فەڕشی بیجاڕ، فەڕشێکی جیهانیی بەرهەمی کوردستان

 

بیجاڕ یەک لە شارەکانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەم پارێزگایە لە ناوچەیەک هەڵکەوتووە کە لە دێرزەمانەوە بە ناوجەی گەڕووس ناسراوە.

 ئابووریی گەڕووس لەسەر کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و کاری دەستی وەکوو فەڕش بنیاد نراوە. مێژووی فەڕش چنین لە بیجاڕ دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی ١٢٦٦ی کۆچی مانگی. مێژووی فەڕش چنین لە خودی کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەد ساڵ لەمەوبەر.  بەهۆی پێگەی تایبەتی بیجاڕ لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، لەلایەن ڕووسەکانەوە  و هەروەها تورکە عوسمانییەکانەوە هێرشی دەکرێتە سەر و بەهۆی ئەم ڕووداوانەوە فەڕش چنین کەم دەبێتەوە.

هەرچەندە  پێش جەنگی جیهانیی دووهەم زۆرێک لە ئامێرەکانی چنینی فەڕش بۆ پەرەپێدانی ئەم هونەر و پیشەیە هاتبوونە بیجاڕ، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ و برسێتی، چنینی فەڕش قۆناغێکی تری دابەزین بە خۆوە دەبینێت. لە ساڵانی ١٣٤٠ی کۆچی هەتاوی (1961ی زایینی) بەدواوە لەگەڵ گەشەی سەرمایەداری لە ئێران و گەشەسەندنی بەرهەمه دەستییەکان، زۆرێک لە ناوەندەکانی فەڕش چنین بۆ جارێکی تر بووژانەوە و ئەمەش بۆ پەرەپێدانی فەڕشی بیجاڕ سەرەتایەکی باش بوو. لە سەرەتای جەنگی جیهانی دووهەمدا خواست لەسەر فەڕش زۆر بوو و فەڕشچنەکانی گەڕووس پێیان باشتر بوو لەبری فەڕشی درشت و بە قەبارە گەورە، فەڕشی ورد بچنن و ئەم بڕیارە وای کرد بیجاڕ و گەڕووس بە جەمسەری فەڕش بناسرێت.

فەڕشی بیجار لە گوند و شارە جیاوازەکاندا بە سێ شێوە دەیچنن: لوول، نیمچە لوول و تەخت.

فەڕشی بیجار ٥٠ ڕیز لە ٧ سانتیمەتر و لە شێوەی گوڵی ئاوریشمیدایە. ئەگەر فەڕشەکە لە شێوەی چله ئاوریشمدا بێت، ئەوا ڕیزی فەڕشەکە بەرز دەبێتەوە و دەگاتە ژمارەی ٦٠ و ٧٠. گرێکانی ئەم فەڕشە تورکی و خەوتنی گرێکان بەرەو خوار و ڕاستن. لە چنەی فەڕشی بیجار پەشم و پەمۆ لە تان و پۆیەکەیدا بەکاردەهێنرێت. هەر بۆیە کەرەستەی پێویست بۆ دەزووی ئەو فەڕشانە لە نیوزیلەند هاوردە دەکرێت. ئاوریشم لە فەڕشی بیجاڕ و فەڕشەکانی دیکەدا بە کەمی بەکاردەهێنرێت. شێوازی پۆ چنینی فەڕشی بیجار لە جۆری خۆیدا ناوازەیە. لە پێشدا خەڵکی ناوچەکە سێ پۆیان بەکارهێناوە، کە پۆی دووهەم تەنک بووە و پۆی یەکەم و سێیەم ئەستوور بوون، بەڵام ئێستا ئەم شێوازی پۆ چنینە گۆڕاوە و لە دوو پۆدا ئەنجام دەدرێت. شێوازی زەربە لێدان و کوتان لەسەر پۆیەکانی ئەم فەڕشە جیاوازە لە ناوچەکانی تر. هۆکاری سەرەکیی ئەم جیاوازییە ژمارەی و رادەی توندیی کوتانی ئەو زەربەتانەیە کە لەسەر پۆیەکان دەدرێت.

پەستان و چڕیی هەودای پەشمەکە زیاد دەکات و وا دەکات فەڕشی بیجار بە فەڕشی ئاسن بناسرێت. فەڕشی ڕەسەنی بیجاڕ بەهۆی پێکهاتەی ناوازە و مانەوەی بەرز و بەکارهێنانی چەندین ڕەنگ و دیزاینی داهێنەرانە لە جیهاندا بەناوبانگە. ئەمڕۆ قەبارەی ئەم فەڕشە مەتر و نیوێک و سەرووترە. ئەم فەڕشانە ئەستوور و زۆر قورسن. گرێی زۆر بەهێزیان هەیە، زۆر گونجاون بۆ کەشوهەوای سارد و قاچەکان گەرم دەهێڵنەوە.

جیاوازیی فەڕشی بیجاڕ لەگەڵ فەڕشی دیکە لە چڕیی پێکهاتەکەیدایە. هەر بۆیەش پێکهاتەی بە جۆرێکە کە ناتوانرێت بچەمێنرێنەوە. بۆ دروستکردنی ئەم فەڕشە جگە لە یەک یان دوو پەڕۆی تەنک، چەرمێکی زۆر ئەستوور دەخرێتە ناو پێکهاتەی فەڕشەکەوە. بە شانەی ئاسن لە گرێکانی فەڕشەکە ئەدرێت و ئەمەش  پێکهاتەی فەڕشەکە زۆر بەهێزتر دەکات.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فەڕشی بیجار یان گەڕووس ئەو ڕەنگانەیە کە تێیدا بەکارهاتووە. ئەم فەڕشانە زیاتر بە ڕەنگە گەرم و زیندووەکانی ناسراون. جیاوازیی نێوان ڕەنگەکان جوانیی ئەم فەڕشانە دوو هێندە دەکات. ئەو ڕەنگانەی بۆ فەڕشەکان هەڵدەبژێردرێن، گوزارشت لە سروشتی سارد و کێوی و لە هەمان کاتدا ڕەنگاوڕەنگی کوردستان دەکەن. ڕەنگەکانی فەڕشی بیجاڕ لەگەڵ ڕەنگی جلوبەرگی خەڵکی کورددا دەگونجێن و گرنگترین تایبەتمەندیی ڕەنگی ئەم جۆرە فەڕشە سەقامگیری و ڕەنگ نەدانەوەیەتی. تایبەتمەندییەکی دیکە کە فەڕشی بیجار لە فەڕشەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، بەکارهێنانی ئاوریشمە لە تان و پۆی فەڕشەکەدا. ئەم تایبەتمەندییانە وایان کردووە پیشەی فەڕش چنین ببێتە یەکێک لە کارە دەستییە گرنگەکانی شاری بیجاڕ و پارێزگای سنە. جێگای سەرنجە بزانین زۆرێک لە فەڕشە کۆنەکانی ئازەربایجان کە لە مۆزەخانەکانی جیهاندا بەردەستن، هەموویان لە پێکهاتەی فەڕشی بیجاڕن. لە کۆندا خان یان شازادە و فەرماندەکانی کورد ئەم فەڕشانەیان وەک دیاری بۆ بەرپرسانی حکومەت دەنارد.

 

 

KURDŞOP
667 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!