پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەکیترین ناوەندی بەرهەمهێنانی شلیک لە ئێراندا

لە 3600 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەم پارێزگایە ساڵانە نزیک 75 هەزار تۆن شلیک یا وەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن توو فەرەنگی بەرهەم دێت. سال بە ساڵیش ڕووبەری ئەو زەوییانەی شلیکیان تێدا بەرهەم دێ زیاتر دەبێ.


کانی

چاندنی شلیک (تووەفەرەنگی) لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مێژوویەکی زیاتر لە ١٥٠ ساڵەی هەیە، کەشوهەوا و بارودۆخی لەبار و بارانی گونجاو و جووتیارانی ماندوونەناس هەموویان پێکەوە دەستاین داوەتە دەستی یەک بۆ ئەوەی ئەم پارێزگایە ببێتە ناوەندی بەرهەمهێنانی شلیکی ئێران.

 لە ڕووی ئاستی چاندن و بەرهەمهێنانی شلیک لە ئێران و تەنانەت لە ناوچەکەش، پارێزگای سنە، وەک ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانی شلیک دەناسرێت. لە هەموو شوێنێکی ئێران شلیک بە کوردستانەوە ناسراوە و ئەم شلیکە ئیتر تووی فەرەنگ نییە، مافی ئەوەی هەیە ناوی تووی کوردیی لێ بنرێت.

شلیک براندی کوردستانە و پێویستە هەنگاوی جددی بنرێت بۆ تۆمارکردنی ئەم براندە. لە 3600 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەم پارێزگایە ساڵانە نزیک 75 هەزار تۆن شلیک یا وەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن توو فەرەنگی بەرهەم دێت. سال بە ساڵیش ڕووبەری ئەو زەوییانەی شلیکیان تێدا بەرهەم دێ زیاتر دەبێ. داهاتی گشتی چاندنی ئەم بەرهەمە لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنە بۆ هەر هێکتارێک.

لە ئاستی جیهانیدا مامناوەندی بەرهەمهێنانی شلیک، 22 تۆن لە هەر هێکتارێکدایە بەڵام مامناوەندی بەرهەمهێنانی شلیک لە پارێزگای سنە، 16 تۆن لە هەر هێکتارێکدایە. ساڵی ڕابردوو لە سەرانسەری ئێران 120 هەزار تۆن شلیک بەرهەم هاتووە کە 62٪ی واتا نزیک 75000 تۆنی لە پارێزگای بووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پارێزگای سنە 1.7٪ی ڕووبەری وڵاتی ئیرانە و ژمارەی دانێشتووانیشی 1.88ی کۆی گشتیی دانیشتووانی ئێرانە.

شلیک لە سنە تەنها بۆ وەرزی بەهار نییە و لەم پارێزگایە جگە لە شلیک بەهار، شلیک پاییز و گوڵخانەییش بەرهەم دەهێنرێت. جۆرە ڕەسەنەکانی شلیک لە ئێران بریتیە لە: جۆرەکانی کوردستان، گێلاسی، ئەتابەکی و دێلەندی، کە بەهۆی نەبوونی پلان و پاڵپشتی، جێگەی خۆیان بەخشیوە بەو جۆرانەی کە تەنها شێوەی جوانیان هەیە بەڵام بەتام نین و لەناو کۆمەڵگادا بە شلیکی پلاستیکی ناسراون و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمی شلیک لە کوردستان.

 شلیک داهاتێکی زۆری هەیە و دەتوانرێت لە زۆرێک لە خاکەکانی کوردستاندا بچێنرێت و یەکێک لە تایبەتمەندییە تایبەتەکانی ئەوەیە کە دەتوانرێت لە زەوییە لێژەکاندا بچێنرێت. چنینەوەی شلیک لە کۆتایی مانگی گوڵانەوە لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سنە دەست پێدەکات و تا کۆتایی مانگی جۆزەردان و لە هەندێک ناوچەی ساردتر تا دەیەی یەکەمی مانگی پووشپەڕ بەردەوام دەبێت. ئەم بەرهەمە ئێستا سەرچاوەی داهاتی زیاتر لە 15 هەزار بنەماڵەیە و لە زیاتر لە 3600 هێکتار زەوی لە شارەکانی پارێزگا وەک سنە، کامیاران، مەریوان و سەوڵاوا دەچێنرێت.

لە چەند دەیەی ڕابردوودا پشکی پارێزگای سنە لە بەرهەمی شلیک ئێراندا زیاتر لە 90 لەسەد بووە و لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردووشدا پشکی بەرهەمهێنانی سنە کەم بووەتەوە و بێگومان ئەمەش زەنگی مەترسییە سەبارەت بەوەی سنە خەریکە پێگەی خۆی لەم بوارەدا لەدەست دەدات.

بەرهەمهێنەرانی شلیک لەم پارێزگایە لە وەرزی چنینەوەدا ڕووبەڕووی چەندین گرفت دەبنەوە. لە گرفتە سەرەتاییەکانی جووتیاران نەبوونی ڕێگای سەرەکی و خراپیی ڕێگای نێوان کێڵگەکان و نەبوونی ئاو و نەبوونی ساردکەرەوە بۆ هەڵگرتنی بەرهەم و ڕادەستکردنی بەرهەم بە ئەو دەڵاڵانەی کە شلیک بە نرخێکی کەم دەکڕن. پەرەپێدانی چاندن و بەرهەمهێنان و هەناردەکردن شلیک بە لەبەرچاوگرتنی توانای پارێزگاکە، دەتوانێت هەلی کار بۆ گەنجانی پارێزگای سنە بڕەخسێنێت.

بازاڕی فرۆشتنی جووتیاران تەنها تاران و چەند شارێکی گەورەی ئێرانە و لەگەڵ کەمیی نرخی فرۆشتن،  بەرهەمهێنەران هەست بە پێویستیی بەرهەمهێنانی زیاتر ناکەن، ئەمەش وا دەکات بەرهەمهێنەرانی شلیک ئامادە نەبن لەو بەشەدا سەرمایەگوزاری بکەن. دابینکردنی بازاڕێک بۆ هەناردەکردنی شلیک بەهۆی بەرزیی ئاستی بەرهەمهێنانی لە پارێزگاکە، نەبوونی ئاسانکاری و کەرەستەی ستاندارد، وەک ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوە بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکە، دروستکردنی پیشەسازیی گۆڕین و هەروەها نەهێشتنی دەڵاڵەکان لە کڕینی بەرهەمەکەدا خاڵە هاوبەشەکانی نیگەرانی و خواستی جووتیارانی پارێزگای سنەن.

 نەبوونی قاپی ستاندارد بۆ هەڵگرتنی شلیک یەکێکە لە کێشەکانی گواستنەوەی ئەم میوەیە، جووتیاران ناچارن قاپ لە پارێزگاکانی دراوسێ بە نرخێکی گرانتر بکڕن. بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان لە گومرگی باشماخەوە هەناردەکردنی شلیکی پارێزگای سنە بۆ هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵێکدا تەنها 41 تۆن بە بەهای 66 هەزار دۆلار بووە کە ژمارەیەکی زۆر کەمە، بێگومان شایەنی باسە کە ئەگەر بەرهەمیش زیاد بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی ژێرخانی گواستنەوە بۆ هەناردەکردنی شلیک، جووتیاران ناتوانن بازاڕی ئامانج بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکەیان بدۆزنەوە.

 

KURDŞOP
563 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!