیاتر لە 85٪ی ڕووبەری چاندنی گوڵەبەڕۆژە و ناوکە کوولەکە  لە شارەکانی خۆی، چایپارە، نەغەدە، سەڵماس، شووت و ورمێ هەڵکەوتووە.

 هەبوونی زەویی بە پیت، خواستی زۆری بازاڕ، چاندنی ئاسان و ئەگەری چاندنی دووبارە لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی گەشەی چاندنی تۆوی گوڵەبەڕۆژە  لە خۆیە و لە لایەکی دیکەشەوە گەورەترین کێڵگەی وشکی تۆوی گوڵەبەڕۆژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای ئاسیا و تاکە بازاڕی بۆرسەی گوڵەبەڕؤژە لە ئێراندا لە شاری خۆی هەڵکەوتووە. ئەو جۆرانەی گوڵەبەڕۆژە کە لەم ناوچەیەدا بەرهەم دەهێنرێت بریتین لە گوڵەبەڕۆژەی ڕۆن و چەرەزات(روغنی و آجیلی)، کە بریتین لە جۆرەکانی فستقی، کەلامی، بادەمی، سپی دەوری، و جۆرەکانی گوڵەبەڕۆژەی ڕۆن لەوانەش لاکۆمکا، هایسۆن، و جۆرەکانی هیبریدی.

 کوالێتیی بەرز و بەتام بوونی گوڵەبەڕۆژە یەکێکە لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی ئەم بەرهەمەی خۆی. جگە لە بەکارهێنانی خۆراکی، تۆوی گوڵەبەڕۆژە سوودی پزیشکیی هەیە لە چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشیدا و بەو هۆیەوە کڕیاری زۆری هەیە لە ڕۆژهەڵات و وڵاتانی دراوسێدا.  هەڵگرتنەوەی تۆوی گوڵەبەڕۆژە لە خۆی بە میکانیزەیی و لە سەرەتای مانگی خەرمانان  دەست پێ دەکات و تا کۆتایی مانگی خەزەڵوەر بەردەوام دەبێت. گوڵەبەڕۆژە وەک ئاڵتوونی ڕەشی خۆی دەناسرێت.

 تۆوی گوڵەبەڕۆژە یەکێکە لەو خواردنە دەگمەنانەی لەلای خەڵکی جیهان زۆر ناسراوە و هەوادارێکی زۆری هەیە. تەنانەت هەندێک باڵندەی وەک تووتی زۆر حەزیان لە خواردنی تۆو هەیە. لێکۆڵینەوەیەکی پراکتیکیی بەرفراوان دەیسەلمێنێت کە ڕووەکی گوڵەبەڕۆژە شوێن خۆر دەکەوێت و تیشکەکانی لە ناوەوە بەکاردەهێنێت. بەرهەمهێنانی تۆوی گوڵەبەڕۆژە کە لە ڕاستیدا باشترین سەرچاوەی ماددە خۆراکییە پێویستەکان و فیتۆکیمیاییە بەنرخەکانە، ناوازەترین پێکهاتەی دژە خەمۆکی لەخۆدەگرێت و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە تەندروستی و باشیی دەمارەکاندا.

 ئەو کەسانەی بەرهەمەکانی تۆوی گوڵەبەڕۆژە بەکاردەهێنن، کەمتر تووشی لەبیرچوونەوە دەبن. خواردنی تۆوی گوڵەبەڕۆژە کاریگەرە بۆ نەهێشتنی کێشەکانی بۆرییەکانی هەناسە و قوڕگ و سییەکان و نەرمکردنی دەنگ. تۆوی گوڵەبەڕۆژە سەرچاوەیەکی باشی مەنزیۆمە. زۆرێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە مەنزیۆم یارمەتیی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن و سەرئێشەی شەقیقە و هەروەها جەڵتەی دڵ دەدات. هەروەها مەنزیۆم پێویستە بۆ تەندروستیی ئێسک و بەدەستهێنانی وزە، نزیکەی دوو لەسەر سێی مەنزیۆمی ناو لەش لە ئێسکدایە. زەیتی گوڵەبەڕۆژە لەکاتێکدا کالۆریی کەمی هەیە و کۆلیسترۆڵی خوێن کەم دەکاتەوە، یارمەتیی ڕزگارکردنی کۆرپەی پێشوەختە دەدات کە لەدایک دەبن  و چانسی مانەوەیان زیاد دەکات. تۆوی گوڵەبەڕۆژە یەکێکە لەو ناوکە چەورییانەی کە بە تازەیی و بەشێوەی وشک و برژاو دەخورێت و زەیتی گوڵەبەڕۆژەش 66٪ی چەوری لەخۆدەگرێت.

