بێکاری لە هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستانیش وەک وڵاتێک کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا گەشەکردنێکی بەرچاوی لە بواری ئابووریدا بەخۆیەوە دیتووە، لە دیاردەی بێکاری بەدوور نەبووە.  هەرچەندە لەبارەی رێژەی بێکارییەوە لە هەرێمی کوردستان ئاماری جیاجیا دەخرێنەڕوو، بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێژەکە لە ساڵی 2020 گەیشتووەتە 12%.

 

هانی مورتەزا

 

دیاردەی بێکاری یەکێکە لەو دیاردە نەخواستراوانەی کە تاکی کۆماڵگا توشی دەبن و لە سەردەمی ئێمەدا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هەموو کۆمەڵگاکانە.

مەبەست لە بێکاری ئەو کاتەیە تاکەکانی کۆمەڵگا هه‌رچه‌نده‌ به‌دوی کاردا بگه‌ڕێن کاریان دەست نەکەوێت. هەندێک جاریش کار هەیەو تاکەکان بەم جۆرە کارە رازی نین و بە شیاوی پلە و پایەی کۆمەڵایەتیی خۆیان یا  ئاستی خوێندەوارییانی نازانن. واتا ئەو کارەی هەیە لەگەڵ توانایی و لێوەشاوەیی کەسەکە ناگونجێ.

بە گشتی بێکار که‌سێکه کە‌ تواناو ئاره‌زووی کار کردن لە بەرانبەر مووچە یا حەقدەستێکی باو و دیاریکراوی هەیە به‌ڵام کاری ده‌ست ناکه‌وێت. رێژەی بێکاری یەکێک لە نیشاندەرەکانی باری ئابووریی هەر وڵاتێکە.

مێژووی سەرهەڵدانی بێکاری

مێژوی بێکاری له‌گه‌ڵ مێژووی پیشه‌سازیدا دروست بوو. پێشترله‌ ناوچه‌ گوندنشینه‌کاندا بێکاری هیچ واتایه‌کی نه‌بوو. بێکاری لە کاتی شۆرشی پیشه‌سازیدا له‌ سێ یه‌کی کۆتاییی سەدەی هه‌ژده‌یه‌مدا له‌ به‌ریتانیا ده‌رکه‌وت، دواتر له‌ وڵاتانی ‌‌‌ئه‌ورووپا به‌ گشتی و ئه‌مریکا بڵاو بووه‌وه‌.

لە سەدەی بیست و بیست و یەکیشدا، بێکاری لە وڵاتانی جیهان و بە هەمان شێوە لە کوردستانیش زیادی کردووە. ئەمەش ئەگەرێتەوە بۆ سەرهەڵدانی جۆرەها ئامێری پێشکەوتوو و سەردەمیانە کە بوونە جێگرەوەی دەستی کاری مرۆڤ؛ بەتایبەتی دوای شۆرشی پیشەسازی و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی. زۆر بوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان و کوردستانیش یەکێککی دیکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی بێکارییە. هۆیەکی تری بێکاری لە زۆر وڵاتی جیهان و یەک لەوانیش کوردستان، بوونی کرێکاری بیانییە کە بە مووچەیەکی کەمتر لە هێزی کاری ناوخۆیی، کار دەکەن.

جۆره‌کانی بێکاری:

*بێکاریی ئاره‌زوومه‌ندانه‌: ئه‌و جۆره‌ بێکارییه‌یه‌ که‌ که‌سی کارکه‌ر به‌ئاره‌زوی خۆی واز له‌ کاره‌کای ده‌هێنێت.

*بێکاریی زۆره‌ملێ: ئه‌و دۆخه‌یه‌ که‌ کارکه‌ر تێیدا ناچار ده‌کرێت دوور له‌ ویستی خۆی واز له‌ کاره‌که‌ی بهێنێت له‌ کاتێکدا که‌ توانا و ئاره‌زووی کار کردنی هه‌یه‌.

