پیشەسازیە بنەڕەتییەکان لە هەرێمی کوردستان – بەشی 1

 

هانی

پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا بەرەوپێشچوونێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە. پیشەسازی پشت بە بەرهەمهێنانی کەرەستە و تێکەڵ کردنیان بە مەبەستی پێشکەش کردنی بەرهەمی باشتر دەبەستێت بۆ ئەوەی بتوانێت پێداویستییەکانی مرۆڤ بە باشترین شێوە دابین بکات.

پیشەسازی لە جیهاندا مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەڵام دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی لە وڵاتی بەریتانیا و بڵاو بوونەوەی بە وڵاتانی ئەوروپا و دواتر بە جیهاندا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیت و و پاش ماوەک گۆرانێکی زۆریش بەسەر شێوازی پیشەسازیدا هات.

 

 گرنگترین ئەو هۆکارانەشی بەیەکەوە یان بە جیا ڕۆڵیان هەبووە لە دامەزراندن و جێگیر کردنی پیشەسازی برییتین لە :

١- کەرەستەی خاو

٢- سەرچاوەی وزە

٣- سەرمایە

٤- بازاڕ

٥- دەستی کار

٦- گواستنەوە

٧- سیاسەتی حکومەتەکان

ئەم بنەمایانەش بە دەگمەن هەموویان لە شوێنێکدا کۆ دەبنەوە.

ئەوەی پەیوەندیی بە پیشەسازی لە هەرێمی کوردستانەوە هەیە،هەرێمی کوردستان تا سەرەتای سەدەی بیستەم تەنها چەند پیشەسازییەکی سەرەتایی و ساکاری هەبوو.

شارەزایان، پیشەسازی لە باشووری کوردستان بەسەر دوو گرووپدا پۆلێن دەکەن:

پیشەسازییە بنەڕەتییەکانی وەک: وزەی کارەبا، ئاسن و پۆڵا، پاڵاوتنی نەوت، گۆگرد و چیمەنتۆ.

پیشەسازییە بەکاربردنەکانی وەک: خۆراک، پێڵاو، کەلوپەلی ناو ماڵ، جلوبەرگ  هتد ….

ئەو  کارگە پیشەسازییانەی لە هەرێمدا هەن بەسەر سێ جۆری گەورە و مامناوەند و بچووک دابەش دەبن.

 

پیشەسازییە قورس و بنەڕەتییەکان

 پیشەسازیی پترۆکیمیایی: سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم پیشەسازییە لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دۆزینەوەی نەوت. ئەم پیشەسازییەش دابەش دەبێت بۆ دوو جۆر.

١- پیشەسازییە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان، کە لەسەر دەرهێنانی نەوت و پاڵاوتنی نەوت دامەزراون و لە هەڵکەوتە و شوێنی جوگرافیایی جیاوازدا هەڵکەوتوون. گرنگترین پاڵاوگە نەوتییەکانیش بریتین لە:

ئەلف- پاڵاوگەی ئەڵوەند: یەکەم پاڵاوگەی هەرێمی کوردستان و عێراقە کە لە ساڵی ١٩٢٧ دروست کراوە و توانای بەرهەمهێنانی ٦٠٠٠ تەن لە ساڵێکدا بووە. پاڵاوگەی نەوتی ئەڵوەند لەناوچەی نەفتخانەی خانەقینە. ناوچەی خانەقین خاوەنی 34 بیرە نەوتە.

ب- پاڵاوگەی کەرکوک: ئەم پاڵاوگەیە لە نزیک کێڵگەی نەوتی بابەگوڕگوڕ لە ساڵی ١٩٢٩ دامەزراوە و توانای بەرهەمی ساڵانەی دەگاتە ١٥٠ هەزار تەن لە نەوتی خاو بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی سپی و ڕۆنی سووتەمەنی و گازوایل و نەوتی ڕەش. لە ساڵی ١٩٧٧ پاڵاوگەکە فراوان کرا و توانای بەرهەمهێنانی زیادی کرد.

ج- پاڵاوگەی سلێمانی: دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و ئازاد بوونی بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٣ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کوردستان دوو لێژنەی بۆ دەرهێنانی نەوت دامەزراند. یەکێکیان بۆ شیواشۆک و دووەم بۆ دامەزراندنی پاڵاوگەیەک لە سلێمانی. ئەم پاڵاوگەیە لە ساڵی ١٩٩٦ دوای هێنانی نەوت بۆ پاڵاوگەکە بۆ یەکەم جار دەستی بە کارکردن کرد، جگە لەمەش چەندین پاڵاوگەی بچووک لە ناوچەکانی تری وەک بازیان، باینجان و پیرەمەگروون دامەزران.

د- پاڵاوگەی کۆیە: ئەم پاڵاوگەیەش لە باشووری کوردستان لە قەزای کۆیە هەڵکەوتووە. ئەم پاڵاوگەیە توانای پاڵاوتنی ٧٠ هەزار بەرمیلی هەیە لە ڕۆژێکدا.

هـ- پاڵاوگەی کەوەرگۆسک کە لە ناوچەی کەوەرگۆسکی سەر بە شارۆچکەی خەباتی پارێزگای هەولێر دامەزراوە. ئەم پالاوگەیە گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی کوردستانە کە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداریی کەرتی تایبەتەوە دامەزراوە و بەشێکی زۆر لە پێداویستیی ناوخۆیی بەنزینی کوردستان دابین دەکات.

ئەو پیشەسازییانە پشت بە بەرهەمەکانی نەوت و گازی سروشتی دەبەستن و بەوە ناسراون کە پێویستان بە سەرمایەی زۆر و تەکنەلۆژیا و ئامێر و ئامرازی پێشکەوتوو هەیە. لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە کەرەستەی خاوی نەوت و گاز، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کارگەی پەیوەندیدار بەم بوارەی تێدا نییە. ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ سیاسەتی حکوومەتەکانی پێشوی عێراق و گرانیی دەستکەوتنی ئامێر و ئامرازەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژە بە دوو کارگە دەکەین.

١- گازی سروشتی: ئەمەش یەکێکە لە ماددە سەرەکییەکانی پیشەسازیی پترۆکیمیایی، لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانە هەزاران تەن دەسوتێت و بە ئاسماندا دەچێت (بەتایبەتی لە شاری کەرکوک)، بەڵام توانراوە لەسەر رووباری زێی بچوک بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا سوودی لێ وەربگیرێت.

٢- پوختە کردنی گۆگرد لە گازی سروشتی: ئەم پڕۆژەیە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری کەرکوک، کارگەکە توانای بەرهەمهێنانی ٨٨ ملیۆن پێ سێجا لە گازی سروشتیی هەیە، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە ١٠٠ هەزار تەن ماددەی کبریت و ٤٢ ملۆن پێ سێجا گازی سروشتیی وشک و ١٨ هەزار بەرمیل گازی شل.

 

ئێستا لە ڕووی کارگە و کارکردن و بەرهەمهێنانەوە گۆرانکاریی زۆر لە هەرێمی کوردستان ڕویداوە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ هەبوونی ڕێژەیەکی زۆر کەرەستەی خاو لە ناوچەکانی کوردستان.

 

 

 

 

KURDŞOP
783 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!