بەرهەمهێنانی پەلەوەر لە پارێزگای سنە

کانی

پیشەسازیی پەلەوەر بە هۆی ڕێژەی  سەرمایەگوزاری و ڕەخساندنی هەلی کار، یەکێکە لە پیشەسازییە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەم پیشەسازییەدا گۆشتی سپی پێویستی ناوخۆ دابین دەکرێت و هەروەها مریشک و هێلکە بۆ دەرەوەی وڵات هەناردەکرێت، کە ئەمە دەتوانێت سەرچاوەیەکی گرنگی بەدەستهێنانی داهات و خۆشگوزەرانیی ئابووریی وڵات بێت.

پارێزگای سنە یەکێکە لە پارێزگا سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری ڕێژەی بەرهەمهێنان و بەخێوکردنی مریشک. ئەم پارێزگایە خاوەنی ٧٥٢ یەکەی چالاکی پەلەوەرە و ساڵانە زیاتر لە ٩٥ هەزار تۆن گۆشتی سپی بەرهەم دەهێنێت. ئەم بڕە بەرهەمە تەنها ٤٠ لەسەدی لەناو خودی پارێزگاکەدا بەکاردەهێنرێت و ٦٠ لەسەدی زیادەکەی هەناردەی پارێزگاکانی دیکە و باشووری کوردستان دەکرێت. ئەم ژمارە لە یەکەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر لە پارێزگای سنە توانای بەرهەمهێنانی ٢٠ ملیۆن پارچە مریشکیان لە ماوەی ساڵێکدا هەیە.

لە پارێزگای سنەدا ١٧ کارگەی خۆراک و حەوت سەربڕخانەی پەلەوەر هەیە کە ڕۆژانە توانای سەربڕینی ١٨ هەزار پارچەیان هەیە. ئێستا زیاتر لە ٩٠ لەسەدی کێڵگە پەلەوەرییەکانی پارێزگاکە بە ئامێری ئۆتۆماتیکی، لەوانە خۆراکدان و ئاودەری ئۆتۆماتیکی تەیارکراون. پارێزگای سنە لە ڕووی ڕیژەی بەرهەمهێنانی پەلەوەر لە نێو پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێراندا پلەی یەکەم و لە نێو ئێراندا پلەی هەشتەمی هەیە کە پێگەیەکی گرنگ و بەرچاوە.

بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنان و نرخی گونجاو، گۆشتی مریشک دەتوانێت جێگەی کاڵا سەرەتاییەکان بگرێتەوە. پیشەسازیی پەلەوەر وەک سەرچاوەی داهات و سەرچاوەی خۆراک، زۆر گرینگە و ئەم پیشەسازییە یەکێکە لەو پیشەسازییانەی هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان دەڕەخسێنێت و تاکە پیشەسازییە کە توانیویەتی لە ژێر بارودۆخی دژواری سزا ئابوورییەکاندا بەردەوام بێت.

بڕی مەزەندەکراوی وەبەرهێنان لە پیشەسازیی پەلەوەری پارێزگاکەدا ١٠٠ هەزار ملیار تمەنە (دوو ملیارد دۆلار) و بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەلی کاری بۆ نزیکەی ١٥ هەزار کەس دابین کردووە. ڕێژەی بەکارهێنانی گۆشتی مریشک بۆ هەر تاکێک لە پارێزگای سنەدا ٣٠ کیلۆگڕام لە ساڵدایە و هەروەها ڕێسای کڕینی گەرەنتی لەلایەن حکوومەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم پیشەسازییە بەجۆرێکە کە کێشی مریشکی بەرهەمهێنراو دەبێت ١ کیلۆ و ٢٠٠ گڕام تا ١ کیلۆ و  ٨٠٠ گڕام بێت.

دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک وەک گرنگترین ئەرکی ئەم کەرتە، دەتوانێت خاڵێکی زۆر بەنرخی بەرهەمهێنان و سەقامگیریی داهاتی پارێزگاکە بێت.

کێشەو گرفتەکانی پەلەوەرخانەکانی پارێزگای سنە

لە ساڵانی ڕابردوودا و پاش کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر ئابووریی هەموو ئێران و خراپتر بوونی دۆخی ئابووری و پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دابەزینی بەهای دراوی ئێران، پیشەسازیی پەلەوەر ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووەتەوە، لەوانە:

- بەرزبوونەوەی تێچووی وزە، نرخی خۆراکی مریشک و دەرمان

-بەرزبوونەوەی  نرخی تەواوکراوی مریشک. بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی گەنمەشامی و سۆیا، زیادبوونی تێچووی گواستنەوەی کەلوپەل و نەبوونی چاودێری، سەقامگیرنەبوونی نرخی مریشکی یەک ڕۆژە و گۆڕانی نرخەکانی، گران بوونی نرخی ماددە خۆراکییە بچووکەکان، ڤاکسین، دەرمان و کەرەستەی پێویست بۆ ئەم پیشەسازییە و لە کۆتاییشدا کەمیی سەرمایە.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە خاوەنی پەلەوەرخانەکان داوا دەکەن حکوومەت لە  ڕێگەی تەرخانکردنی قەرزی کەم سوودی بانکی، دواخستنی قەرزی دواکەوتووی خاوەن کێڵگەکان بە لەبەرچاوگرتنی زیانەکان سەرمایەی پێویست دابین بکات. هەروەها پێیان وایە بۆ پاڵپشتی لە پەلەوەرخانەکان پێویستە حکومەت ڕێگری بکات لە تێربوونی بازاڕ بە گۆشتی سپی بۆ ئەوەی نرخەکەی دانەبەزێت و بەرهەمهێنەریش لەم نێوەندەدا زیانی پێ نەگات.

 

KURDŞOP
745 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!