دەستنیشانکردنی دەرفەت و تواناکانی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا، جگە لە یارمەتیدانی دروستکردنی هەلی کار و بەرهەمی بەردەوام لە گوندەکاندا، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە زیادکردنی پەراوێزخستن و ڕێگریکردن  لە کۆچکردنی گوندنشینان و کەم کردنەوەی  کێشە کۆمەڵایەتییەکان کە بەهۆیەوە دروست دەبێت. زیاتر لە 20 هەزار کەس لەم ڕێگایەدا بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.

 قەبارەی مامەڵەی بازاڕی تۆوی گوڵەبەڕۆژە لە شاری خۆی ساڵانە نزیکەی 8 هەزارملیارد تمەن (160 ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت، سەقفی بازرگانی و ئاڵووگۆڕکردنی گوڵەبەڕۆژە و تۆوی کوولەکە لە شاری خۆی ساڵانە دەگاتە ٤٥٠٠ ملیار تمەن (90 ملیۆن دۆلار) کە ئەمەش بڕێکی زۆر بازرگانی لە پارێزگاکەدا پێکدەهێنێت. بە شێوەی مامناوەند 12 هەزار و 900 تۆن تۆوی گوڵەبەڕۆژە و 4 هەزار و 300 تۆن تۆو کوولەکە، لە ناو خودی پارێزگای ورمێدا سەرف دەکرێت  و زیادەکەشی هەناردەی زۆرێک لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران و هەندێک وڵاتی دراوسێ و وڵاتانی کەنداو دەکرێت. هەڵکەوتنی پارێزگای ورمێ و شاری خۆی لەسەر سنووری ئێران و تورکیا یەکێکە لەو ئیمتیازە زۆر گرنگانەی کە دەتوانێت ڕۆڵی لە فرۆشتنی  بەرهەمی براندی ناوخۆییدا هەبێت.

  هاوردەکردنی تۆوی دەرەکی و نەبوونی مۆڵەتی هەناردەکردنی ئەم بەرهەمە کێشەی سەرەکیی بازاڕی شاری خۆیە. چونکە بەرهەمهێنانی تۆوی گوڵەبەڕۆژەی ئەو شارە، جگە لە دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان، هاوکات دەتوانرێت هەناردەی وڵاتانی دراوسێش بکرێت. بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەدەغەکردنی هەناردەکردنی تۆوی ڕۆنی، ڕێگری لە هەناردەکردنی ئەم بەرهەمە دەکرێت. ئێستا هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانە لە دۆخێکی خراپدایە و تاکە بازاڕی ئامانج ئیماراتە. هاتنی تۆوی چەرەزاتی لە چین و ئۆکرانیا بۆ ئاژەڵداری و ڕۆنگرتن بە باجێکی کەم  و دابینکردنی بۆ کڕیاران بە نرخێکی کەم، مەترسیی لەسەر بازاڕی ئەم بەرهەمە دروست دەکات. نەبوونی جۆرەکانی هیبریدی، نەبوونی یەکەکانی پاکەتکردنی مۆدێرن، هەڵاوسانی نرخی کڕین، نەبوونی سەقامگیریی نرخ لە بازاڕی ئازاددا، بەشێکن لە کێشە هەرە گرنگەکانی بازاڕی تۆو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

KURDŞOP
684 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!