شنۆ، پایتەختی گێلاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

پارێزگای ورمێ تواناییەکی باشی لە بواری کشتوکاڵدا هەیە و شاهیدی بەرهەمهێنانی بەرهەمی جۆراوجۆری کشتوکاڵییە و نزیکەی 6%ی بەرهەمی کشتوکاڵی ئێران لەو پارێزگایە بەرهەم دێت.

گێلاس یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ورمێ و نزیکەی 18 هەزار تۆن بەرهەمی گێلاس لەو پارێزگایە بەرهەم دەهێنرێت کە زۆربەی هی شاری شنۆیە. بەرهەمهێنانی گێلاس لە شنۆ هەر لە کۆنەوە هەبووە. کەشوهەوای گونجاو، ڕووناکیی پێویست، پلەی گەرمی، خاکی بەپیت و بێگومان ئەزموونی خەڵک لە بەرهەمهێنانی ئەم میوەیە بووەتە هۆی ئەوەی جووتیارانی شنۆ گێلاس بە کوالێتی بەرز بەرهەم بێنن  و ئەم هۆکارانە وای کردووە شاری شنۆ وەک پایتەختی گێلاس دیاری بکرێت.

 ڕووبەری چاندنی باخەکانی گێلاسی شنۆ 350 هێکتار دەبێت و لە وەرزی هەڵگرتنەوەدا نزیک 2000 تۆن گێلاس لە باخەکانی ئەم شارە کۆ دەکرێتەوە. پێشبینی دەکرێت تێکڕای بەرهەمی گێلاس لە هەر هێکتارێکدا 8 تۆن بێت. لە وەرزی هەڵگرتنەوەی گێلاسدا زیاتر لە 7000 کەس ڕاستەوخۆ کاردەکەن و زیاتر لە ١٢٠ ملیار تمەن داهاتی هەیە.

ساڵانە ڕنینەوەی گێلاس لە مانگی جۆزەردان دەستپێدەکات و ماوەی ٣٥ بۆ ٤٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. بەرهەمی جووتیارانی شنۆ لە شارەکانی تر بە نرخێکی زۆر دەفرۆشرێت. دەڵاڵەکان گێلاس لە جووتیاران بە نرخێکی کەم دەکڕن و قازانجی سەرەکی دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکان .

 جۆرەکانی گێلاس بریتین لە: تەک دانەی ڕەش و پەمەیی، هێشوویی، زەرد، ڕەقەمی ناوخۆیی و چەند جۆرێکی دیکەی هەیە کە لەنێویاندا جۆرەکانی ڕەش و تەک دانەکان زۆرترین ڕێژەی بەرهەمی گێلاسی شنۆ لەخۆ دەگرێت. باخەوانانی ئەم شارە کەمترین بڕی ژەهر بەکاردەهێنن. شەفافیەتی ڕەنگ، تام و بۆنی خۆش و کوالێتیی باشی گێلاسی شنۆ وای کردووە ئەم بەرهەمە سەرنجی کڕیاران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

گێلاس بەهۆی ڤیتامینەکانەوە، بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵ و ڕۆماتیزم و ئازاری جومگەکان بە سوودە، گێلاس ژەهر لە جەستە لادەبات و ڕۆڵێکی گرنگی لە بەهێزکردنی دڵ و ڕیخۆڵە و گەدە و هێزی دەروونی هەیە. ڤیتامین c لەم میوەیە جێگەی سەرنجە و دەبێتە هۆی پاککردنەوەی خوێن و هێورکردنەوەی دەمارەکان. بەهۆی پێکهاتەی نەرمی گێلاس و ئەگەری وردبوونی لە کاتی ڕنینەوەی، ڕنینەوەی بە دەست متمانەپێکراوترین ڕێگەیە بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی زیانەکان. بەزۆری بەکارهێنانی ئامێری میکانیزەکراو و لەرزین کە دەبێتە هۆی وەرینی گێلاس لە دارەکەی، پێشنیار ناکرێت چونکە کاتێک میوەکەی دەکەوێتە سەر لق و پۆی دارەکە و هەروەها سەر زەوی، ڕەنگە ڕێژەیەکی زۆر لە بەرهەمەکە شپرز بێت و لەخەسار بچێت.

 لە کۆی بەرهەمی گێلاس، نزیکەی ٩٠%ی وەک خۆراکی تازە دەچێتە بازاڕ و ١٠%ی دەنێردرێت بۆ کارگەکان بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە لاوەکییەکان؛ بەزۆری ئەو گێلاسانەی لەڕووی بازاڕکردن و ڕواڵەتەوە زۆر خوازراو نین بۆ کارگەکان دەنێردرێت. چاندن و گەشەکردن و هەڵگرتنەوەی گێلاس، هەروەها پاکەتکردن و ناردنی بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە، تێچووی زۆری ئەوێت، هەر بۆیەش گێلاس لە ڕێزی ئەو بەرهەمانەدایە کە بە نرخێکی سەر دەفرۆشرێت وداهاتێکی باشی هەیە. جگە لە دابینکردنی بازاڕی ناوخۆیی، ساڵانە گێلاسی شنۆ هەناردەی وڵاتانی دیکەش دەکرێت. گێلاسی شنۆ بۆ شارە گەورەکانی وەک تاران، قەزوین، ئیسفەهان، شیراز و هەروەها وڵاتانی:  ڕووسیا، ئەرمینیا، پاکستان، ئەفغانستان، قەتەر، ئیمارات، عێراق و وڵاتانی کەنداوی فارس ڕەوانە دەکرێت.

ساڵانە فێستیڤاڵی گێلاسی شنۆ لە ڕۆژانی ١٢-١٤ی پووشپەڕ لە شارەکەدا بەڕێوەدەچێت. ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەم فێستیڤاڵە ناساندنی تواناکانی شنۆ بە گشتی و ناساندنی بەرهەمی باخی ئەم دەڤەرە بە تایبەتی گێلاس و سێوە و هەروەها بە ئامانجی مارکەکردنی ئەم شارە وەک ناوەندێک بۆ بەرهەمهێنانی گێلاس و ڕاکێشانی گەشتیاران لە سەرتاسەری ئێرانەوە ، بەڕێوە دەچێت.

KURDŞOP
698 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!