٣/٢٧/٢٠٢٣
فەرهاد سلێمانپوور
سەبارەت بە داهاتووی ئیران لە ماوەی ئەم شۆڕشەی ژینا، تەنیا باسی گرنگیی دێموکراسیی سیاسی کراوە و لایەنی ئابووری کە مەبەست لێی سیستەمی ئابووریی ئازادە لە بیرکراوە. کەس حاشا لە گرنگیی دێموکراسیی سیاسی ناکات، بەڵام بەبێ بوونی سیستەمێکی ئازادی ئابووری ناتەواوە. سیستەمی ئابووری و سیاسی پێوندییەکی قووڵ و ڕاستەوانەیان لەگەڵ یەکتردا هەیە، پەرەسەندنی ئازادیی ئابووری، پەرەسەندنی دێموکراسیی لێ دەکەوێتەوە.
زۆربەی حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییەکان لەڕووی ئیحساس و نەزانینەوە باس لە ئابووریی سۆسیالیستی کە چەشنێکی ئابووریی دەوڵەتییە بۆ دواڕۆژ دەکەن و لەوە بێ ئاگان کە سیستەمی ئابووریی سۆسیالیست،ی چ لە تیۆری و چ لە کردەوە و چ لە ڕووی ئەزموونەوە سیستەمێکی شکستخواردوو و بێ ئاکام و بێ بەرهەمە.
ئاکامی سیستەمی ئابووریی سۆسیالیستی، دیکتاتۆریی گرووپی پلاندانەر و خاوەن دەسەڵاتە، نموونەی ئەمەش ئەزموونی سۆڤیەتی پێشوو، چینی سەردەمی مائۆ، ئاڵمانی ڕۆژهەڵات و وڵاتانی سۆسیالیستیی دیکەی ئەورووپای بەر لە دەیەی هەشتا و کۆریای باکووری ئێستایە. ئەزموونی ئەو وڵاتانە نیشانی دەدات کە ئابووریی سۆسیالیستی پێچەوانەی دروشمەکانی بەرهەم دەهێنێ و لەو وڵاتانەدا بوووەتە هۆی هەژاری و نایەکسانیی زۆر، پاشکەوتن و لە کۆتاییدا داڕمانی ئابووریی ئەو وڵاتانە. لەڕووی سیاسیشەوە ئەو وڵاتانە بە وڵاتانی دیکتاتۆر پۆلێن دەکرێن و بەهۆی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاوە نزیکەی 110 ملیۆن کەسی بێ تاوانیان بە تۆمەتی دژایەتیی شۆڕش و دژایەتیی کۆمۆنیسم کوشتن و لاپەڕەیەکی ڕەشیان لە مێژوی خۆیاندا تۆمار کرد.
سیستەمی ئابووریی ئێران سیستەمێکی دەوڵەتییە (ئەگەرچی لە کاروباری ڕۆژانەی کۆمپانیاکانیاندا لە بازاڕی ئازاد کەڵک وەردەگرێت) و کەسی یەکەمی ئەو ڕژێمە، عەلی خامەنەیی و سپای پاسداران خاوەنی زیاتر لە سەدا هەشتای ئابووریی ئێرانن و کۆنتڕۆڵی دەکەن و، هەر ئەم بەرژەوەندیە مادیەش وایکردووە سپای پاسداران، بە چنگ و ددان ئەو سیستەمە سیاسییە نادیموکراتییە دەپارێزن. لەم سیستەمەدا کەرتی تایبەت هێچ دەورێکی نییە و خاوەنداریەتیی تایبەتی تا ئەو کاتە مۆڵەتی پێ دەدرێ و ڕێزی لێ دەگیرێ کە سپای پاسداران ڕای لەسەر بێت. بۆیە هیچ سەرچاوەیەکی دارایی لە دەرەوەی ئابووریی سپای پاسداران بۆ دابینکردنی چالاکیی مەدەنی لەگۆڕێ نییە و هەر ئەمەش وای کردووە کە چالاکیی مەدەنی نەتوانێ بەرگە بگرێ و ئەگەریش بەرگە بگرێ پاش ماوەیەک بە تۆمەتی ئەوەی سەرچاوەی دەرەکی پاڵپشتییان دەکات بەرەوڕووی یاسا دەکرێتەوە.
لە سیستەمی ئابووریی دەوڵەتیدا (سۆسیالیستیدا)، لەبەرئەوەی سەرچاوەی دارایی بە دەست دەوڵەتەوەیە، ئەوا میدیا و ڕۆژنامەوانی بێ لایەن و بەرپرسیار، سیاسەتمەداری ڕاستگۆ، حیزبی ڕاستەقینە، پارلەمەنتاری خەڵکپەسەند و بەگشتی کۆمەڵگەی مەدەنی سەرهەڵنادات، لەگەڵ سەرهەڵدانیشیان یان بەرەوڕووی زیندان دەکرێنەوە یان ڕاو دەنرێن و پەڕیوەی وڵاتانی تر دەبن، چونکە لەڕووی داراییەوە کەرتی تایبەت لە ئارادا نییە تا پشتی پێ ببەستن؛ ئابووریەکە دەوڵەتییە و ئەگەر ڕووی لێ بنێن حکوومەت چۆن دێت لە دژی خۆی یارمەتییان بدات! ئەوەی هەیە یان سەر بە ئەون یان دژی ئەون. کەواتە ئابووریی دەوڵەتی لە خۆیدا دژی هەر چەشنە ئازادییەکە و ناهێڵێت ئامرازەکانی ئازادی سەرهەڵبدەن و لە ڕیشەدا وشکیان دەکات.
ئابووریی ئازاد کە کەرتی تایبەت تێیدا باڵادەستە، بە واتای ئەوەیە لای خەڵک بەهێزە و چاودێرە لەسەر حکوومەت و پشتوپەنای ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەوان، خەڵکی خاوەن فکر و ڕا، "ئین جی ئۆ"کان و حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتە، پاڵپشتی کۆمەڵگەی مەدەنییە و ئامرازی بەرەوپێشچوونی دیمۆکراسییە. کەرتی تایبەت کە تایبەتمەندیی سەرەکیی بازاڕی ئازادە، چاودێرە لەسەر حکوومەت و ڕۆڵی هاوسەنگکەر دەگێڕێت. بەبێ بوونی ئابووریی ئازاد، مانەوەی سیستەمی دیمۆکراتێک گەرەنتی ناکرێت. کەواتە ئابووریی ئازاد و دێموکراسیی سیاسی دوو تای تەرازووی ئازادین و پێویستە باسی ئابووریی ئازاد وەک پێویستییەکی بنەڕەتی بۆ دێموکراسیی دواڕۆژ بهێنرێە ڕۆژەڤ و گەنگەشە بکرێت. لەبیرکردنی ئەم تای تەرازووەی ئازادی، داهاتووی ئێران تەمومژاوی دەکات و دیار نییە چی لێدێت.