*بێکاریی ڕووپۆشکراو: ئه‌و ژماره‌ زیاده‌ی کرێکارانه‌ که‌ هیچ شتێکی دیار به‌رهه‌م ناهێنن، واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ ڕێژەی کار کردن ده‌ربهێنرێن قه‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنان کەم ناکاتەوە.

تێبینی: کەسانی خانەنشین، کەمئەندام، و ئەوانەی بە هۆی کێشەی کەسییەوە کار ناکەن، هەروەها ئەو کەسانەی کە چالاکانە بەدوای کاردا ناگەڕێن بەڵام دەیانهەوێت کار بکەن، وەک بێکار پۆلێن ناکرێن.

هەرێمی کوردستانیش وەک وڵاتێک کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا گەشەکردنێکی بەرچاوی لە بواری ئابووریدا بەخۆیەوە دیتووە، لە دیاردەی بێکاری بەدوور نەبووە.  هەرچەندە لەبارەی رێژەی بێکارییەوە لە هەرێمی کوردستان ئاماری جیاجیا دەخرێنەڕوو، بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێژەکە لە ساڵی 2020 گەیشتووەتە 12%.

بێکاری بە یەکێک لە دیارترین گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تاک و حکوومەت دادەنرێ کە کێشە و گرفتی جۆراوجۆری لێ دەکەوێتەوە و گاریگەریی خراپ لەسەر کۆمەڵگا بەجێ دەهێڵێت. بێکاری دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئەزموون و پێشکەوتن لە کار و پەرەدان بە تواناکان و کۆچکردنی گەنجان، لەگەڵ زیادبوونی تووندوتیژی و کێشەی کۆمەڵایەتی و زیادبوونی رێژەی هەژاری. زۆر جار زیادبوونی ڕێژەی بێکاری هۆکار دەبێت بۆ نا ئارامیی سیاسی و تێکچوونی دۆخی ئاسایش و  ئارامیی وڵات. کە ئەمەش چەندین لێکەوتەی کۆمەڵایەتی وەک دیاردەکانی: دزی، کوشتن، ئازار دان، وێرانکاری و ...ی لێ ئەکەوێتەوە.

بێگومان رێژەی بێکاری بەهۆی، سیاسەتی حکوومەت، لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر گۆڕانی بەسەردا دێت. لە کوردستانیش، لەم ساڵانەی دواییدا و بەتایبەتیش، لە نێوان تەمەنەکانی ١٩ - ٤٠ ساڵ رێژەی بێکاری زۆر بووە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا دەتوانرێ بە کۆمەڵێک، رێکار، رێژەی بێکاری کەم بکرێتەوە.

 

ڕێکارەکانی کەم کردنەوەی بێکاری :

- گوندەکان ئاوەدان بکرێنەوە و جوتیاران  هان بدرێن بگەڕێنەوە گوندەکان. هەروەها وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی ناوخۆیی هان بدرێن  بۆ ئەوەی سەرمایەکانیان لە ناوخۆدا بخەنە گەڕ و سیاسەتێک بگیرێتە بەر کە ژیان و سامانیان پارێزراو بێت.

- وەبەرهێنانی دەرەکی (بە تایبەت ئەوانەی لە بواری پیشەسازیدا خاوەنی براندی گەورەن) هان بدرێن بە مەبەستی بوژاندنەوەی دەستی کار، لە کوردستان سەرمایەگوزاری بکەن.

- دەرکردنی  یاسای  کار بۆ ئامانجی پارێزگاری لە مافی کرێکاران و خاوەنکاران. هەر لەو یاسادا، دەزگای میری ناچار بە ڕەخساندنی  هەلی کار بۆ  هێزی کار بکرێت.

-گرنگیی زیاتر  بە زانکۆ و پەیمانگا و خوێندنە پیشەیییەکان بدرێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە سەرمایەی هزریی مرۆڤدا بکرێت.

-بە پێی یاسا  ڕێ لە هاتنی کرێکاری بیانیی ناپێویست بگیرێت.

 

 

 

KURDŞOP
707 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!