هانی
پیشەسازیی خواردن و خواردنەوە و ڕستن و چنین
بەرهەمهێنانی خۆراک، کۆمەڵێک کردار و پرۆسەی پیشەسازییە، ئامانج لێی دابینکردنی پیشەسازییە هەمەجۆرەکانی خۆراکە بۆ کۆمەڵگا، هەروەها بریتییە لە کۆمەڵێک پرۆسەی گۆڕینی خواردنی ئامادە بۆ خۆراکی پارێزراو بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک لە پرۆسەی بەرهەمهێنان، بەو مەرجەی بۆ زۆرترین ماوە بمێنێتەوە، لە دوای ئەوەی مرۆڤ ڕێگا و شێوازەکانی هەڵگرتنی خۆراکی زانی و فێر بوو خۆراک لە کەڕوو و بەکتریاکان و تێکچوون و بۆنکردن کە بە هۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ڕوودەدەن، بپارێزێت.
لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو چەند کارگەیەکی وەک (کارگەی شەکر و جگەر لە سلێمانی و کارگەی جگەرە لە هەولێر و کارگەی خواردنەوە گازییەکان و ئاوی کانزایی لە بانیخێڵان) دامەزران، بەڵام دواتر ئەم کارگایانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە هەشتاکاندا داخران و کەلوپەلەکانیان گوازرایەوە بۆ بەغداد. لە شاری کۆیەش چەندین پیشەسازیی بچووک وەک بەرووبومە سپیاییەکان و خواردنەوە گازییەکان و ئاوی کانزایی و ئارد و نان و سەهۆڵ و ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە و چەندین کارگەی تر هەبوون، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم داخراون. بەڵام کارگەی فەرشی دەستی لە شاری کۆیە هەتاکو ئێستاش بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی مافوور و فەرشی بچووک و مامناوەند و هەندێک جاریش گەورە و لە شاری ڕانیەش ئێستا دروستکردنی بەرهەمی سپیایی و دۆ و بابەتەکانی لەم چەشنە لە گەشەدان. هەروەها هەریەکە لە پیشەسازییەکانی وەک و ماسی و بەرووبومی دانەوێڵە و کارگەی دروستکردنی چیپسی پەتاتە و چەندین پیشەسازیی خۆراکی تر.
لە نێوان ساڵانی ٦٠٠٢- ١١٠٢ پارێزگای دهۆک لە کارگەکانی بچووک و مامناوەندی بە رێژەی ١٣،٨٦% و ١٠،١٪ بەرزترین ئاستی گەشەی وەبەرهێنانی تۆمار کردبوو لە ساڵی٥١٠٢ گەیشتە ٢٢% و ١٠،٥٩% بەڵام دواتر پارێزگای هەولێر لە سالی ٢٠١٧ئەم پلەیەی بە رێژەی١٠،٢% لە کارگەکانی بچووک و پارێزگای دهۆک لە کارگەکانی مامناوەندی بە رێژەی ٨،٧%پلەی تۆمار کرد و شارەکە خاوەن چەنین کارگەی باشە و وەک کارگەی دروست کردنی گۆشتی هەمبەرگر و چەندین بابەتی تر و شاری سلێمانیش بە خاوەنی کارگەی گەورە و مەزن لە قەڵەم درا.
بەپێی ئامارێک لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار و١٠٠ کارگەی پیشەسازی هەن کە لەو ژمارەیە ٣٧٧ کارگەیان تایبەتن بە پیشەسازیی خۆراک کە شەش هەزار و٢٠٠ کرێکار کاریان تێدا دەکەن و بەشێک لە پێداویستییەکانی ناوخۆ بە خۆراک دابین دەکەن. لە ئامارەکە دەردەکەوێت، پشکی پیشەسازیی خۆراک لە کۆی کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان، ٩% تێپەڕی کردووە.
کەرتی چنین بە کۆنترین کەرت دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان، کە سەرەتا بە شێوازی سەرەتایی سەری هەڵدابوو و دواتر بەتایبەتی لە ساڵی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو چەندین کارگە و دامەزراوەی گەورە و مۆدێرن لە هەرێمدا دامەزراوە کە دواتر زۆربەیان بەهۆی نەبوونی کەرەسەی خاو و کۆنیی ئامێرەکان بەشێکیان داخراون. ئەوانیش بریتین لە:
١- کارگەی ڕستن و چنینی خوری لە هەولێر.
٢- کارگەی مافووری دەستچن لە هەولێر.
٣- کارگەی جلوبەرگی ئامادەکراو لە سلێمانی.
٤- کارگەی جلوبەرگی کوردی لە دهۆک.
کەرتی پیشەسازی پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ. کۆی وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان ٣٣،٥٠%ـە، کە بەراورد بە بوارەکانی دیکە رێژەیەکی بەرزە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی زۆر بۆ ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، بۆ ئەوەی بەرهەمە خۆراکییەکانی ناوخۆ بەکاربهێنرێن بۆ پڕکردەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ.
بەڵام پێویستە ڕێکخستنى گومرگى بۆ هێنانى کەرەستەى خاو بۆ کارگەکان بکریت لە پێناو بەرەوپێش بردنى ئەم کەرتە و هەوڵ بدرێت زیاتر سوود لە کەرەستەى خاوى خۆماڵى وەربگیریت کە هەرێمى کوردستان بەشێکى باشى کەرەستەى خاوى بۆ کارگەکان دابین دەکات.
ئێستاش هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بواری پیشەسازی و گەشەپێدانی بەرهەمی ناوخۆییدا لە گەشەسەندندایە و ژمارەی کارگە پیشەسازییەکان بە قەبارەی بچووک و مامناوەند و گەورە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەبێت.