گەشە کردنی بەروبومی پەتاتە و چوونە قۆناغی هەناردە کردن لە باشووری کوردستان

 

کوردشۆپ - گەشە کردنی کشتوکاڵ لە هەر وڵاتێک هۆکارە بۆ دروست بوونی بناغەی دەوڵەت و لە ڕووی پڕکردنەوەی خۆراکی ناوخۆیی و بە بازار کردن و تەنانەت ئاڵوگۆڕ و بازرگانی کردن لە پێناو بەهێز کردنی ئابووریی دەوڵەت، بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکان دادەنرێت. وەک دەزانین خاکی کوردستان لە دێرزەمانەوە بۆ کشتوکاڵ بەکار هێنراوە و خاکێکی بەپیت و بەفەڕی هەیە کە دەتوانین بۆ ئێستا و داهاتووش کەڵکی لێ وەربگرین.

بەرهەمهێنانی پەتاتە لە کوردستان نزیکەی ١٥ ساڵ دەبێت کاری بۆ کراوە و پلانی بۆ دانراوە. لە ساڵی ٢٠٠٩وە چاندنی پەتاتە خرایە لیستی بەرهەمە ستراتیژییەکانی پلانە پێنج ساڵییەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و دەست کرا بە هاوردەکردنی بنەتۆوی پەتاتە لەهۆلەندا و فەرەنسا و لە دوای ساڵی ٢٠١٨وە، کوردستان توانیویەتی بە ساڵانە ٨٥ هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم بهێنێت. لە ئێستادا و لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بەرهەمەکە ڕووی لە زیاد بوون کردووە و بەرز بووەتەوە بۆ ٧٥٢ هەزار تۆن.

ئێستا ساڵانه‌ ٣٥هه‌زار دۆنم زه‌وینی هەرێمی کوردستان دەکرێ به‌ په‌تاته‌، کەواتە بەرهەمهێنانی پەتاتە لە کوردستان ساڵ بە ساڵ لە زیاد بووندا بووە و ڕۆژ بە ڕۆژ خواست و داواکاری لەسەری زیاد بووە. ئەمەش نەک تەنها لە ناوخۆدا بەڵکوو لە زۆرێک لە وڵاتانی کەندا و چەندین وڵاتی تر خواست لە سەر پەتاتەی کوردستان زیادی کردووە.

 

جۆری پەتاتەکان

کوردستان چەندین جور پەتاتەی تێدا دەچێنرێت بە تایبەت جۆرەکانی وەک: "کەسیڤرا، لۆسینتا، سلیڤانا و چەندین جۆری دیکەش کە ئەم جۆرانە لە باشرین جۆرەکانی پەتاتەن و تەمەنیان درێژە و بەرگەی مانەوەی زۆر دەگرن و ڕێژەی بەرهەمی خراپ بوو ناگاتە لە سەدا یەک چونکە بە باشترین شێواز و بە کوالتییەکی بەرز بەرهەم دەهێنرێن.

لە دوای نزیکەی ١٥٠-١٦٠ ڕۆژ پەتاتەکە بەرهەم دێت و لە مانگەکانی  ٨ و ٩ دا کۆ دەکرێتەوە.

لە زۆر ناوچەی کوردستان پەتاتە بەرهەم دێت و زۆر ناوچەی دیکەش بۆ بەرهەمهێنانی پەتاتە گونجاون بەڵام بە ڕێژەی ٧٠٪ بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی ناوکوری سنوری قەزای بەردەڕەش بەرهەم دەهێنرێت.

 دەشتی ناوکوری بەردەڕەش دەشتێکی بەپیتە و ساڵانە بڕێکی زۆری بەروبوومی کشتوکاڵی و بەتایبەت پەتاتەی لێ بەرهەم دەهێنرێت و دەرفەتی کاری بۆ زیاتر لە ٣٠٠٠ کرێکار ڕەخساندوە.

لە ساڵی ٢٠٢٠ لە نزیکەی ٣٠ هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیی پارێزگای دهۆکیشدا پەتاتە چێنراوە. بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، پارێزگای دهۆک لە چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتە پێشەنگی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و ئێستا ٪٧٨ی پەتاتەی کوردستان لەو پارێزگایە بەرهەم دێت.

ئێستا ڕۆژانە ٧٥ تۆن پەتاتە لە کارگەیەکی سلێمانی دەکرێتە چپس. لە کارگەکە ٢٠٠ گەنج کاردەکەن و پەتاتەی کێلگەکانی کوردستان بە ٦ تامی جیاواز دەکەنە چپس و بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراقی دەنێرن. ئەم کارگەیە لە ڕۆژێکدا ٥٠٠ هەزار کیسی چپس بەرهەم دێنێ. لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە لقەکانی "ماکدۆناڵدز" لە وڵاتانی کەنداو، داوای هەناردەکردنی پەتاتەی کوردستانیان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دروستکرنی فینگه‌ر ئه‌گه‌ر ٤٠هه‌زار تۆن په‌تاته‌ وه‌ربگیرێت ئه‌وا ٢٠هه‌زار تۆن فینگه‌ری لێ به‌رهه‌م دێت و ده‌بێته‌ داهاتێکی باش بۆ هه‌رێمی کوردستان. لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی واژۆ کرد بۆ هەناردە کردنی ٥ هەزار تۆن لە پەتاتەی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان بۆ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات).

لە ڕووی تەندروستیشەوە، پەتاتە لە جیهاندا بە بەرهەمێکی گرنگ دادەنرێت و گرنگییەکەشی دەگاتە ئاستی دانەوێڵەکانی وەک گەنم و برنج کە لە ڕیزی پێشەوەی ڕێزبەندی خۆراکین. پەتاتە بەدەر لەوەى سوودى بۆ ئێسقانەکان و پاڵەپەستۆى خوێن و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى تووشبوون بە شێرپەنجە و باشترکردنى دۆخى دڵ هەیە، لە لایەکى ترەوە بە خواردنى هەژاران و هۆکاری نەهێشتنى قاتوقڕى هەژمار دەکرێت. لە نێو ڕووەکەکاندا جێگای دیاری خۆی هەیە، چونکە بە سەرچاوەیەکی هەرزان بۆ وزە دادەنێرێت و ڕێژەیەکی زۆر بەرزی کاربۆهیدراتی تێدایە. ئەوە بێجگە لە بوونی بڕێکی گونجاو لە ڤیتامین سی و ڤیتامین بی یەک. واتە هەر یەک دانە پەتاتەى ١٥٦ گرەمی، پاش کوڵاندنی، سێ‌ یەکی پێداویستیی ڕۆژانەی مرۆڤێکی کامڵ دابین دەکات.

بەرووبومی پەتاتە لە کوردستان ئێستا لە وڵاتی ئیمارات خواستێکی زۆری لەسەرە و بە ڕێژەیەکی زۆریش هەناردەی وڵاتانی کەنداو دەکرێت و تەنانەت وای لێ هاتوورە خواست لە وڵاتانی ئەورووپیش لەسەری هەبێت. پەتاتەی کوردستان تێست کراوە و لە ڕووی شکڵ و تام و جۆرەوە، بە باشترین جۆری پەتاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دادەنرێت.

بەروبوومی پەتاتە لە کوردستان دەکرێ لە هەرسێ وەرزی بەهار و هاوین و زستانیشدا بچێنرێت و ئەمەش وا دەکات کۆگاکانی ئەم بەرهەمە پڕ بن و بە هیچ شێوازێک پێویستی بە بەروبوومی هاوردە نەبێت.

 

 

 

KURDŞOP
566 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!