ترێ ڕەشەی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە پارێزگای سنە 17 هەزار و 461 هێکتار ڕەز هەیە کە لەم ڕووبەرەش 12 هەزار هێکتاری بە شێوەی دێم و 5461 هێکتاریش بە شێوەی بەراوە. زیاتر لە 10 هەزار هێکتار لەم زەوییانە، لە ساڵدا لانیکەم هەشت تۆن ترێیان لە هەر هێکتارێکدا لێ بەرهەم دێت.

کانی

کشتوکاڵ لە پارێزگای سنە

بەشی کشتوکاڵ لە نێو کەرتی ئابووریی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. کەرتی کشتوکاڵ بە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گەشەسەندنی پارێزگای سنە دادەنرێت و وەک پارێزگایەک کە بەهۆی هەبوونی ڕووبەری زۆری زەویی کشتوکاڵی، ڕێژەی بارانبارینی گونجاو، لێژایی گونجاوی زەوی، شێداریی شیاو و کەش و هەوایەکی تایبەت، دەتوانێت  ببێتە جەمسەرێک بۆ گەشەپێدانی بەرهەمە کشتووکاڵیەکان.

بەرهەمی ترێی پارێزگای سنە

 پارێزگای سنە خاوەنی یەک ملیۆن و 220 هەزار هێکتار زەویی کشتووکاڵییە کە 896 هەزار و 235 هێکتار زەویی بەراو و 121 هەزار هێکتار زەویی دێم لە خۆ دەگرێت.

لە پارێزگای سنە 17 هەزار و 461 هێکتار ڕەز هەیە کە لەم ڕووبەرەش 12 هەزار هێکتاری بە شێوەی دێم و 5461 هێکتاریش بە شێوەی بەراوە. زیاتر لە 10 هەزار هێکتار لەم زەوییانە، لە ساڵدا لانیکەم هەشت تۆن ترێیان لە هەر هێکتارێکدا لێ بەرهەم دێت.

 لە ساڵی ڕابردوودا 141 هەزار و 400 تۆن ترێ لە ڕەزەکانی پارێزگای سنە بەرهەم هاتووە کە لەم بڕەش 80 هەزار تۆن لەم بەرهەمانە بە شێوەی دێم و 61 هەزار و 400 تۆنیش بە شێوەی بەراو بەرهەم هاتوون. بەم شێوەیەش پارێزگای سنە لە ڕووی ڕووبەر و بەرهەمهێنانی ترێی وشکەوە لە دوای پارێزگای فارس پلەی دووهەمی هەیە. لە ڕووی ترێی ئاوییشەوە لە پلەی ١٥ی ئێراندایە.

 شاری مەریوان بە بەرهەمهێنانی 37٪ کۆی بەرهمی ترێی پارێزگای سنە لە ڕووی بەرهەمهێنانی ترێوە پلەی یەکەمی لە پارێزگاکەدا بەدەست هێناوە و شارەکانی سەوڵاوا بە 19٪ و بانەش بە 15٪  لە پلەی دووهەم و سێهەمدان.

یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی بەرهەمی ترێی کوردستان سروشتی بوونیەتی. ئەم بەرهەمە، دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسیدان، کە جگە لە خواردنی تازە، کاریگەریی لەسەر دابینکردنی ڤیتامینەکانیش هەیە. لە ڕاستیدا لە چاندنی ئەم بەرهەمەدا کەمترین و هەندێک جار هیچ پەینێک بەکارناهێنرێت، لە لایەکی دیکەوە ترێی ڕەش زیاتر بەشێوەی دێم و پشتبەستوو بە باران دەچێنرێت و ئەمەش وای کردووە چاندنی بەتەواوی لەڕووی ئابوورییەوە گونجاو بێت.

 ڕەچاوکردنی مەودای نێوان ڕەزەکان، هەڵکەندنی چاڵ بە شێوەیەکی دروست، بڕینی لقەکان لە وەرزی پاییز یان بەهاردا، سوودوەرگرتن لە بۆچوونی پسپۆڕانی بواری کشتوکاڵ، ڕێژەی بەرهەمهێنانی ترێی لە هەر هێکتارێکدا زیاد کردووە.

 جۆرەکانی ترێی بەرهەمهێنراو لە کوردستان بریتین لە ترێی کشمیشی بێ تۆو، عەسکەری، فەخری، خوشناو، یاقووتی و ...

ئەو بەرهەمانەی لە ترێ درووست دەکرێن چین؟

ترێ جیا لەوەی وەک میوەیەک بە شێوەی تازە دەخورێ، چەند بەرهەمێکی وەکوو شەربەت ، مێوژ، کشمیش و زەیتی تۆوی ترێ- کە یەکێک لە بەنرخترین بەرهەمەکان لەڕووی ئابووری و تەندروستییەوەیە- سرکە و دۆشاو لێ دروست دەکرێ؛ ئەوەش وادەکات ترێ ڕۆڵێکی گرنگ لە ئابووریی کوردستاندا بگێڕێت.

قازانجی ترێ ڕەشەی کوردستان لە گیرفانی بازرگانان

 بە هۆی نەبوونی کارگە و بازاڕی پێشکەوتوو لە پارێزگای سنە، ئەو ترێ ڕەشەی لەوێ بەرهەم دێت ناتوانرێ لە بازاڕەکانی ناو پارێزگاکەدا بفرۆشرێ و لەلایەکی دیکەشەوە، چونکە تێچووی گواستنەوەی زۆرە، ناتوانرێ ببرێ بۆ کارگەکانی پارێزگاکانی دیکە، بۆیە دەبێت بفرۆشرێ بە دەڵاڵەکان و قازانجێکی کەمی بۆ خاوەن باخەکان هەیە و قازانجی سەرەکیی ئەم بەرهەمە دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکانەوە.

 پەرەپێدانی بازاڕەکانی هەناردەکردن بۆ بەرهەمەکانی کەرتی کشتوکاڵ، باشترکردنی توانای کێبڕکێی هەناردەکاران لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، باشترکردنی کوالیتی و زیادکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەناردەکردنی کەرتی کشتوکاڵ و ناساندنی براندە نوێیەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ  و و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان لە پارێزگای سنەدا بگێڕێت.

بەڵام ئەوەی کە کشتوکاڵ یەکێکە لە تەوەرە هەرە گرنگەکان لە گەشەپێدانی پارێزگاکەدا و وەک بڕبڕەی پشتی خۆشگوزەرانیی ئابوورییە، زۆربەی کات لەلایەن بەرپرسانەوە پشت گوێ خراوە.

 

KURDŞOP
689 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!