ورمێ جگە لە زێڕ و چەند کانزایەکی گرانبەها خاوەنی 70 ملیۆن تۆن بەردی جوانکارییە

مهاباد نیوەی پێداویستیی هەموو ئێران بۆ باریت بەرهەم دەهێنێت و ساڵانە 110 هەزار تۆن باریت دەخاتە بازاڕەوە.

 

سلێمان تاشان

پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بە دەیان جۆر کانزا و بەردی جوانکاری لەو پارێزگایە هەن کە بوونەتە سەرچاوەی داهات بەڵام خێر و بێریان بۆ پارێزگاکە نییە و حکوومەتیش نەیتوانیوە وەک پێویست بایەخ بەم کەرتە بدات.

بەپێی دوایین ئاماری فەرمانگەی پیشەسازی، کانگا و بازرگانی، پارێزگای ورمێ جگە لە چەند کانێکی زێڕ و کانزای گرانبەها، خاوەنی 70 ملیۆن تۆن یەدەگی بەردی جوانکارییە کە کەمێک لەو بەردە دەرهێنراوە و خراوەتە بازاڕەوە و بەشێکی زۆری هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە و دەرنەهێنراوە. بەردەکان لە جۆرەکانی مەرمەریت، تەراوەرتەن، گرانیت، مەڕمەڕ و چەند جۆری دیکەن.

توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی ئەم جۆرە بەردانە لە پارێزگای ورمێ دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆنە بەڵام تەنیا ملیۆنێک و 350 هەزاری پێ  بەرهەم هاتووە. لە کۆی ئەو جۆرە بەردانەی بەرهەم دەهێنرێن  10% لە جۆری مەڕمەڕ، 8% لە جۆری گرانیت، 5% لە جۆری چینی و ئەوەی تری 49% مەرمەریت و 28% تەراوەرتەنە.

یەکێک لە گرنگترین ئەو کێشانەی کە بەربینگی کەرتی کانزاکانی ورمێی گرتووە ئەوەیە مادەکە بە خاوی بۆ پارێزگاکانی تر دەگوازرێتەوە و لەوێ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و دەخرێنە بازاڕەوە.

هەرچەندە لەو کەرتەدا هەلی کار بۆ پێنج هەزار و 289 کەس دابین کراوە و قەبارەی وەبەرهێنانی کەرتەکە دەگاتە 573 ملیارد تمەن، بەڵام ئەمە لەچاو قەبارەی دەوڵەمەندیی پارێزگاکە بە کانە جیاوازەکان کەمە و دەبوایە تەنیا ئەو کەرتە کۆتایی بە ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکە هێنابا.

سێ کارگەی تایبەت بە بڕینی بەرد لە باکوور و ناوەند و باشووری پارێزگاکە هەن کە بەردەکان بۆ شێوەی جیاواز دەگۆڕن کە وەڵامدەری پێویستییەکان نییە و بەشی زۆری بەرد و کانزاکان بۆ پارێزگاکانی تر دەگوازرێنەوە؛ لەکاتێکدا دەبوایە پێچەوانە با چونکە بەرهەمی پارێزگاکانی تریش لە ورمێوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.

هاوسنووربوونی ورمێ لەگەڵ سێ وڵاتی جیهان و هەڵکەوتوویی ئەو پارێزگایە لەسەر ڕێگەی ئێران بەرەو ئەورووپا لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی پارێزگاکەن بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو کاتێک دەسەڵاتی ناوەندی بە دیدێکی ئەمنی لە پارێزگاکەی ڕوانیوە، پەرەی بە ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندن نەداوە و بە خاوی بەرهەمەکانی بۆ شوێنەکانی تر گواستووەتەوە.

هەر بەپێی دوایین  ئاماری فەرمانگەی پیشەسازی، کانگا و بازرگانیی، 523 کانگا لە شارە جیاجیاکانی پارێزگای ورمی هەن کە 65% لەوانە چالاکن و بە فەرمی کار دەکەن و ساڵانە بە یەکەوە 18 ملیۆن و 390 هەزار تۆن مادەی کانزایی دەخەنە بازاڕەوە. بۆ نموونە لە مهاباد نیوەی پێداویستیی هەموو ئێران بە باریت بەرهەم دەهێنێت  و ساڵانە 110 هەزار تۆن باریت دەخاتە بازاڕەوە.

ئامارەکان دەری دەخەن کە نزیکەی 8% لە کۆی بەرهەمهێنانی بەرد لە ئێران پێوەندیدارە بە بەردی جوانکاری و، پەرەپێدانی ئەو کەرتە دەتوانێت کاریگەریی زۆر باشی لەسەر ڕەخساندنی هەلی کار هەبێت.

عەبدولحەمید سەرتیپی بەڕێوەبەری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ورمێ بە میدیاکانی حکوومەتی ئێرانی ڕاگەیاندووە ئەگەر سەرجەم توانای کارگەکان بۆ بەرهەمهێنانی بەردی جوانکاری بەگەڕ بخرێت، ئەوا پارێزگای ورمێ بە تەنیایی دەتوانێت 10% لە بەردی جوانکاریی تەواوی جیهان دابین بکات.

یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی بەردەم کەرتی کانزایی ئەوەیە هێشتا حکوومەت نەیتوانیوە ژێرخانی کانگەکان و ڕێگاکان ئاوەدان بکاتەوە. حکوومەت نەیتوانیوە وامی پێوسیت بخاتە خزمەتی کارگە و وەبەرهێنەران و گرنگی بە کەرتی ڕێگاوبانیش نەداوە.

لە هەموو ئێران 68 جۆر مادەی کانزایی دۆزراونەتەوە کە لە کانەکان هەن و 51 جۆر لەو کانزایانە لە پارێزگای ورمێ هەڵکوتوون. لەو 51 جۆر کانزایە 31 جۆریان دەردەهێنرێن و 20 جۆریش لە قۆناغی وەبەرهێناندان. جگە لە بەردەکانی جوانکاری کۆمەڵێک کانزای گرانبەهای وەک زێڕ ، زیو، تیتان ، باریت، ئاسن و مس و چەند جۆرێکی تری بەردی گرانبەها دەردەهێنرێن.

راستە ورمێ لە کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانی پێگەیەکی گرنگی هەیە، بەڵام شارەزایانی ئابووری پێیان وایە ورمێ تەنیا بە بەرد و کانزاکانی دەتوانێت زۆر خێرا گەشە بکات و لە لایەک ببێتە هۆی باشتربوونی ژیانی دانیشتووانی و لە لایەکی تر ڕۆڵی کارا بگێرێ لە بەرزکردنی داهاتی وڵات، کێشە ئەوەیە پارێزگاکە هاوشێوەی پارێزگاکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەراوێزخراو و داگیرکراوە و ئەوانەی ئیدارەی پارێزگاکەیان بەدەستەوەیە بۆ پێشخستنی پارێزگاکە نەهاتوون بەڵکوو هاتوون بە تاڵانی ببەن.

 

 

 

 

KURDŞOP
888 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!